رۆژنامەی ھەولێر

هۆکارەکان و کەی جێگەی مەترسین؟

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

 

زۆرێک لە خانمان لە قۆناغە جیاوازەکانی تەمەنیاندا تووشی ئازاری مەمک دەبن، ئەمەش زۆرجار دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ. بۆ ڕوونکردنەوەی هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە، د. بنار ئەحمەد دزەیی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون، کۆمەڵێک زانیاری گرنگ و زانستی دەخاتە ڕوو کە یارمەتیدەرن بۆ ناسینەوەی سەرچاوەی ئازارەکە.

بە گوتەی د. بنار، هۆکارەکان لە گۆڕانکارییە سروشتییەکانی جەستەوە دەستپێدەکەن تا دەگاتە هۆکارە دەرمانی و فیزیکییەکان:

١. سووڕی مانگانە (هۆکاری سەرەکی)
نزیکەی دوو لەسەر سێی حاڵەتەکانی ئازاری مەمک پەیوەندییان بە گۆڕانکارییە هۆڕمۆنییەکانی (ئیسترۆجین و پرۆجیسترۆن) هەیە لە کاتی سووڕی مانگانەدا. ئەم ئازارە سنووری تەمەنی نییە و لە کچانی ١٤ ساڵانەوە تا خانمانی تەمەن ٤٤ ساڵ دەگرێتەوە. تایبەتمەندی ئەم ئازارە ئەوەیە کە بەگشتی لە هەردوو مەمکدا هەستی پێدەکرێت.

٢. قۆناغی دووگیانی
لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا، جەستەی خانم تووشی گۆڕانکاری خێرای هۆڕمۆنی دەبێت. گەشەکردنی شانەکانی مەمک و پڕبوونی ڕژێنەکانی شیر دەبنە هۆی دروستبوونی ئازار و هەستیاریی زۆر لە گۆی مەمکدا. دکتۆر بنار ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ئازارە کاتییە و زۆربەی کات لە سێ مانگی دووەم و سێیەمی دووگیانیدا کەمدەبێتەوە یان نامێنێت.

٣. شیردانی سروشتی
هەرچەندە شیردان پرۆسەیەکی سروشتییە، بەڵام لە سەرەتادا دەبێتە هۆی ناڕەحەتی و ئازار، بەتایبەت کاتێک منداڵەکە دەست بە مژین دەکات. هەندێكجار بەهۆی تەڕی دەمی منداڵەکەوە مەمک تووشی قڵیشان دەبێت کە لەو حاڵەتەدا پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەیە.

٤. بەکارهێنانی دەرمان
بەکارهێنانی هەندێک دەرمانی تایبەت، وەک:
• دەرمانی دژە سکپڕی (حەبی مەنع).
• چارەسەرە هۆڕمۆنییەکان.
• دەرمانەکانی چارەسەری نەزۆکی. ئەمانە ڕاستەوخۆ کار دەکەنە سەر ئاستی هۆڕمۆنەکان و دەبنە هۆی دروستبوونی ئازاری مەمک.
٥. کیسی مەمک
ئەم حاڵەتە زیاتر لە خانمانی سەروو تەمەن ٣٥ ساڵ باوە. کیسەکان دەبنە هۆی کۆبوونەوەی شلە لە ناو بۆرییەکانی مەمکدا. هەرچەندە زۆربەیان بێ مەترسین، بەڵام کاتێک شلەکە فشار دەخاتە سەر دیواری ڕژێنەکان، ئازارێکی توند دروست دەکەن.

٦. نەشتەرگەری و زەبری دەرەکی
هەر برینداربوونێک یان نەشتەرگەرییەکی پێشوەختە دەبێتە هۆی ئازار. هەندێکجار بەهۆی زەبرێکی کەمەوە، خانە چەورییەکان وشک دەبن و وەک “گرێ” دەردەکەون؛ دکتۆر دزەیی دڵنیایی دەدات کە ئەمانە مەترسیدار نین و زۆرجار پێویستیان بە چارەسەر نییە.

٧. کێشەی ماسولکەکان
هەندێکجار ئەوەی خانمەکە هەستی پێدەکات ئازاری مەمک نییە، بەڵکو ڕاکێشانی ماسولکەکانی سنگە کە بەهۆی ماندووبوون یان بەرکەوتنی زەبرێکی دەرەکییەوە دروست بووە.

کۆتا پەیام: زۆربەی ئازارەکانی مەمک پەیوەندییان بە گۆڕانکارییە ئاساییەکانی جەستەوە هەیە، بەڵام لە کاتی بەردەوامی ئازارەکە یان دەرکەوتنی نیشانەی نائاسایی، سەردانی پزیشکی پسپۆڕ باشترین ڕێگەیە بۆ دڵنیابوونەوە.