رۆژنامەی ھەولێر

رۆژئاوای کوردستان قوربانیی سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی و ڕێککەوتنی سەد و دە ساڵ لەمەوبەری سایکسپیکۆیە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ڕۆژئاوای کوردستان زۆر لە کوردستانی گەورە دەچێت چونکە جوگرافیاکەی جارێکی تر پارچەپارچە کراوە و سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافی و گواستنەوە و تەعریب و دەیان تاوانی دیکە لە دژی جێبەجێ کراوە.

هەموو ئەو نەهامەتی و ئەنفال و جینۆساید و تەعریب و تاوانانەی لە سەد ساڵی ڕابردوودا بەسەر کورد هاتوون، دەرهاویشتەی سیاسەتی داگیرکاریی سایکسپیکۆیە کە لە ١٩١٦ نەخشەکەی بە هاوبەشیی فەڕەنسا و بەریتانیا داندرا و وڵاتانی زلهێز دوای شەڕ بە بێ لەبەرچاوگرتنی ماف و جوغرافیا و نەتەوە و تایبەتمەندییەکانی کورد، بەسەر وڵاتانی تازەدامەزراودا دابەشیان کرد.
وڵاتانی تازە دامەزراویش تەنیا بە لەناوبردنی مرۆڤەکان و ژینگە و بەتاڵانبردنی سامانەکەی نەوەستان، شار و گوندەکانیان لە یەکتر دابڕی و بە سیاسەتی ئەسیمیلاسیۆن هەوڵیان دا نەتەوەیەکی زیندوو و خاوەن مێژوو و شارستانیەت بتوێننەوە و تەنانەت لە ڕەگەزنامەش بێبەشیان کرد.
کاریگەرییەکانی ئەم سیاسەتە دژە مرۆڤانەیە بە تایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان زۆر بە جوانی دەردەکەوێت، شار و گوندەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە یەکتر دابڕاون و نێوان ئەو شارانە بە خەڵکی عەرەب و بێگانە پڕ کراونەتەوە.
دوای ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی سووریا لە ساڵی ٢٠١١ دەرفەتێک بۆ کورد هاتە کایەوە بتوانێت بەشێک لە ناوچەکانی کوردستان کۆنترۆڵ بکات و دواتر سنووری دەسەڵاتەکە فراوانتر بکات.
هێزە کوردییەکان لە پیشخاپوورەوە تا عەفرینیان ڕزگار کرد، هەر لەسەر دەستی شەرڤانان بە هاوکاریی پێشمەرگە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش تێکشکێنرا. کورد داوای دیموکراسی و پێکەوە ژیانێکی ئاشتییانەی بۆ هەموو سووریا کرد و بە سیمایەکی زۆر شارستانیاتەتر لە هێزەکانی دیکەی گۆڕەپانی سووریا دەرکەوت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش سەرکەوتنەکانی بەرز نرخاند بەڵام لەپڕ پشتی تێکرد و خەریکە دەیکەن بە قوربانیی بەرژەوەندی و سات و سەودای وڵاتان.
لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ و لە هەشتی کانوونی یەکەمی ساڵەکە دەسەڵاتی دیمەشق کۆتایی هات و ئەبومحەمەد جۆلانی فەرماندەی تە‌حریر شام گەیشتە دیمەشق و لە ماوەیەکی کورتدا لە کەسێک کە دە ملیۆن دۆلار بۆ سەری دیاری کرابوو و جیهان بەدوایدا دەگەڕا، بوو بە سەرۆک کۆماری ڕاگوزەر و هەر بە خێرایی لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەتی ئەمریکا و فڕەنسا و وڵاتانی دیکە دانی پێدا نرا و ناوەکەشی لە ئەبومحەمەد جۆلانی بۆ ئەحمەد شەرع گۆڕدرا.
حکوومەتی نوێی سووریا لە دوای هەڵاتنی ئەسەد شەڕی درووز و عەلەوی کرد و هەزارانی لێیان کوشت و لە چەندین شوێن کۆمەڵکوژی کرد و ئەو پێشبینییە هەبوو نۆرەی کوردیش بێت تا لەسەرەتای ئەمساڵ پێشبینییەکە بەدیهات، یەکەم هێرش لە حەلەب دەستی پێ کرد و دوو گەڕەکی گەورەی کوردنشین داگیر کران.
دواتر شەڕ تەواوی ڕۆژئاوای کوردستانی گرتەوە و زۆرێک لەو شوێنانەی بە خوێنی ١٥ هەزار شەهید ڕزگار کرابوون کەوتنەوە دەستی سوپای عەرەبی سووریا و سەرکردەکانیان حوکمی جیهادیان لە دژی کورد دەرکرد، لە مزگەوتەکانەوە سوورەتی ئەنفال خوێندرایەوە و داوای سڕینەوەی یەکجاریی کوردیان کرد و بە کافریان هەژمار کرد.
ئەو هۆزە عەرەبانەی ڕەقە و دێرەزۆر کە بە خوێنی شەڕڤانان ڕزگار کرابوون و لە داعش و ڕژێمی ئەسەدیش پارێزرابوون ، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بە شەو و ڕۆژێک لە کورد هەڵگەڕانەوە و لەگەڵ سوپای عەرەبیی سوووریا تاوانی گەورەیان دەرحەق بە ژن و منداڵی کورد کرد و بەزەییان بە خەڵکی سڤیل نەهاتەوە.
هەر ئێستا شاری کۆبانێ کە قوربانییەکی زیندووی ئەو سیاسەتە سەد ساڵەیە لە لایەن چەکدارانی گرووپە میلیشیا و هۆز و سوپای سووریا گەمارۆ دراوە و دەیانەوێت ئەو ئیشە تەواو بکەن بە داعش نەکرابوو.
رووداوەکانی ڕۆژئاوا ئەزموونێکی ترن بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و پیمان دەڵێت کورد دەبێت بۆ خاک و نەتەوەی خۆی بگەڕێتەوە و ئەگەر ئەوان برایەتیی کوردیان نەوێت کورد بەزۆر نەیانکاتە برای خۆی و دەست بە ئاڵا و بەها نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی خۆی بگرێتەوە و ئەو جوگرافیایەی ئەوان لەسەر نەخشە دابەشیان کرد، کورد لە ناو دڵ و گوتاریدا بینەخشێنێتەوە و بە یەکتری گرێ بداتەوە.