رۆژنامەی ھەولێر

پێش ئەوەی بچیتە هۆڵی لەشجوانی! هۆشدارییەک لە پزیشکێکی پسپۆڕی دڵەوە

ماكوان عێزەت – هەولێر

لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ لەناو گەنجاندا، پسپۆڕان هۆشداری دەدەن و داوای گۆڕینی شێوازی ژیان دەکەن.

دڵ وەک بزوێنەری سەرەکی جەستە، ماسولکەیەکە کە بەردەوام کار دەکات و پێویستی بە گەیاندنی خوێنی تەندروست هەیە، بەڵام کاتێک یەکێک لە دەمارەکانی خوێن دەگیرێت، مرۆڤ تووشی جەڵتەی دڵ دەبێت.
د. دلێر غازی عەبدولڕەحمان، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری دڵ و بۆرییەکانی خوێن، لە لێدوانێکی تایبەتدا تیشکی خستە سەر هۆکارەکانی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و ئاماژەی بەوە کرد کە فاکتەرەکان بۆ دوو بەش دابەش دەبن:
١. فاکتەرە نەگۆڕەکان: ئەوانەی مرۆڤ ناتوانێت دەستکارییان بکات، وەک (ڕەگەز) کە لە ئافرەتاندا زیاترە، (تەمەن) کە بە هەڵکشانی مەترسییەکە زیاد دەکات، و هەروەها (بۆماوەیی).
٢. فاکتەرە گۆڕاوەکان: ئەوانەی مرۆڤ دەتوانێت کۆنترۆڵیان بکات، وەک کێشی زیادە (قەڵەوی)، فشاری خوێن، و وازهێنان لە جگەرەکێشان.
بۆچی جەڵتەی دڵ لەناو گەنجاندا زیادی کردووە؟
د. دلێر ئاماژە بەوە دەکات کە دەرکەوتنی جەڵتە لەناو گەنجانی ئەمڕۆدا بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە:
• پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا: ئێستا ئامێرەکانی وەک “قەستەرە” و “تیشکی تەنووری” بەردەستن، کە ڕێگە دەدەن گرفتەکانی دەمار زۆر زووتر دەستنیشان بکرێن بەراورد بە ڕابردوو.
• گۆڕانی شێوازی ژیان: بە پێچەوانەی نەوەکانی پێشوو کە چالاک بوون و زیاتر بە پێ دەڕۆیشتن، گەنجانی ئێستا بەدەست کەمجوڵەیی، قەڵەوی و خواردنی ناتەندروستەوە دەناڵێنن.
ئامۆژگاری بۆ وەرزشوانانی هۆڵەکانی لەشجوانی
یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی ناو قسەکانی د. دلێر غازی، ئاراستەکردنی پەیامێکی تایبەت بوو بۆ ئەو گەنجانەی ڕوو لە هۆڵەکانی لەشجوانی دەکەن. ئەو جەختی کردەوە:
“پێویستە گەنجان پێش دەستپێکردنی هەر جۆرە وەرزشێکی قورس، سەرەتا سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی دڵیان، تاوەکو دووربن لە هەر مەترسییەکی لەناکاو.”
ڕێگاکانی خۆپارێزی
لە کۆتاییدا، ئەو پزیشکە پسپۆڕە ڕێنمایی هاووڵاتیان دەکات کە کار لەسەر “گۆڕینی شێوازی ژیان” بکەن. پێویستە ئەوانەی کێشیان زۆرە یان چەوری خوێنیان هەیە، پارێزی بکەن و لەژێر چاودێری پزیشکدا دەرمان بەکار بهێنن. هەروەها بایەخدان بە وەرزش و خواردنی تەندروست وەک تەنها کلیلی پاراستنی تەندروستی دڵ پێناسە کرد.