مستەفا محەمەد مستەفا
بیرۆکەی چارەسەری نەخۆشیی شەکرە، یەکەم جار لە وڵاتی فەرەنسا سەری هەڵدا، مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست کە لە جۆرە ڕوەکێکی تایبەت بە ناوی فرێنچ لیلاک (Lilac French) لەلایەن فەرەنسییەکان دەرهێنرا، بۆ ئەو کەسانەی میزیان زۆر دەکرد و، زووزوو تێنوویان دەبوو. دوای تێپەڕینی ماوەیەکی زۆر بەسەر بەکارهێنانی ئەم گیادەرمانە، ئەوروپاییەکان دەرمانێکی تریان داهێنا بە ناوی گلوگۆفەیج (Glucophage)، کە بە مانای خواردنی شەکر دێت؛ ساڵی ١٩٢٢ دوو زانای ئیرلەندی، واتە Werner Emil و James Bell ئەو دەرمانەیان دروست کرد کە ناوە زانستییەکەی ناسراوە بە (میتفۆرمین)؛ لە تاقیکردنەوەکاندا دەرکەوت کەوا بەکارهێنانی هیچ مەترسی و کاریگەرییەکی لاوەکیی نییە بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی شەکرەیان هەیە؛ بۆیە پزیشکەکان بڕیاریان دا بدرێت بە نەخۆش. دوای تێپەڕینی ماوەیەکی زۆر بەسەر گۆڕانکارییەکانی ئەم داهێنانە لە لایەن ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆیەکەمین جار بەکار هات.
میتفۆرمین، دەرمانێکە بۆ چارەسەری نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووهەم؛ لەو سەردەمەی ئێستا بە ملیۆنەها کەس تووشی نەخۆشیی شەکرەنە لە جیهاندا، بەردەوام ڕێژەی تووشبووان لە هەڵکشاندایە. نزیکەی بیست ساڵە میتفۆرمین بووەتە بەردی بناغە لە چارەسەرکردنی نەخۆشیی شەکرەدا، زۆربەی جار میتفۆرمین لە ڕیزبەندی یەکەمە لە چارەسەری ئەم نەخۆشییەدا.
میتفۆرمین چییە؟
یەکەم جار، ساڵی ١٩٩٥ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەلایەن کۆمەڵەی پزیشکانی ئەمریکی لە دوای تاقیکردنەوەیەکی زۆر بڕیاریان دا لەسەر بەکارهینانی ئەم جۆرە دەرمانە لە دوایدا بەرەبەرە بڵاوبۆوە و بەکارهات لە تەواوی جیهاندا، بە بەمەبەستی چارەسەرکرنی نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەم، بەڵام ئێستاکە لە زۆربەی کارگەکانی دەرمانسازیدا دروست دەکرێت، میتفۆرمین تەنها لە شێوەی دەنکۆلە حەب هەیە، لە ڕێگەی دەمەوە بەکار دێت، بە شێوەیەکی سەرەکی بەکار دێت بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەم، کار دەکات لەسەر کەمکردنەوە و جێگیرکردنی ڕێژەی شەکری گلوکۆز لە خوێندا، بەرگری دژی هۆرمۆنی ئەنسۆلین کەم دەکاتەوە، ئەم کارەش بە پێچەوانەی هەموو چارەسەرکردنەکانی ترە کە هانی ڕژانی هۆرمۆنی ئەنسۆلین دەدەن لە پەنکریاسەوە.
چۆنیەتیی کارکردنی میتفۆرمین لە جەستەدا
میتفۆرمین بە سێ ڕێگا ڕۆڵی خۆی دەگێرێت:
1. کاریگەری لە سەرجگەردا: بەشێوەیەکی بەرچاو بەرهەمهێنانی گلوکۆز لە جگەر کەم دەکاتەوە، چونکە دروستکردنی گلوکۆزلە جگەردا هۆکاری سەرەکی نەخۆشیی شەکرەیە.
2. هانی لاوازکردنی بەرگری دژ بە هۆرمۆنی ئەنسۆلین دەدات:
• میتفۆرمین وادەکات خانەی ماسوولکەکان هەستیارتربن بۆهۆرمۆنی ئەنسۆلین.
• هۆرمۆنی ئەنسۆلین هانی بەکارهێنانی گلوکۆز دەدات بۆ بەرهەمهێنانی وزە.
3. کەمکردنەوەی هەڵمژرانی گلوکۆز لە ڕیخۆلەوە:
لە ئەنجامی ئەم سێ کردارەدا ڕێژەی گلوکۆزی ناو خوێن، هاوسەنگ و جێگیر دەبێتەوە؛ هەروەها کاتێک بە تەنیا بەکار دێت ڕێگری دەکات لە ڕوودانی مەترسییەکی گەورە، کە دابەزینی ڕێژەی شەکری خوێنە (Hypoglycemia).
بۆچی پزیشکەکان میتفۆرمین دەدەن بە نەخۆش بۆچارەسەری نەخۆشیی شەکرە؟
میتفۆرمین زۆربەی جار بەیەکەم چارەسەر دادەنرێت بۆ نەخۆشیی شەکرە، چونکە کاریگەرە و بەئاسانی دەست دەکەوێت لە دەرمانخانەکاندا، دەرمانێکی بێمەترسییە، تەنانەت ئەگەر بۆ دەیان ساڵ بەکار بهێنرێت هیچ کاریگەرییەکی لاوەکیی نییە لە سەرجەستە مرۆڤ، هەروەها سوود بەخشە بۆ ڕاگرتنی کێشی لەش و دابەزاندنی کێش.
لێکۆڵینەوە زانستییەکان دەریان خستووە کە میتفۆرمین وەک چارەسەرییەک بەکار بهێنرێت شانبەشانی وەرزش و گۆڕانکاری لە خۆراکدا.
سوودەکانی میتفۆرمین:
لێکۆڵینەوە زانستییەکان دەریان خستووە کە میتفۆرمین بێجگە لە کاریگەریەکەی لە کۆنترۆڵ کردنی شەکری گلوکۆزی ناوخوێن سوودی تریشی هەیە وەکو:
– پاڕاستنی دڵ و لووڵەکانی خوێن.
– چارەسەرکردنی کیسی هێلکەدان لە ئافرەتان.
– درێژکردنی تەمەن.
– بەکار دێت بۆ ئەو ئافرەتانەی کە تووشی نەخۆشیی شەکرە دەبن لەکاتی دووگیانیدا، لەبەرئەوەی ئەو دەرمانە هیچ جۆرە کاریگەرییەکی لاوەکیی نابێت لەسەر شیری دایک و کۆرپەلەکە.
کاریگەری لە پارێزگاری لە تەمەن و دژایەتیی پیری، زۆر لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە هەرچەندە تاکوئێستا وەکو دەرمانێکی دژەپیری بەکار نەهێنراوە.
کاریگەرییە لاوەکییەکانی میتفۆرمین:
گرنگترین ئەو تێبینی یانەی کەتا ئێستا لەسەر میتفۆرمین هەیە بریتییە لە هێڵنج و سکچوون و هەڵچوونی گەدە و تامێکی ناخۆش لە زمان، بەڵام ئەم کاریگەرییە لاوەکیانە نامێنن کاتێک جەستەی مرۆڤ ڕادێت لەسەر خواردنی ئەم دەرمانە. خواردنی میتفۆرمین لەگەڵ ژەمەکانی خواردندا بە شێوەیەکی دیار کۆتایی بەم کێشە لاوەکیانە دەهێنێت.
کاریگەرییەکی لاوەکی ناسراوە بە لاکتیک ئەسیدۆسس (Lactic acidosis)؛ هەرچەندە ئەم حاڵەتە کەم ڕوو دات و دەگمەنە بەڵام حاڵەتێکی و زۆر ترسناکە.
لاکتیک ئەسیدۆسس: ئەم دۆخە ڕوودەدات کاتێک ترشی ڵاکتیک ئەسید کۆدەبێتەوە لە سووری خوێندا، هەرچەندە ئەم حاڵەتە زۆردەگمەنە بەڵام لە کاتی ڕوودانی دا پێویستی بە چارەسەرێکی خێرا هەیە، نیشانەکانی وەکو: ئازارێکی زۆر لە ماسوولکەکان و بە زەحمەت هەناسەدان و هەستکردنێکی سەیر و ناوازە بە ماندوویەتی و داهێزرانی لەش.
تێبینی: ئەو کەسانەی میتفۆرمین بەکار دێنن لە ماوەیەکی زۆردا، لە کاتی ڕاگرتنی ئەم جۆرە دەرمانە پێویستە وردوردە کەم بکرێتەوە، لەبەرئەوەی جەستە ڕاهاتووە لەسەر وەرگرتنی ئەم دەرمانە بە شێوەی ڕۆژانە. بۆیە دەبێت بەرەبەرە کەم بکرێتەوە بۆئەوەی هیچ کاردانەوەیەکی خراپ و نەرێنی ڕوو نەدات لەسەر جەستەی نەخۆشەکە. هەروەها میتفۆرمین نابێت ڕۆژانە لە دووهەزار میلیگرام زیاتر وەربگیرێت. لەبەرئەوەی گاریگەری دەبێت لەسەر جگەر و گورچیلەکان. بۆ ئەم مەبەستەش (ڕای گشتی) زانایانی بواری پزیشکی وایە کە دەبێت بەکارهێنان و وازهێنانی ئەم دەرمانە لەژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕی تایبەتدا بێت.

