رۆژنامەی ھەولێر

كە دەست لە نووسین هەڵدەگریــــــــــــــــــــــــت، وا دەزانی داچۆڕاوی، كەچی تازە پڕ دەبیتەوە

وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر

 

ئەمە چاوپێكەوتێكی (جۆرج پلیمپتۆن ـ George Plimpton)ـە لەگەڵ چیرۆكنووسی بەنێوبانگی (ئێرنێست هەمینگوای ـ Ernest Hemingway) لە لە قاوەخانەیەكی مەدرید لە ساڵی ١٩٥٤ی زایینی.

ئێرنێست هەمینگوای لە خەوژووری ماڵەكەیدا دەنووسێت لە گەڕەكی سان فرانسیسكۆ دێ پاولا لە هاڤانا. ژوورێكی تایبەتی كاری بۆ ئامادە كراوە لە تاوەرێكی چوارگۆشە لە باشووری ڕۆژئاوای ماڵەكە، بەڵام ئەو پێی باشترە لە ژووری نووستنەكەیدا كار بكات، تەنها كاتێك دەچێتە ژووری كارەكەی لە نهۆمی سەرەوە، كە “كاراكتەرەكان” ناچاری بكەن.
ژووری نووستنەكە لە نهۆمی خوارەوەیە و لەگەڵ هۆڵی ماڵەكە پێكەوە گرێدراون. دەرگاكەیان واڵایە هاوشێوەی كتێبێكی ئەستوور بە ناوونیشانی “بزوێنەرەكانی فڕۆكەی جیهان”. ژووری نوستنەكە گەورەیە، خۆرگیرە، پەنجەرەكانی ڕووەو ڕۆژهەڵات و باشوورن و ڕۆشنایی خۆرەكە دەزێتە سەر دیوارە سپییەكان و كاشیە زەردەكان.
ژوورەكە دابەش كراوە بۆ دوو گۆشە بە جووتێك كتێبخانەی بەرز تا سینگی مرۆڤ و دوو گۆشەكەی بەرامبەریان دیوارن. نوێنێكی گەورە و نزمی دووكەسی تێدا دانراوە، پێڵاوە گەورەكان بە ڕێكوپێكی لە بنی نوێنەكە ڕیز كراون، هەردوو مێزە بچووكەكەی تەنیشتی نوێنەكە حەوت كتێبیان لەسەر دانراوە. لە كونجەكەی تریش مێزێكی گەورەی بەرزی لێیە بە دوو كورسییەوە. سەر مێزەكەش پڕە لە كاغەز و یادگاری كە بە ڕێكی دانراون. لە دواوە، لە كۆتایی ژوورەكە، دۆڵابێكی جل هەیە كە پێستی پڵنگێكی بەسەردا دراوە. دیوارەكانی تر بە شێوەی كتێبی سپی ڕەنگ كراون تا سەر ئەرزەكە و لە سەرەوەش ڕۆژنامە كۆنەكان و گۆڤاری گابازی و كۆمەڵێك نامەی بە لاستیك پێچراو هەن.
لەسەر یەكێك لە كتێبخانە شپڕێوەكان ـ ئەوەی لە تەنیشت پەنجەرەی ڕۆژهەڵات هەڵكەوتووە و سێ پێ دوورە لە نوێنەكە ـ مێزی كارەكەی هەمینگوای دانراوە ـ ئەو شوێنە، شوێنێكی تەسكی چوارگۆشەیە كە بە كتێب دەورە دراوە و لە لایەكی تریشەوە كۆمەڵە كاغەز و ڕۆژنامە و دەستنووس دانراوە. دەزگای تایپكردنەكە و تەختەیەك بۆ لەسەردانانی كتێب بۆ خوێندنەوە و پێنج یان شەش پێنووس و پارچە كانزایەك بۆ لەسەردانانی كاغەزەكان دانراوە تا ئەو كاتەی كە با لە پەنجەرەی ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدەكات، كاغەزەكان نەبات.
هەمینگوای، عادەتێكی كاری كە هەر لە سەرەتاوە هەیبووە، ئەوەیە كە بە وەستانەوە دەنووسێت. بە جووتە پێڵاوە زلەكانی لەسەر پێستی گا ڕادەوەستێت ـ دەزگای تایپكردنەكە و تەختەی خوێندنەوەكە لە بەرامبەری و بە بەرزی سینگی دانراون.
كە هەمینگوای دەست بە پڕۆژەیەك دەكات، بە پێنووس دەست بە نووسین دەكات، تەختەی خوێندنەوەكەی بەكار دەهێنێت بۆ نووسین و لەسەر كاغەزی ناسكی دەزگای تایپكردنەكەی دەینووسێتەوە. دەستەیەك كاغەزی سپی لەسەر تەختەیەكی كاغەزدانان لە لای چەپی دەزگای تایپكردنەكەوە دادەنێت و ئیتر لە كاتی نووسین كاغەزەكان دانەبەدانە دەردەهێنێت. كاغەزەكە بە لاری لەسەر تەختەی خوێندنەوەكە دادەنێت، بە دەستێكی كاغەزەكە دەگرێت و بە دەستەكەی تری دەنووسێت و پڕی دەكاتەوە هەڵبەت بە كەمێ خاڵبەندییەوە، پیتەكانی گەورەن و زۆرجار خاڵ بە x دیاری دەكات. كە لاپەڕەكە تەواو دەبێت، بەراوپشت لەسەر تەختەیەكی تر دایاندەنێت كە لە ڕاستی دەزگای تایپەكردنەوەكەی دانراوە.
هەمینگوای تەنها كاتێك دەست بۆ دەزگای تایپكردنەكەی دەبا و تەختەی خوێندنەوەكە لادەبات، كە نووسینەكە بە خێرایی و باشی بەڕێوە بچێت، یان كاتێك نووسینەكە ـ بەلانیكەم ـ سادە بێت: وەك گفتوگۆ، بۆ نموونە.
ڕۆژانە چاودێری پێشكەوتنەكانی خۆی دەكات. هێڵكارییەكی گەورەی لای سەندووقێكی كارتۆن دروست كردووە و بە دیوارەوەی هەڵواسیوە. ژمارەكان لەسەر هێڵكارییەكە جوان دەردەكەون و ئەم ژمارانەش بەرهەمی ڕۆژانەی ئەو وشانەیە كە دەیاننووسێت. لەسەر هێڵكارییەكە ژمارەی ٤٥٠، ٥٧٥، ٤٦٢، ١٢٥٠، تا ٥١٢ تۆمار كراون. ئەمەش نیشاندەری كاری زیادەی هەمینگوایە تا تاوانبار نەبێت بەوەی كە ئەگەر ڕۆژی دواتر چووە ماسیگرتن لە كەنداوی (گەلف ستریم ـ the Gulf Stream)، قسەی هەبێت بۆ گوتن.
پیاوێكی خووكارە، هەمینگوای مێزە گونجاوەكەی كونجەكەی تر بەكار ناهێنێت. ئەگەرچی شوێنی زیاتری هەیە بۆ نووسین، ئەویش شتی جۆراوجۆری هەیە: كۆمەڵێ نامە، بووكەڵەی شێرێكی پڕكراو لەو یاریانەی كە لە شوێنە گشتییەكانی شەوانی بڕۆدوەی دەفرۆشرێت، كیسەیەكی پڕ لە ددانی ئاژەڵخۆران، فیشەكی تفەنگ، چەقۆیەكی پێڵاو؛ شێرێكی لە دارتاشراو، كەركەدەن، دوو كەریی زێبرا، و بەرازی كووڵكدار ـ ئەم دواییانە بە ڕیز و بە ڕێكی لە سەر مێزەكە دانراون ـ و، بێگومان كتێبیش. كتێبی دیكەش لەسەر مێزە چكۆڵەكان بە شێوەی هەرەمەكی دانراون ـ ڕۆمان، مێژوو، كۆمەڵە شیعر، درامی، وتار بە ناوونیشانی جۆراوجۆرەوە.
لەسەر تەختە كتێبەكەی بەرامبەر هەمینگوای كە تا ئەژنۆی دێت، ئەم كتێبانە هەن: (خوێنەری باو ـ The Common Reader)ی (ڤێرجینیا وۆلف ـ Virginia Woolf’s)، (ماڵێكی دابەشكراو ـ House Divided)ی (بێن ئەیمز ویلیامز ـ Ben Ames Williams)، (خوێنەری پارتیزان ـ The Partisan Reader)، (كۆمار ـ The Republic)ی (چارڵز ئەی بێرد ـ Charles A. Beard)، (هێرشی ناپلیۆن بۆ سەر ڕووسیای تارلێ ـ Tarle’s Napoleon’s Invasion of Russia)، (چۆن گەنج دەردەكەویت ـ How Young You Look)ـی (پێگی وود ـ Peggy Wood)، (شكسپیر و دەستی ڕەنگكەری ئاڵدن بڕووكس ـ Alden Brooks’s Shakespeare and the Dyer’s Hand)، (ڕاوی ئەفریقیی بالدوین ـ Baldwin’s African Hunting)، شیعرە كۆكراوەكانی (تی ئێس ئەلیۆت ـ T. S. Eliot)، و دوو كتێب لەسەر كەوتنی (جەنەڕاڵ كەستەر ـ General Custer) لە شەڕی (لیتڵ بیگ هۆرن ـ Little Big Horn).
ژوورەكە، سەرەڕای هەموو ئەو شپڕێوییەی كە لە یەكەم نیگادا دەیبینی، كەچی پیشانیش دەدات كە خاوەنەكەی لە بنەڕەتدا ڕێكوپێكە و ناتوانێت هیچ شتێك فڕێبدات ـ بەتایبەتی ئەگەر بەهای سۆزداریی پێوە بەستراوە بێت. لە سەرەوەی یەكێك لە كتێبخانەكان كۆمەڵە یادگارییەكی سەیر دیارە: چێلەكەیەكی دروستكراو لە مەرجان، كیسەڵێكی كانزایی، مۆدێلی بچووكی هێڵی ئاسن، دوو جیپ و گۆندۆلایەكی ڤێنیسی، ورچێكی یاری بە كلیلدانێكەوە، مەیمونێك جووتە كانزایەكی پانی مۆسیقا لێدانی هەڵگرتووە، گیتارێكی بچووك، و مۆدێلێكی بچووكی فڕۆكەی دوو باڵی دەریایی ئەمریكا (تەگەرێكی نەماوە) بەرەو خوار و لەسەر بازنەیەكی گڵین دانراوە ـ هەموو ئەو شتە كۆكراوانە كە لە كارتۆنێكی هاوشێوەی پێڵاو دەردەكەون، لە پشت دۆشەكێكی كوڕێكی بچووكەوە دەردەكەون. ئاشكرایە، ئەم شتانە هەروەك سێ قۆچی گای بوفالۆ گرنگن كە هەمینگوای لە ژووری نووستنەكەی هەڵیگرتوون. بەهاداربوونی ئەو شتانە بە قەبارە نییە، بەڵكو بەهۆی ئەو یادەوەریانەن كە لە پشتیوانەوەن و وەك خۆی دەڵێت: “دڵخۆشم دەكەن كە سەیریان دەكەم”.
هەمینگوای لەو كەسانەیە كە ددان بەم جۆرە باوەڕە پووچانەدا دەنێم، بەڵام پێشی باشترە قسەیان لەبارەوە نەكات، ڕەنگە ئەم هەستە بە قسەكردن لەسەری لەناو بچێت. هەمان هەڵوێستی هەیە لەبارەی نووسینیش. چەندین جار لە ماوەی ئەم چاوپێكەوتنە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە پیشەی نووسین نابێت بە لێكۆڵینەوەی زیادەڕۆ زیانی پێبگات ـ “ئەگەرچی بەشێك لە نووسین هەیە كە ڕەق و سەختە و زیانێكی پێناگات بە قسەكردن لەبارەیەوە، بەشەكەی تر ناسكە و ئەگەر قسەی لەبارەوە بكرێت، پێكهاتەكە دەشكێت”.
هەمینگوای، ئەگەرچی چیرۆكبێژێكی سەرسوڕهێنەرە، بەڵام پیاوێكی قسەخۆش و لەو ڕووەوە دەوڵەمەند و خاوەن زانیارییەكی سەرسامكەرە. لە هەمینگوایدا قسەكردن لەبارەی نووسین قورسە ـ نەك لەبەر ئەوەی كە بیرۆكەی كەمی هەیە لەسەر بابەتەكە، بە پێچەوانەوە بەهۆی ئەوەی زۆر بەتوندی هەست دەكات ئەم جۆرە بیرۆكانە دەبێت بە كڕی بمێننەوە و پرسیاركردن لەبارەیانەوە “دەمتۆقێنێت”، بە شێوەیەك كە ئیتر ناتوانێت قسە بكات. زۆرێك لە وەڵامەكانی ئەم چاوپێكەوتنە پێی باشتر بوو لەسەر تەختەی خوێندنەوەكەی ئامادەیان بكات. ئەو كەمە دەنگە تووڕەییەی وەڵامەكانیش بەشێكە لەم هەستە بەهێزەی كە نووسین كارێكی تایبەت و تاكەكەسیانەیە، بێ ئەوەی پێویستی بە شایەت هەبێت.
ئەم خۆتەرخانكردنە بۆ هونەرەكەی لەوانەیە جۆرە كەسایەتییەك پێشنیار بكات كە ناكۆكە لەگەڵ هەمینگوایەكی هەڵچوو و بێخەم و جیهانگەرا. لەگەڵ ئەوەشدا كە هەمینگوای چێژ لە ژیان وەردەگرێت، خۆتەرخانكردنێكی بێهاوتاشی بۆ هەموو شتێك هەیە كە ئەنجامی دەدات ـ نیگایەك كە لە بنەڕەتدا جدییە، لەگەڵ تۆقینێك بەرامبەر نادروستی، ساختەكاری، فرتوفێڵ.
هیچ شوێنێك نییە بۆ خۆتەرخانكردنی هونەرەكەی جگە لە ژووری نوستنەكەی نەبێت ـ كە بەیانی زوو هەڵدەستێت بۆ ئەوەی بە وەستانەوە و لەبەردەم تەختەی خوێندنەوەكەی دەست پێ بكات. كاتێك كارەكە باش بەڕێوە دەچێت، ئارەقەیەكی زۆر دەكات، لە بەرامبەریشدا وەك منداڵێك دڵتەنگ دەلبێت بەوەی كە كارەكەی لێ تێك دەچێت ـ بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت تا نزیكەی نیوەڕۆ، ئیتر دواتر گۆچانێك هەڵدەگرێت و ماڵەكە بەجێ دەهێڵێت و ڕوو لە حەوزی مەلەكەی دەكات.
***
ـ ئایا ئەو كاتژمێرانەی كە سەرقاڵی نووسینی، خۆش و چێژبەخشن؟
ئێرنێست هەمینگوای: زۆر
ـ دەتوانیت شتێك لەبارەی ئەم پڕۆسەیەوە بڵێیت؟ كەی كار دەكەیت؟ ڕێگەیەكی توند پەیڕەو دەكەیت؟
ئێرنێست هەمینگوای: كاتێك لەسەر كتێبێك یان چیرۆكێك كار دەكەم، هەموو بەیانییەك دەنووسم، واتە هەر زوو و لە بەرەبەیانەوە بە دەركەوتنی یەكەم تیشكی خۆر دەست پێ دەكەم، هەڵبەت ئەگەر گونجاو بێت و كەس نەبێت لێت تێك بدات و فێنك بێت و بە ساردی دێیت و بە گەرم دەبیتەوە كە دەنووسیت. ئەوەی نووسیوتە دەیخوێنیتەوە، وەستانەكەش هەمیشە بۆ ئەوەیە تا بزانیت دواتر چی ڕوودەدات، بەو شێوەیە بەردەوام دەبیت و دەنووسیت تا ئەو شوێنەی كە هێشتا هێز و گوڕت تێدا ماوە و دەزانیت دواتر چی ڕوودەدات. ئیتر ئەم هەوڵدانە بەردەوام دەبێت تا دەوەستیت بۆ ئەوەی ڕۆژی دواتر دیسان دەستی پێ بكەیتەوە. دەستپێكردنی نووسین لای من لە كاتژمێر شەشی بەیانیانەوە دەست پێ دەكات و لەوانەیە تا نیوەڕۆ بەردەوام بیت یان پێش ئەوە تەواو بێت. كاتێك دەوەستیت بەتاڵیت و لە هەمان كاتیشدا هەرگیز بەتاڵ نیت بەڵكو پڕ دەبیتەوە، وەك ئەو كاتەی كە خۆشەویستیت لەگەڵ كەسێك كردبێت كە خۆشت دەوێت. هیچ شتێك ئازارت نادات، هیچ شتێك ڕوو نادات، هیچ شتێك واتای نییە تا ڕۆژی دواتر كە دیسان بۆی دەگەڕێیتەوە. چاوەڕوانیكردن بۆ ڕۆژی دواتر قورسە بۆ تێپەڕاندن.
ـ دەتوانیت ئەو كاتەی كە دووریت لە دەزگای تایپكردنەكەت، ئەو پڕۆژەیەی كە كاری لەسەر دەكەیت، لە مێشك و بیری خۆتدا دەریبهێنیت؟
ئێرنێست هەمینگوای: بێگومان. بەڵام پێویستی بە دیسیپلینە بۆی و ئەم دیسیپلینە بەدەست دێت. دەبێت بەدەستی بهێنیت.
ـ ئایا كاتێك هەموو كارەكەت تەواو دەبێت، بە نووسینەكەتدا دەچیتەوە؟
ئێرنێست هەمینگوای: هەمیشە و هەموو ڕۆژێك دووبارە لەو خاڵەی كە وەستام دەنووسمەوە و پێشیدا دەچمەوە. بێگومان سەیری دەكەمەوە. دەرفەتێکی تر دەدەمە نووسینەكە بۆ ڕاستكردنەوە و دووبارەنووسینەوە تۆ لە دووبارە پێداچوونەوە پاك و خراپی و هەڵەی چاپەكە دەبینیت. دوا چانس لە بەڵگەکاندایە. تۆ سوپاسگوزاریت بۆ ئەم چانسە جیاوازانە.
ـ چەندە پێداچوونەوە و هەڵەبڕی بۆ نووسینەكانت دەكەیت؟
ئێرنێست هەمینگوای: ئەمە پەیوەستە بە بابەتەكەوە. لە ڕۆمانی (ماڵئاوایی لە چەك) سیونۆ جار كۆتاییەكەیم نووسییەوە تا پێۆ ڕازی ببم.
ـ كێشەی تەكنیكی تێدابوو؟ چی بوو كە تووشی شۆكی كردبوویت؟
ئێرنێست هەمینگوای: نووسین و وەرگرتنی وشەكان بە دروستی.