ماكوان عێزەت – هەولێر
شێرپەنجەی سییەکان بە یەکێک لە کوشندەترین و باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە جیهاندا دادەنرێت و هۆکاری یەکەمی گیان لەدەستدانە بەم نەخۆشییە. پزیشکان هۆشداری دەدەن کە زۆربەی حاڵەتەکان تەنها ئەوکاتە دەستنیشان دەکرێن کە نەخۆشییەکە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، بۆیە جەخت لەسەر گرنگیی “پشکنینی پێشوەختە” دەکەنەوە بۆ ڕێگری لە تەشەنەکردنی.
پشکنینی پێشوەختە چییە و بۆچی گرنگە؟
د. هیوا خالید گەردی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و کۆئەندامی هەناسە، ڕوونی دەکاتەوە کە پشکنینی پێشوەختە بریتییە لە بەکارهێنانی تیشکی سی تی سکانی سییەکان (Low-dose CT scan) بۆ دۆزینەوەی شێرپەنجە پێش ئەوەی هیچ نیشانەیەکی لێ دەربکەوێت.
دکتۆر هیوا دەڵێت: “لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا دەتوانرێت چارەسەری بنبڕی نەخۆشییەکە بکرێت، چونکە کاتێک نیشانەکان دەردەکەون، زۆرجار نەخۆشییەکە گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار.” ئاماژەی بەوەش کرد کە ٨٥٪ی تووشبووان جگەرەکێشن یان پێشتر کێشاویانە، جگە لە هۆکارەکانی وەک پیسداگەڕانی ژینگە و لایەنی بۆماوەیی.
ئەو کەسانەی لە “بازنەی مەترسی”دان
پزیشکان سێ پێوەری سەرەکی دەستنیشان دەکەن کە ئەگەر لە کەسێکدا هەبن، پێویستە پشکنینی پێشوەختە بکات تەنانەت ئەگەر هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکەشی تێدا نەبێت:
١. تەمەنی لە نێوان ٥٠ بۆ ٨٠ ساڵاندا بێت.
٢. هێشتایش جگەرە بکێشێت، یان وازی هێنابێت بەڵام ماوەی وازهێنانەکەی لە ١٥ ساڵ کەمتر بێت.
٣. مێژووی جگەرەکێشانی هەبێت (بۆ نموونە بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ ڕۆژانە پاکەتێکی کێشابێت).
پشکنینی پێشوەختە؛ کولتوورێک کە پێویستە پەیڕەو بکرێت
لە لایەکی ترەوە، د. فەهمی حسێن کاکەمەد، پسپۆڕی نەشتەرگەری سنگ و دڵ و بۆرییەکانی خوێن، ئاماژە بەوە دەکات کە باشترین ڕێگای خۆپارێزی دوورکەوتنەوەیە لە هۆکارەکان، بەڵام بۆ ئەوانەی ناتوانن واز لە جگەرە بهێنن، پشکنین دەبێتە تەنها ڕێگا.
دکتۆر فەهمی دەڵێت: “بەداخەوە لە کۆمەڵگەی ئێمە پشکنینی پێشوەختە نەبووەتە کولتوور.” ئەو جەخت دەکاتەوە کە هەر جگەرەکێشێک تەمەنی لە ٥٥ ساڵان تێپەڕی و زیاتر لە ٣٠ ساڵ مێژووی جگەرەکێشانی هەبێت و ڕۆژانە زیاتر لە پاکەتێک بکێشێت، دەبێت ساڵانە پشکنین بکات. ئەم کارە وا دەکات هەر گرفتێکی سەرەتایی زوو دەستنیشان بکرێت و چارەسەرکردنی ئاسانتر بێت.

