رۆژنامەی ھەولێر

(مێگ وۆڵێتزەر). ئەو نووسەرەی لە ڕۆمانەكانیدا هەوڵی نیشاندانی بوونی خۆی دەدات

وەرگێڕانی شۆڕش غەفووری

 

(مێگ وۆڵێتزەر ـ Meg Wolitzer) ڕۆماننووسێكی ئەمریکییە و لە ٢٨ی ئایاری ١٩٥٩ لەدایک بووە. ڕۆماە بەنێوبانگەكانی بریتین لە (هاوسەر ـ The Wife)، (خەوی دە ساڵە ـ he Ten-Year Nap)، (جیابوونەوە ـ The Uncoupling)، (سەرنجڕاکێشەکان ـ The Interestings) و (ڕازیکردنی مێینە ـ The Female Persuasion). مێگ، هاوبەشی بەڕێوەبەری پرۆگرامی هاوڕێیەتیی (بووک ئێندز ـ the BookEnds)ـە لە ستۆنی (برۆک ساوسهامپتۆن ـ Stony Brook Southampton).

ـ لە کوێ گەورە بوویت؟
مێگ: لە (سایۆسێت ـ Syosset)، شارۆچکەیەک لە (لۆنگ ئایلەند ـ Long Island)، یان بە واتایەکی دیکە دەروازەی ژمارە ٤٣.
ـ لە کوێ و چیت خوێندووە؟
مێگ: لە کۆلێژی (سمیس ـ Smith)ـەوە دەستم پێکرد و دواتر چوومە زانکۆی (براون ـ Brown). ئاشقی گۆرانییە بەرز و خۆشەكانی (siren song) بووم (مەبەستی ئەو ژنە ئەفسانەییانەی كە لە نێو ئاو دەهاتنە سەر بەردی ڕۆخ دەریاكان و گۆرانییەكی ئەفسووناوییان دەچڕی) لە براون، بۆیەشە چووم و ئینگلیزیم خوێند.
ـ ئێستا لە کوێ دەژیت و بۆچی؟
مێگ: (مانهاتن ـ Manhattan). لە گەڕەکێکی كلاسیك کە بێدەنگە و دوورە لە هەموو شتێک، ئەمەش ناچارم دەکات بە پێیان زۆر بڕۆم.
ـ ڕۆتینی بەیانیانەت بۆمان باس بکە.
مێگ: بەیانیان كە لە خەو هەڵدەستم، سەگەکەم دەبەم و گەشتێکی پێ دەكەم. کەمێک یاری (سکرابڵ ـ Scrabble)ی ئۆنلاین دەکەم و دواتر دەست بە کارکردن دەکەم.
ـ تکایە سێ کتێب بە خوێنەرەکانت پێشنیار بکە (هەڵبەت هی خۆت نا) و پێمان بڵێ بۆچی حەزت لێیانە؟
مێگ: (خاتوو برێج ـ Mrs. Bridge) لە نووسینی (ئیڤان ئێس. کۆنێل ـ Evan S. Connell)، كتێبێكی خەمبارانەیە. ئەم كتێبە هەر بۆ خۆی هەموو شتێکە. شتی زۆر لەم کتێبەوە فێر بووە. هەروەها كتێبی (گوڵی دیوار لە ئۆرگی ـ Wallflower at the Orgy) لە نووسینی (نۆرا ئێفرۆن ـ Nora Ephron). ئەم كتێبەش پیشانت دەدات کە لە سەرەتاوە چەندە ئاڵۆز و پێکەنێناوی و تیژبین بووینە. كتێبی سێیەم (Eleanor and Park ـ Eleanor and Park)ـە لە نووسینی (ڕەینبۆ ڕاوێڵ ـ Rainbow Rowell) كە کتێبێکی گەنجانەیە و پڕە لە هەست. بە گشتی هەر شتێک دەخوێنمەوە کە پڕ بێت لە هەست، تەنانەت ئەگەر ئامانجەكەشی سەد ساڵ لە من بچووکتر بێت.
ـ باسی ئەوەمان بۆ بكە كاتێك كە بیر لە کتێبێک و پلانەكەی دەکەیتەوە، واتە پێش ئەوەی نووسین دەست پێ بکەیت. حەز دەکەیت پێشوەختە نەخشە و پلانی کتێبە دادەڕێژیت، یا لێدەگەڕێی خۆی بڕوات؟
مێگ: بە شێوەیەک پلانێکی هەشتا لاپەڕەیی پەیڕەو دەکەم. هەشتا لاپەڕە دەنووسم بەبێ ئەوەی نیگەرانی ئەوە بم کە چ دەکەم، یان خەڵک چی لەبارەیەوە دەڵێن، یان تەنانەت وردەكارییەكەی چییە. كە لەو هەشتا لاپەڕەیە تەواو دەبم، پرێنتیان دەکەم و سەیری ئەوە دەکەم کە چیم هەیە و چیم كردووە، بە جیاوازی ئەو خەیاڵەی كە هەمبوو. پاشان گۆڕانکارییە جدییەکان ئەنجام دەدەم. هەشتا لاپەڕە بەسە بۆ ئەوەی نووسەرێک هەست بکات کە شتێکی گەیاندووە، بەڵام هێندەش زۆر نییە کە ئەگەر بڕیار بدات کتێبەکە لاببات.
ـ بە “چاودێر و شارەزای کۆمەڵایەتی” ناوت دەهێنرێت و وادیارە ئەمە کلیلی ڕۆمانەکانتە. کام کتێبی نووسەرانی دیکە نموونەیەكی دیارن لەم ڕووەوە؟ ئایا بە چاوی جیاوازەوە لە جیهانی ڕاستەقینەی دەوروبەرت (ئاهەنگی نانی ئێوارە، بۆنەکان) دەڕوانیت؟
مێگ: بێگومان (ئیدیس وارتن ـ Edith Wharton) بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر و ورد لەبارەی چۆنیەتیی ژیانی خەڵکەوە دەنووسێت. تەنها (ماڵی خۆشی ـ House of Mirth) بخوێنەوە لەوە دەگەیت. بەڵام من بە دەگمەن بیر لەوە دەکەمەوە کە ڕاستەوخۆ لەبارەی ساتێک یان ڕووداوێک بنووسم کە شایەتی بوومە یان پێیدا تێپەڕیوم. لە جیاتی ئەوە، ڕەنگە بازدانێكی بچووك وەك ئەزموونێکی تاکەكەسی (تەنها لە ڕووی بیرکردنەوە لەبارەی ئەو ئەزموونەوە) بنووسمەوە ئەویش بە شێوەیەك كە نەناسرێتەوە.
ـ بۆ گەورەکان و خوێنەرە گەنجەکان دەنووسیت. چۆن پلان بۆ ئەمە دادەنێیت بە پێی تەمەنەكان؟
مێگ: ڕەنگە زمان و بابەتەكە جیاواز بن، بەڵام تۆ هێشتا لە هەستی خۆتەوە دەنووسیت؛ هێشتا ناتوانیت لە خۆت ڕزگارت بێت، نەک ئەوەی مەرجە بتەوێت. (زادی سمیس ـ Zadie Smith) وتارێکی هەیە بە ناوی (شكستی خراپتر ـ Fail Better) کە تێیدا دەڵێت “کاتێک دەنووسم، هەوڵ دەدەم شێوازی بوونم لە جیهاندا دەرببڕم.” پێموایە نووسەر ئەمە دەکات جا بۆ منداڵان بنووسێت یان گەنجان یان گەورەکان. (بەڵام بەڕاستی لە كاتی نووسین بۆ گەنجەكان هەوڵم داوە پەراگرافەکان زیاتر بشکێنم و كورتیان بكەمەوە، بۆ ئەوەی ڕێز لە بێتاقەتیی سرووشتیان بگرم).
ـ ڕۆتینی نووسینی خۆت باس بکە، هیچ نەریتێکی نائاساییت هەیە لە كاتی نووسیندا؟
مێگ: بڕێکی زۆر چای سەوزی ژاپۆنیی بە ساردی لە ڕۆژەكانمدا دەخۆمەوە. جگە لەوە، بەڕاستی نەریتێکی تایبەت نییە. هەوڵ دەدەم ئەوەندەی دەتوانم بنووسم. کاتەكانی بەرەبەیان هیوایەکی زۆریان هەیە، بەڵام بە تێپەڕینی كات هیواكە دەست بە داڕمان دەكات.
ـ شتێکی دیاریکراو یان نائاسایی لەبارەی شوێنی کارەکەتەوە هەیە؟ چی لەسەر مێزەکەت دەهێڵیتەوە؟
مێگ: من مێزی نووسینم نییە، چونکە بە دەگمەن بەکارم دەهێنا ئەوکاتەی كە هەمبوو. پێم باشترە لە شوێنە جیاوازەكانی شووقەكەم كار بكەم، هەروەها دەچمە شوێنەكانی وەك کافێ شۆپ و کتێبخانەكانیش.
ـ ئەی ئێواران چی دەكەی؟
مێگ: دوای ئەوەی تەواوی ڕۆژەكە دەنووسم، ئیتر حەزم لێیە تەماشای كەناڵە بەریتانییەكان بکەم.
ـ چی بە پێکەنینت دەهێنێت؟
مێگ: کۆمیدیای كەناڵە نایابەکەی بەریتانیا، (Peep Show)، کە (میچڵ و وێب ـ Mitchell and Webb) ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.
ـ ئەی چی دەتگریێنێت؟
مێگ: کۆتایی (وێب چارلۆت ـ Charlotte’s Web).
ـ ئەگەر بتوانیت کەسێکی مردوو بگەڕێنیتەوە بۆ ژیان، کێ دەبێت و بۆچی؟
مێگ: داپیرمە، چونكە باشترین کەسم بوو.
ـ چیرۆکی پشت چاپکردنی یەکەم کتێبت چییە؟
مێگ: یەکەم ڕۆمانم بە ناوی (Sleepwalking) بوو و ئەوكاتەی لە دوا ساڵی خوێندنی کۆلێژ بووم فرۆشتم بە پێنج هەزار دۆلار. وام دەزانی ئەو پارەیە زۆرە و ماوەیەکی زۆر پێم دەبێت، لە كاتێكدا وانەبوو. کتێبەکە شتی باشی زۆری لەسەر نووسرا، بەڵام باش نەفرۆشرا، دواتر بە شێوەی كاغەز چاپ بوو و دەپێچرایەوە كە وەك پەنیر وابوو بۆ گەنجان. بۆیە بە خۆشییەوە ئێستا ڕۆمانەکە دووبارە لە چاپێکی نوێدا چاپ و بڵاو دەكرێتەوە. زۆر شانازی پێوە دەكەم، ئاخر دەربارەی تاقمە کچێكی کۆلێژە کە بە (کچانی مردن) ناسراون لە کامپی (سوارتمۆر ـ Swarthmore)، سەرسامی کار و ژیانی نووسەرە ژنە دیارەكانن كە خۆیان كوشتووە (وەك پلاس ـ Plath، سێکستن ـ Sexton و نووسەرێکی سێیەم کە من دروستم کرد). دەربارەی بەڕۆمانتیککردنی نائومێدییە و پێموایە دەربارەی گەورەبوونە.
ـ چیرۆکێکی پێکەناویمان بۆ باس بکە كە پەیوەندی هەبێت بە گەشتی کتێب یان بۆنەیەکی کتێبەوە؟
مێگ: خوێندنەوەیەکم کرد بۆ کتێبێكی خۆم كە كتێبێكی منداڵانەیە بە ناوی (سەری پەنجەكانی دوونكان و دۆرفمان ـ The Fingertips of Duncan Dorfman) و باسی ئەو منداڵانە دەكات كە پاڵاوانیەتی سکرابڵ دەبینن. منداڵێک هاتە لام و ئاماژەی بە وێنەکە کرد كە لە پشتی کتێبەکەمەوەیە و گوتی: “ئایا پێشتر بەو شێوەیەیە بوویت؟”
ـ چ ئامۆژگارییەک هەیە بۆ ئەو نووسەرانەی هیوایان هەیە و گەنجن؟
مێگ: بەردەوام کار بکەن. شتە گەورەکان بخوێننەوە. هەروەها، چای سەوزی ژاپۆنی بە ساردی بخۆن، چونكە بێزیانە.
ـ شتێکمان بۆ باس بکە لەبارەی خۆتەوە کە سەرسوڕهێنەرە و كەس نایزانێت؟
مێگ: حەزم لە سکرابڵە و بە ئۆنلاین زۆر یاری دەکەم.
ـ پڕۆژەی ئایندەت چییە؟ ڕۆمانێکی دیکەت لەبەردەستە؟
مێگ: ناتوانم هیچ بڵێم چونکە زۆر زووە. ئەو ڕیکلامە کۆنەی (ئۆرسن وێلز ـ Orson Welles) بۆ (پۆل ماسۆن ـ Paul Masson) كە دەیگوت، “ئێمە پێش کاتی خۆی هیچ شەرابێک پێشکەش ناکەین”، منیش ناكرێت ئێستا قسە لەبارەی كتێبە نوێكەمەوە بكەمە..زۆر زووە.