ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.2.5، بە ئامادەبوونی ڕێزدار سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆك بارزانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم و ژمارەیەكی تر لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی و کونسڵ و نوێنەر و نێردەی وڵاتان و هاوڵاتییان، یازدەمین پێشانگەی “ئۆتۆ شۆ” لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی ھەولێر بۆ ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی یەدەگ و جوانکاری بە بەشداریی 142 کۆمپانیا كرایەوە.
پێشانگاكە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لە کاتژمێر 11ـی بەیانی تاوەکو کاتژمێر 7ـی ئێوارە بە ڕووی سەردانیکاران کراوە دەبێت، لە پێشەنگاكەدا 13 بڕاند بەشداری كردووە کە هەشتیان تایبەتن بە ئۆتۆمبێل و پێنج بڕاندیش لە بواری پارچەی یەدەگ و جوانکارین، هاوکات 12 وڵاتی وەک؛ ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، چین، یابان، تورکیا، میسر، ئیمارات، عێراق، هیندستان و ئێران بەشدارن.
جێگەی باسە، بۆ سێیەمین ساڵ لەسەر یەک، پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر گەورەترین ڕووداوی بازرگانی لەسەر ئاستی عێراق لە بواری ئۆتۆمبێل ڕێکدەخات، کە تێیدا ژمارەیەکی پێوانەیی لە بڕاندە جیهانییەکان تۆمار کراون. ئەم پێشانگەیە میوانداریی گەورە پیشەسازییەکانی جیهان دەکات لە بوارەکانی پارچەی یەدەگ و جوانکاری ئۆتۆمبێل، کە بە بەشداریی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئاستێکی باڵا بەڕێوە دەچێت؛ هەروەها وەک لایەنێکی سەرنجڕاکێشی چالاکییەکان، بڕیارە لە سێیەمین ڕۆژی پێشانگەکەدا نمایشێکی تایبەت بۆ ئۆتۆمبێلە کلاسیکەکان ساز بکرێت.

