ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ی شوباتی 2026، سەرۆک بارزانی لە یازدەیەمین کۆنگرەی تەندروستیی مێزۆپۆتامیا لە هەولێر وتارێکی پێشکەش کرد. سەرۆک بارزانی وێڕای دەستخۆشی لە پزیشکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و تاراوگە، ئەرکی پزیشکیی بە “پیرۆز” وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە تاکی کورد لە بواری زانستیدا خاوەن توانایەکی بەرزە و جێی شانازییە.
سەبارەت بە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵەکانیان بۆ ڕێگری لە کارەساتێکی گەورە و دوورکەوتنەوە لە شەڕی نەتەوەیی بووە. هەروەها ستایشی ئەو یەکڕیزی و جۆش و خرۆشە نەتەوەییەی کرد کە گەلی کورد بۆ هاوکاریی لێقەوماوانی ڕۆژاڤای کوردستان نیشانیان دا، و سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و وەزارەتی تەندروستی کرد بۆ خزمەتەکانیان.
لە تەوەرێکی تری وتارەکەیدا، سەرۆک بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان دووپات کردەوە. سەبارەت بە دۆخی سیاسیی هەرێم و بەغداش، ئاماژەی بە گیروگرفتەکانی بەردەم پێکهێنانی حکوومەت کرد و جەختی لە پێویستیی ڕاستگۆیی و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو کردەوە.
لە کۆتاییدا، سەرۆک بارزانی پەیامێکی پڕ لە ئیرادەی ئاراستەی خەڵکی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: “ئەگەر بڕوامان بە دۆزی خۆمان هەبێت، هەمیشە دۆستمان دەبێت.” جەختیشی کردەوە کە دیالۆگ و ئاشتی باشترین ڕێگەن بۆ چارەسەری ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و دوورکەوتنەوە لە ماڵوێرانییەکانی شەڕ.
دەقی گوتاری سەرۆک بارزانی لە یازدەیەمین کۆنگرەی تەندروستیی مێزۆپۆتامیا
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان،
پێشەکی بەخێرهاتنێکی گەرمی هەمووتان دەکەم. دەستخۆشی لە سەندیکای پزیشکان و بۆردی مێزۆپۆتامیا دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆنگرەیە، کە یازدەیەمین کۆنگرەیە. دەمەوێ بڵێم: هەمیشە دڵ و دەرگای کراوەیە بۆ ئێوە و بۆ ئەم جۆرە چالاکییانە.
ژمارەیەکی زۆر لە پزیشکانی هەر چوار پارچەی کوردستان ئەمڕۆ لێرەن؛ ئەمە جێی شانازییە و جێی ئومێدە بۆ ئێمە. ئەم جۆرە چالاکییانە زۆر زۆر بەقیمەتن. گۆڕینەوەی ئەو زانست و ئەو ئەزموونە، ئەمە هەموو خزمەتێکی گەورە دەکات بە میللەتەکەمان. کارێکی پیرۆزتان کردووە، دەستخۆشیتان لێ دەکەم و سوپاستان دەکەم.
کاری پزیشک کارێکی زۆر پیرۆزە، ڕزگارکردنی ژیانی بەشەرە؛ کارێک نییە لەمە پیرۆزتر هەبێت، لەبەر ئەوە ئێوەش پیرۆزن، چونکە کارەکەی ئێوە و ئەرکی ئێوە ئەرکێکی پیرۆزە. داوای سەرکەوتنتان بۆ دەکەم و بە هەموو هێز و توانایەک لەگەڵ ئێوەین و پشتیوانی ئێوەین.
ژمارەیەک لەو پزیشکە بەڕێزانەی دەرەوەی وڵات بەشدار بوون لەمەدا، هەروەها لە هەر چوار پارچەی کوردستان؛ ئەمە حەقیقەتێک پیشان دەدات کە ئەگەر دەرفەت بڕەخسێت بۆ تاکی کورد، تاکی کورد کەمتر نییە لە خەڵکی تر. شوکر بۆ خوا پرۆفیسۆری زۆر گەورە هەڵکەوتوون، زانای زۆر گەورە هەڵکەوتوون، ئێمە شانازییان پێوە دەکەین.
ئومێدەوارین ئەو کوردانەی تاراوگە، سوود لەم دەرفەتە ببینن هەروەکوو زۆرێک لەم بەڕێزانە سوودیان لەو دەرفەتە وەرگرتووە؛ منداڵەکانیان هان بدەن فێری خوێندن بن، فێری زانست بن لە هەر بوارێکدا بێت. دووربکەونەوە لە شتی نامۆ، دووربکەونەوە لەو شتانەی کە بە زەرەری خۆیان و میللەتەکەیان تەواو دەبێت. لە هەمان کاتیشدا فێریان کەن کە زمان و خاک و میللەتیان لەبیر نەکەن.
بەڕێزان،
من نامەوێ زۆر کاتی ئێوە بگرم، بەڵام هەموومان بینیمان کە ماوەیەک بەرلە ئێستا کارەساتێکی گەورە خەریک بوو ڕوو بدات لە ڕۆژئاوا؛ بەداخەوە. من ناشمەوێ بچمە تەفاسیلی ئەم وەزعە کە بۆ وای لێ هات و چۆن وای لێ هات، بەڵام وەکوو عەرەب دەڵێ: (دفع الله ما کان اعظم). ترسی گەورەی من ئەوە بوو کە ببێتە شەڕی کورد و عەرەب. خۆشتان دەزانن ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، هیچ کاتێک کورد دەستپێشخەر نەبووە بۆ شەڕ. لە هەموو سەرکردە کانی شۆڕشکانی کوردستان، هەمیشە ڕێنمایی ئەوە بووە کە شەڕی ئێمە دژی زۆردارە نەک دژی میللەت. من ترسی ئەوەم هەبوو ببێتە شەڕی کورد و عەرەب کە ئەمە دەبوو بە کارەساتێکی گەورە.
دیسان بۆ وای لێ هات، من ناچمە ناو ئەو تەفاسیلە؛ لە حاڵەتی وادا ئینسان دەبێ دوور لە عاتیفە بڕیار بدات و دوور لە عاتیفە هەنگاو بنێت. ئەوەی پێمان کرا کردمان و ئێمە سەربەرز بین. وەک چۆن وەختی خۆی کە پێویست بوو و هەلومەرج لەبار بوو، پێشمەرگەمان نارد چوون بۆ کۆبانی و شان بە شانی براکانیان شەڕی داعشیان کرد و کۆبانییان ڕزگار کرد. هەلومەرجی ئەمجارە جیاواز بوو، ئەمجارە پێویستی بەوە بوو کە ئاگرەکە بکوژێتەوە. سوپاس بۆ خوا، سوپاس بۆ هەموو لایەنەکانی کە هاوکار بوون، شەڕەکە گەورە نەبوو و نەبوو بە شەڕی کورد و عەرەب. شتی ناخۆش ڕووی داوە، بەڵام دەکرا شتی زۆر زۆر خراپتر ڕوو بدات. ئێستاش ڕێککەوتنێک بووە لە نێوان برایانمان لە ڕۆژئاوا و لەگەڵ حکوومەتی سووریا؛ ئێمە ئومێدەوارین ئەو ڕێککەوتنە بەردەوام بێت. ئەوەی پێمان کرا کردمان بۆ ئەوەی شەڕەکە تەشەنە نەکات.
لێرەدا من بە پێویست دەزانم سوپاسێکی بێپایانی هەموو تاکێکی کورد بکەم لە هەر چوار پارچە و لە دەرەوەش؛ ئەو یەکڕیزییە و ئەو بیرە نەتەوەییەی کە بە هیچ شتێک تەقدیر ناکرێت چەند بەقیمەت بوو و چەند توانای بە هەموومان دا. ئەمە گەورەترین سەرکەوتن بوو. لە لایەکی ترەوە سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەم بۆ ئەو یارمەتیدانە و بۆ ئەو جۆش و خرۆشەی کە بینیمان. بە هەزارەها گەنج خۆبەخش بوون بۆ ئەوەی بچن یارمەتی برایانیان بدەن. سوپاسی هەموو ئەو دامودەزگایانە دەکەم کە چوون بۆ هاوکاری براکانیان و خزمەتیان پێشکەش کردن. بە تایبەتی لێرە دەمەوێ سوپاسێکی بێپایانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بکەم و سوپاسی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش بکەم کە توانیان خزمەتێکی زۆر پێشکەش بکەن بە برایانی ڕۆژئاڤا.
من ئومێدەوارم ئەو یەکێتییەی کە بینیمان لەسەر ئاستی نەتەوەیی، ئەمە ئیتر ببێتە ئەساسێک بۆ داهاتوو و بۆ هەموو ڕووداوێکی کە لەمەودوا ڕوو دەدات. ئێمە نابێ بیر لە شەڕ بکەینەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا زۆری زۆردارانیش قبووڵ ناکەین. ئێمە دوعا دەکەین و تەمەننا دەکەین وەزعەکە بەرەو باشتر بچێت، خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوا ژیانێکی ئاسوودە ببەنە سەر. ئەوەی پێشمان بکرێت درێغی ناکەین لە یارمەتیدانیان.
بە نیسبەت باکوور، ئەمە ساڵێکە یان تۆزێک زیاتریش پڕۆسەی ئاشتی دەستی پێ کردووە؛ ئێمە لە یەکەم ڕۆژەوە پشتیوانیمان لێ کردووە و پشتیوانیی لێ دەکەین. ئومێدەوارین بگاتە نەتیجەیەک کە خێری هەموو لایەکی تێدا بێت.
سەبارەت بە وەزعی ناوخۆی هەرێم و لەگەڵ بەغدا، بەداخەوە هێشتا دوای هەڵبژاردنی پارساڵ، نە لە هەرێم حکوومەت تەشکیل بووە و نە لە بەغداش هێشتا حکوومەت تەشکیل بووە. گیروگرفت زۆرن، دەبێ ئێمە ڕاستگۆ بین لەگەڵ ئێوە و لەگەڵ میللەتی خۆمان، بەڵام لە هەوڵداین بۆ ئەوەی ئەو گیروگرفتانە نەمێنن و چارەسەرێکی گونجاو بدۆزینەوە بۆ هەرێم؛ و بۆ بەغداش ئەوەی پێمان بکرێت هاوکاری برادەرانمان دەکەین لە بەغدا بۆ ئەوەی زوو لەو قەیرانە دەرچین هەم هەرێم و هەم بەغدا. بەڵام گرفت زۆر هەن.
وەزعی ناوچەکەش ئاڵۆزە هەر وەک خۆتان دەبینن. ئێمە تەمەننا دەکەین شەڕ ڕوو نەدات لە نێوان هیچ لایەکدا، چونکە خراپترین شت شەڕە. ئومێدەوارین ئەو گیروگرفتانەی هەن و ئەو ناکۆکییانەی لە نێوان ئەم دەوڵەتانەدا هەن، بە شێوەیەکی دیالۆگ و بە ئاشتی چارەسەر بکرێن، چونکە شەڕ بە زەرەری هەموو خەڵکی ناوچەکەیە و بە زەرەری هەموو لایەکە.
لە کۆتاییدا من پیرۆزبایی ئەم کۆنگرەیەتان لێ دەکەم و دڵنیاتان دەکەمەوە کە بە هەموو توانایەک پشتیوانتانین. داوای سەرکەوتنتان بۆ دەکەم. ئەبێ بزانین ئەگەر ئێمە ئیرادەمان هەبێت و بڕوامان بە دۆزی میللەتەکەمان هەبێت، هەمیشە دۆستمان هەیە. ئەگەر ئیرادەمان نەبێت و ئامادە نەبین و بڕوامان بە خۆمان نەبێت، کەس دۆستی ئێمە نییە؛ ئەمە زۆر چاک بزانن.
لە کۆتاییدا سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاکی هەموو شەهیدان، سڵاو بۆ هەموو خوشک و برایانی کورد و کوردستانی لە هەر کوێیەک کە هەن. داوای سەرکەوتنتان بۆ دەکەم و ئیشەڵڵا کوردستان هەمیشە لە خۆشیدا بێت.

