رۆژنامەی ھەولێر

سیروان بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای سەربازیی ئەڵمانیا کرد

ئەمڕۆ دووشەممە، سیروان بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای هێزەکانی ئەڵمانیا کرد کە پێکهاتبوون لە کۆلۆنێل شوماخەر، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە ئوردن و عێراق، و کۆلۆنێل کلینک سێستیان، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان و تیمی یاوەریان.
شاندە سەربازییەکەی ئەڵمانیا بە یاوەری سیروان بارزانی، سەردانی یادگەی نیشتمانیی بارزانی و مینۆمێنتی جینۆسایدی بارزانییەکانیان کرد. لە میانی سەردانەکەدا، شاندی میوان لە نزیکەوە ئاشنای مێژووی خەباتی گەلی کورد و ئەو نەهامەتی و جینۆسایدە بوون کە دەرهەق بە بارزانییەکان ئەنجام دراوە.
سیروان بارزانی خۆشحاڵی خۆی بەم سەردانە دەربڕی و ڕایگەیاند کە ئامادەبوونی فەرماندە باڵاکانی ئەڵمانیا لەم شوێنە نیشتمانییە، نیشانەی ڕێزگرتنە لە قوربانیانی جینۆساید و بەردەوامیی دۆستایەتی و هەماهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیایە لە بوارە جیاوازەکاندا.