رۆژنامەی ھەولێر

ئایا تەعریب بەردەوامە؟!

ئارام کۆشکی

ڕووداوێک کە هەفتەی ڕابردوو گەلێک ئازاری دام، سزادانی ئەو خوێندکارەی کەرکوک بوو لە وانەی هونەردا، کە وێنەی ئاڵای کوردستانی دروست کرد و بەهۆیەوە سزا درا. ئەگەرچی سزادانەکە کاتی بێت، یان هەڵبوەشێنرێتەوە هیچ جیاوازییەکی نییە، چونکە سەلمێنەری ئەوەیە کە دوای نزیکەی چارەکە سەدەیەک لە نەمانی دەسەڵاتی بەعس، بەڵام هێشتا تەعریب بەردەوامە و عەقڵیەتی چەوساندنەوە و سڕینەوەمان بەردەوامە.

هەمیشە بڕوام بە پێکەوە ژیان و یەکترقەبووڵکردن هەبووە، پێموایە ئەمە بناغەی مرۆڤبوونە. بە دەستبەرداربوون لەمە مرۆڤەکان لە مرۆڤبوون دەکەون. بۆیە ئەم بڕوایە هەمیشە لە خۆمدا گەشە پێدەدەم و دەمەوێت لە تاک بە تاکی وڵاتەکەشمدا بەهەمان شێوە بێت. مێژووی دوور و نزیکی ئێمە سەلمێنەری ئەوەیە، کە هەرگیز دەستدرێژیکار و چەوسێنەرەوە و سزادەر نەبووین، بەڵام ئەوەی هەمیشە دەستدرێژمان کراوەتەسەر و تەعریب و ئەنفال کراوین نیشانەی بێهێزیمان نییە، بەڵکو نیشانەی مەزڵوومیی و سنگفراوانی زیادەڕەوانەیە، کە پێموایە ئیدی دەبێت سنوورێک بۆ ئەمە دیاری بکرێت بەتایبەت دوای سزادانی ئەو خوێندکارەی وێنەی ئاڵای کوردستانی کێشا.
یەکێک لە لێکەوتە ترسناکەکانی ئەو ڕووداوەی کەرکوک ئەوەیە، کە لەنێو سیستمی پەروەردەدا ڕوویداوە. ئەگەر ئەوە لە فەرمانگەیەکی ئەمنی، یان سەربازیدا ڕوویبدایە (بێگومان لەوێش ئاسایی نییە، بەڵام ئەمە وەکو گریمانە وەردەگرین) تاڕادەیەک ئاسایی دەردەکەوت، لەبەرئەوەی دەمانگوت عەقڵی سەربازی و ئەمنی عێراقی عەرەبی ئاڵای کوردستان قەبووڵ ناکات، بەڵام قەبووڵ نەکردنی ئاڵای کوردستان لەلایەن پەروەردەکارێکی هونەرییەوە (بێگومان گومان لەوە هەیە، کە هەموو مامۆستایەک پەروەردەکار بێت) کێشەکە قووڵتر دەکاتەوە.
ئێمە گریمانەی ئەوەمان کرد ئەگەر لە فەرمانگەیەکی سەربازی و ئەمنی ئەو ڕووداوە ڕووی بدایە، کێشەکە هێندە ترسناک دەرنەدەکەوت، بەڵام دەرکەوتنی ئەو کێشەیە لە نێو سێکتەری پەروەردە و لەلایەن پەروەردەکارێکی هونەرییەوە کێشەکە قووڵتر دەکاتەوە و دەیکاتە کێشەیەکی ئاڵۆز و بوونیادی. ئەگەر لەم واقیعەوە سەیری دۆخەکە بکەین دەبینین، کە هیچ زەمینەیەکی پێکەوە ژیان لەئارا نییە و ئەوە ئێمەی کوردین خۆمان فریودەدەین و چەندین ساڵە خۆمان فریوداوە. ئەمە ڕووداوێکی ئاوارتە و حاڵەتێکی دەگمەن نییە، ئەمە بڕوای پەروەردەکارێکە، کە هەم لە سێکتەری پەروەردەدایە و هەم هونەر، کە دیسان بەرپرسیارێتییەکەی زیاتر دەکات. ئەگەر بپرسین چۆن پەروەردەکارێک بڕوای بە پێکەوژیانی نێوان دوو نەتەوە نییە؟ لێرەدا پرسیارەکە کۆتایی نایەت، بەڵکو دەبێت دیسان بپرسین چۆن هونەرمەندێک (دەرچوویەکی بەشی هونەریی کە بووەتە مامۆستای هونەر) چۆن بڕوای بە پێکەوە ژیانی نەتەوەکان نییە؟ ئایا کێشەکە لە کوێدایە؟
خاڵێک کە لە نیگای یەکەمدا ڕوون دەبێتەوە ئەوەیە، کە نەبوونی پەروەردەیەکی دروستی پێکەوەژیانیانە هۆکاری سەرەکییە بۆ بەردەوامی ناکۆکی و دووبەرەکی و یەکتری سڕینەوە. ئەم ڕووداوە نیشانەیەکی زەق و دیارە لە شکستی سیستمی پەروەردە لە عێراقدا و درێژەدان بەو سیستمە شۆڤێنییەی لەسەر تەعریب و یەکتری سڕینەوە داڕێژراوە. بەڵام دەشێ بپرسین چ شتێک دەتوانێت بەر بەمجۆرە ڕووداوانە بگرێت؟
ئەوەی دەتوانێت بەر بە ڕووداوگەلی لەمجۆرە بگرێت ئەوەیە، کە بەتوندترین شێوە سزای ئەو مامۆستایە بدرێت و شێوازی سزادانەکەیشی زەق بکرێتەوە تا هیچ مامۆستایەکی دیکە لە هیچ نەتەوەیەکی دیکە جورئەتی لەو شێوەیە بەرامبەر خوێندکاری هیچ نەتەوەیەکی دیکە نەکات. خۆ ئەگەر مامۆستایەکی کورد لە هەولێر یان سلێمانی ئەو کارەی بکردایە ئێستا شەقامی شۆڤێنی عەرەبی هەزاران بوختان و ناڕەزایی جۆراوجۆریان دەربڕیبوو، بەڵام نەک مامۆستایەکی عەرەب، بەڵکو نابێت هیچ مامۆستایەک، لە هەر نەتەوەیەک بێت هەوڵی سڕینەوەی هیچ نەتەوە، یان کەمە نەتەوەیەکی دیکە بدات و ئەمە دەبێت بە یاساش ڕێکبخرێت. بەبێ ڕێکخستنی ئەمە و سزادانی ئەو مامۆستایە ئەگەر دووبارەبوونەوە و دەبارەبوونەوەی هەمان ڕووداو لە ئارادایە.
ئەم ڕووداوە پێماندەڵێت عێراق تا هەنووکەش ئەو جێگەیەی کە دوای نزیکەی چارەکە سەدەیەک لە نەمانی دەسەڵاتی بەعس، بەڵام ڕیشەکانی شۆڤێنییەت هەناوی خۆیدا پەروەردە دەکات و نەوە دوای نەوە دەیانگوازێتەوە، کە ئەمەش مەترسی پێکەوژیان و یەکترقەبووڵکردن زیاتر و زیاتر دەکات و دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی بڵێین تەعریب بەردەوامە و کۆتایی نەهاتووە.