رۆژنامەی ھەولێر

کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر چۆڵکردنی باڵەخانەی عەنکاوە ڕادەگەیەنێت

کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر تەواو بوونی پرۆسەی چۆڵکردنی باڵەخانە کۆنەکەی له‌ عه‌نكاوه‌ ڕادەگەیەنێت، ئه‌مه‌ش‌ دوای زیاتر له‌ چوارده‌ ساڵ به‌رده‌وامی له‌و باڵه‌خانه‌یه‌ و هاوسۆزی له‌گه‌ل خه‌ڵكی عه‌نكاوه‌.

ئه‌وه‌ش هاتووه‌: بڕیار وایه‌ بەڕێوەبردنی گەرەکەکە رادەستی شارەوانی و خاوەن ماڵەکان بکرێتەوە لە 1 ی شوباتی 2026 به‌دواوه‌ .

لای خۆیه‌وه‌، کونسوڵخانەی ئەمەریکا سوپاسگوزاری خۆی دەردەبڕێت بۆ قائیمقامی عه‌نكاوه‌ و ستافەکەی بۆ پشتیوانی پڕ بەهایان بۆ ڕایی كردنی كاره‌كانی كونسوڵخانه‌ رۆژانه‌، هاوکاریی ئەوان یارمەتیدەر بوو بۆ گەڕاندنەوەی گەڕەکەکە بۆ دۆخی پێشووی خۆی و ڕێگەخۆشکردن بۆ خێزانەکان تا بگەڕێنەوە .

ئه‌وه‌ش هاتووه‌: لە مانگی مایسی 2025 رێككه‌وتنی چۆڵكردنی باڵه‌خانه‌كه‌ واژۆکرا به‌ هەماهەنگی له‌ نێوان کونسوڵخانە و شارەوانیی عه‌نكاوه‌.

لە سەر داوای شارۆچکەی عەنکاوە و بەپێی ڕێککەوتنەکە، کونسوڵخانە ژێرخانی کارەبا و هەندێ شتی تریش وەک پەرژینی ئەمنی و دیواری کۆنکرێتی بۆ بەکارهێنانی شارەوانی بەجێدەهێڵێت.

لە 1 ی مانگی شوباتەوە کۆنتڕۆڵی دەروازەی بەرامبەر بەنزینخانەی بابل ڕادەستی شارۆچکەکە دەکرێتەوە و کردنەوەی ڕێگاکانی تریش بەو جۆرە ئەنجام دەدرێن کە لەلایەن شارەوانیەوە دیاریکراون.

هه‌روه‌ها لە 1 ی مانگی شوبات و ڕۆژانی دواتر، خاوەنی موڵکەکان دەستڕاگەیشتنی تەواوەتیان بۆ موڵک و خانووەکانیان دەبێت.

بەرپرسیارێتی ئاسایشی گەڕەکەکەش ڕادەستی پۆلیس و ئاسایش دەکرێتەوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕێوشوێنانەی دەبنە مایەی ئەوەی کە خاوەن موڵکەکان دەستیان بە موڵکەکانیان ڕابگات.

کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا پێزانینی هەیە بۆ چەندین ساڵ لە بەیەکەوە کارکردن لەگەڵ عەنکاوە و هیوادارە ئەو پەیوەندیە بپارێزین و پەرەی پێبدەین لە داهاتوودا.