رۆژنامەی ھەولێر

تێپەڕین بە کەلاوەی نەزانیدا و گەیشتن بەو پەڕی خودئاگاهیدا ناساندنی کتێبی (هونەری بوون) لە نووسینی (ئێریک فڕۆم)

وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری

کتێبی (هونەری بوون ـ The Art of Being) لە نووسینی (ئێریک فرۆم ـ Erich Fromm) (١٩٠٠-١٩٨٠)، دەروونناسی کۆمەڵایەتی و دەروونشیکاری ئەڵمانی، کۆمەڵێک دەستنووسیەتی لەسەر بەرهەمە نێودارەکەی خۆی واتە (كتێبی هەبوون یان بوون) كە لە کۆتاساڵانی ژیانی (١٩٧٤ و ١٩٧٦) نووسیوینی. فڕۆم بڕیاری دا لە کتێبێکی سەربەخۆ چاپیان بكات؛ بەڵام مەرگ ڕێگەی نەدا چاوی بە كتێبە چاپكراوەكەی بكەوێت.

ئەم كتێبە دەكرێت بە پاشکۆیەکی بەهێزی کتێبی (هەبوون یان بوون؟ ـ To Have or To Be?) بزانرێت. کتێبی (هونەری بوون)، بناغەیەکی هزریی بەهێزە بۆ گەیشتن بە ڕزگاربوون لە کۆتوبەندە دەروونی و دەرەكییەكان کە ئێمە بەرەو ژیانێکی دیلئاسا بردووە، و تێڕوانینێکە لە ڕاستای ژیانێك لەسەر بنەمای خودئاگایی ڕاستەقینە کە تەنها لە ڕێگەی بڕیارێکی بەهێز و خودكونجكۆڵانەی ڕاستەقینە دێتە دی. ئەندێشەی سەرەكی سەرجەم پەڕەگرافەكانی ئەم كتێبە، تێڕوانینێکە لەسەر باوەڕی فڕۆم بەرامبەر بە ژیان: تێڕوانینێک لە ڕەگەزی (هەبوون یان بوون) کە زاڵیەتی هەریەکەیان بەسەر ئەوی دیکەدا، هەموو تێهزرین و هەست و کردەکانی تاک دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.
لەم وتارەدا سەرنجێک دەخەینە سەر کتێبێک کە بە هەموو وجوودتانەوە لە باوەشی دەگرن و هەرچەندی زیاتر بیخوێننەوە زیاتر حەزی پێ دەكەن و ئاشقی دەبن.

کتێبی (هونەری بوون؟) لەبارەی چییەوەیە؟
کتێبی (هونەری بوون) لە شەش بەش پێکهاتووە و هەر بەشەش بابەتگەلی سەرەكی لەخۆدەگرێت.
بەشی یەکەم بە بنەمای تێهزرینی فڕۆم دەست پێدەکات، ئەوەی کە دەمانەوێت مەبەستی ژیان لەسەر کام بناغە هەڵچنین “هەبوون” یان “بوون”؟ بەڵام لە سەرەتادا دەبێت بزانین ئارەزووە نەبڕاوەی ئێمە چییە. ڕەنگە بنچینەییترین شێوەی دەربڕینی واتای ژیان، هەمان واتا نەریتییەکە بێت واتە “ئازادیی ڕەها”: ئازادییەك لە چنگ چاوچنۆکی و کۆتوبەندی خەیاڵ و وەهم. وەک ئەوەی “مرۆڤەکان بیریان چووە دەكرێت بێ زنجیریش کۆیلە بێت… مرۆڤ دەتوانێت بە ڕووکار بەند و زیندانی بێت، بەڵام ئازادی خۆی بپارێزێت… ئێستا زنجیرە دەرەکییە بینراوەکان بوونەتە زنجیری نەبینراوی دەروونی. خاڵی ناخۆش و نیگەرانكەر ئەوەیە كە مرۆڤ، لانیكەم دەتوانێت زنجیرە دەرەکییەکان ببینێت و لێیان ئاگادار بێت، بەڵام زنجیرە دەروونییەكان نابینرێن، بۆیە کەس لێیان ئاگادار نییە و تەمەنێک بەو خەیاڵەی کە ئازادە، ژیان دەکات”. (بەشێك لە نووسینەكەی ئێریك فڕۆم)
بەشی دووەمی کتێبەكە بە شێوەیەکی ژیرانە، پەنجە دەخاتە سەر گشتگیرترین دیلیەتیی تێهزرینەكانی مرۆڤی ئەمڕۆ، پەنجە دەخاتە سەر ئەو درۆ گەورانەی كە بەرۆكیان گرتووە، سەر کاروباری بێمانا کە بێ بەزەییانە ڕایانکێشاوەتە نێو خۆیەوە، سەر بیرۆکەی وێرانكەری “نە هەوڵێک، نە ئازارێك” کە سێبەری لەسەر هەموو جەستەی هزریی مرۆڤی ئەمڕۆ و تێهزرینی دیکتاتۆرزەدەی دژەدیکتاتۆریەتی ئەو داناوە. بە بۆچوونی فڕۆم، گەورەترین کۆسپ لەسەر ڕێگای فێربوونی (هونەری بوون)، درۆ گەورەکانە کە بەسەر هەموو بوارەکانی ژیانماندا زاڵ بووە و تۆز و غووباری خستووەتە سەر چاوەکانمان و لە خەیاڵەكانماندا دیلی کردووین.
کارە بێمانا و كۆنەكانیش کۆسپێکی دیکەن؛ کاروبارێك کە سەروكاریان لەگەڵ ڕەهەندە لاوەكییەكانی ڕووداوەكان هەیە و لە توێ شاراوە و هۆکارەکانیان دوور کەوتوونەتەوە؛ کاروبارێك کە خۆیان خزاندووەتە نێو گفتوگۆ و پەیوەندی و تەنانەت تێهزرینی ڕۆژانەشمان. بە تێڕوانینێكی خێرا تێدەگەین کە گفتوگۆکانمان چەند بێسوودانە بە دەوری بابەتە بێماناكانی وەک دەنگۆ بازاڕییەكان و غەیبەتەكانی نێو ماڵ و نەخۆشی و نەبوونی و ڕیسواییەكی دیكە و ئەوانی دیكە و شتی لەو بابەتە دەخوولێنەوە.
پەیوەندییەکانیشمان تووشی وەها بێماناییەك بوونە، بێمانایەك لە ژێر ناوی ئاڵوگۆڕی یەك لە دوای یەك: من دەڵێم، تۆ گوێ بگرە و پاشان تۆ بڵێ، من گوێ دەگرم و بە نەزانانە وا دەزانین پەیوەندییەکمان دروست كردووە بێ ئەوەی ئاگامان لەوە بێت کە بنەمای پەیوەندیی مرۆیی، کاریگەریی بەرامبەرەكییە نەک دان و ستانێکی ئاوا سووك.
لە کۆسپ و لەمپەرەکانی دیكە، تیۆریی “نە هەوڵێک، نە ئازارێک”ـە؛ وێناكردنی ڕاستەوخۆی حەقیقەتی ئەم سەدەیەیە لە قالبی قسەیەکی کورت و جیا، بەم واتایە کە هەموو شتێکمان دەوێت بێ ئەوەی ئامادە بین ئازارێک بچێژین. بێگومان فریوی سەردەمی تەکنەلۆژیاشمان خواردووە کە مژدەی گەیشتن بە خاکی بەڵێنیپێدراو بێ کەمترین هەوڵ و ئازاری پێداوین؛ بەڵێنێک کە هیچی بۆ نەهێناوین جگە لە تەمبەڵی و لاوازی نەبێت.
لە بەشی سێیەم، ڕێنماییەکان دەخاتەڕوو بۆ گەیشتن بە هونەری ژیان. یەکێک لە ڕێنماییەکانی فڕۆم، ئاگاییە.. جۆرێکی چڕکراوە لە هۆشیاری کە نەک تەنها پەردە لەسەر ناکۆکییە دەروونییەكانی مرۆڤ بەڵکو لەسەر ناکۆکییەكانی دەوروبەریشی لادەبات. فڕۆم لە وەڵامی ئەم پرسیارە ژیارییە کە “ئایا لادانی پەردە لەبەردەم چاوەکانمان بەڕاستی کارێکی خوازراو و ئازادکەرە یان کارێکی تەنگەژەدروستكەر و وێرانكەر؟”، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمە تەواو بەستراوەتەوە بە کەسایەتیی تاکەوە؛ ئەوەی ئایا تەنها بە دوای ئازادبوون لە ئازار و سەختی دەگەڕێت تەنانەت ئەگەر بە بەهای دیلبوون لە وەهمەكانیشی بێت، یان بەدوای بەهاگەلێكی بەرزتر و گۆڕانێکی قووڵترەوەبە؟ یەکێکی دیکە لە ڕێنماییە پێشنیارکراوەکانی ئەو، “سەرەنجدان”ـە، شتێک کە مرۆڤ تا سنووری مردن لێی دەترسێت، چونکە لەوە دەترسێت بە زیادبوونی سەرەنجی لەسەر شتێك یان کەسێک، خۆی لەدەست بدات یان بکەوێتە قووڵایی دڵتەنگی و ماندووبوونەوە بێ ئەوەی تەنانەت ئاگاداریش بێت کە ئەوەی بەڕاستی مرۆڤ دەخاتە سستی و لاوازییەوە، نەبوونی چالاکیی دەروونی و سەرقاڵیی زەینییە و ئاگایی هۆش هەرگیز نابێتە سستی و لاوازی.
بەشی چوارەمی کتێبەكە لەسەر دەروونشیکار تەوەرییە و تیشك دەخاتە سەر خودئاگایی و كونجكۆڵیی خود. فڕۆم خودكونجكۆڵی بە ڕێگەیەکی بێکۆتا دەزانێت کە هەمیشە شتێکی بۆ پێشکەشکردن هەیە و هەرگیز بەهۆی دووبارەبوونەوە ناكەوێتە نێو سووڕی باتڵبوونەوە. ئەو، ڕوونی دەکاتەوە کە هەموو فۆڕمەكانی نەخۆشیی دەروونی، نیشانە شاراوەکانی شکستی تاکن بەرامبەر چارەسەرکردنێكی شیاو و پێویست بۆ کێشەکانی ژیان (بەشێك لە دەقی ئێریك فڕۆم).
کاتێک ناکۆکی نێوان منی دەروونی و منی دەرەكی زۆر زیاد دەبێت، ناکۆکییە جددییەکانی وەک نائەمنی، گومان و بەفیڕۆچوونی سەرمایەی ژیان دێنە پێشەوە؛ کاتێک کە تاک بەردەوام وزە بۆ هەڵاتن لە ئاگاداربوون لە ناکۆکییە دەروونییەكانی تەرخان دەکات، ئەوا گومانە دەروونییەكانی تایبەت بە ناسنامەكەی دەخاتە لاوە و نکۆڵی لە هەستی لاوازیی خۆی دەكات كە لە ئەنجامی لەدەستدانی ڕەچەڵەك و پلەی ئینسانی دروست بووە و بەمەش ڕەفتاری ئاڵۆزكاو و پەرێشانئاسا لە خۆی نیشان دەدات. تاکە ڕێگا بۆ ئەو ئەوەیە کە هەمان سووڕانەوەی باتڵ و نكۆڵیكردن دووبارە بكاتەوە تا بگاتە ئەو چین و توێ قووڵانەی كە پێشتر لە خۆی دوور خستبوونەوە. كەشف و دۆزینەوەی ویژدانی ناهۆشیار بە شێوەیەکی قووڵ، لە ڕاستیدا دۆزینەوەی تەواوی مرۆڤایەتییە.
بەشی پێنجەمی کتێبەكە باس لە خاڵی بەرامبەر “بوون” واتە سەرەنجی تەواو لەسەر “هەبوون” دەکات. مرۆڤی ئەمڕۆ هەمیشە لە نەبوون و لەدەستدان دەترسێت و دەترسێت کە لە کۆتاییدا ناچار بێت وەڵامی پرسیاری “من کێم؟” بداتەوە. فڕۆم بە جوانی شیکاری بۆ بیرکردنەوەی “هەبوون” كردووە و لە ڕوانگەی فەلسەفی و دەروونناسییەوە ئەم تێهزرینە شی دەکاتەوە. ئەو، جیاوازییەکی بنچینەیی لە نێوان خاوەنداریەتی بە مەبەستی بەکارهێنان (خاوەنداریەتیی کاریگەر) و خاوەنداریەتی بە مەبەستی ماڵكیەت (خاوەنداریەتیی ناکاریگەر) دادەنێت.
فڕۆم گرفتی مرۆڤی ئەمڕۆیی بە دیلبوون لە خاوەنداریەتیی مردوو دەزانێت و پێشنیار دەکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەیل و خواستێك بۆ “هەبوون”، لە خۆمان بپرسین ئایا ئەم خاوەنداریەتییە دەبێتە هۆی ژیانەوەی من یان دەبێتە هۆی سستی و بێسوودبوون. بە قسەی ئەو “هەرچەندی توانای مرۆڤ بۆ چالاکیی بەرهەمهێنەر کەم بێتەوە، حەزی بۆ هەبوون زیاتر دەبێت”.
لە بەشی شەشەمی کتێبەكەدا، پرسی خۆشگوزەرانی دەخرێتە ڕوو. فڕۆم ئاماژە بەوە دەکات کە ئاگایی و هۆشیاری، ئیرادە، ڕاهێنان، تەحەمولکردنی ترس و ئەزموونی نوێ گرنگن بۆ گۆڕانی مرۆڤ و سەرکەوتن لە ژیان. لە قۆناغێکی ژیاندا، وزە و ئاڕاستەی هێزە دەروونییەكان دەگەنە خاڵێک کە هەستی تاک بۆ ناسنامەكەی گۆڕانی بەسەردا دێت و دیدی خاوەنداریەتیی ئەو بۆ جیهان بە درووشمی “من ئەو شتەم کە هەمە” دەگۆڕێت بۆ دیدێك لە ڕەگەزی باڵاتر بە درووشمی “من ئەو شتەم کە ئەنجامی دەدەم” یان “من هەر ئەو شتەم کە هەم” و لێرەدایە کە چەمکی خۆشگوزەرانی واتای ڕاستەقینەی خۆی پەیدا دەكات.

دەرەنجام:
کتێبی (هونەری بوون)، ژیرانە قسە لەبارەی (لە مەحاڵەوە گەیشتن بە ڕۆشنگەریی بێ هەوڵ)، (خامیی باوەڕبوون بە ژیانی بێ ئازار) و (ڕزگاركەری بەهێزی مرۆیی واتە هۆشیاری) و (دیلیەتییەك كە چاوچنۆكی بە دەوری مرۆڤ دروست كردووە) دەكات. مرۆڤ بە بوونی شتەکان و کەسەکان، دەیەوێت کەسێک بێت؛ ئەو خۆی بە خاوەنی ئەوان دەزانێت بەڵام حەقیقەت ئەوەیە کە ئەوە هەبوونەکانی ئەویان كردووە بە موڵکی خۆیان. بۆ گەیشتن بە “هونەری بوون”، ڕێگایەک نییە جگە لە پساندنی کۆتوبەندەکانی دڵپێوەبەستن و چاوچنۆکی و ئازار و وەهم.

سەرچاوە: ماڵپەڕی ئاڤانگارد