رۆژنامەی ھەولێر

سێبەری دارهەنجیر و خێزانە گەورەكە

فەرهاد قادر

ئێوارە عەسرێكی ساماڵ و خۆشە، رەشادی مام قادری دانیشتووە لەسەر كورسییەكی كۆنی پلاستیكی لە حەوشەی ئەو ماڵەی تیا لەدایك بووە. ماڵێك كە بۆن وبەرامەی منداڵی وچرپەو دەمەتەقێی ئێوارانی پڕ حەسرەتی یادەوەری كۆنی لەباوەش گرتووە. لەلای چەپیەوە دكتۆر كەماڵی ئامۆزای بە قاتێكی خۆڵەمێشی و ڕوخسارێكی لێوانلێو لە شكۆی جارانەوە دانیشتووە. دكتۆر كەماڵ مامۆستای زانكۆ و كەسایەتییە بەڕێزەكەی خێزانە گەورەكەیە و چەند ساڵێك لە ڕەشادی ئامۆزای گەورەترە، بەڵام نەك تەنها وەك ئامۆزا، بەڵكو وەك خەمخۆر و گەورەیەكی ئەو بنەماڵیە ئاوێنەیەكی پڕحیكمەتە.
لەو لایشەوە دایكی ڕەشاد بە جلوبەرگە ڕەشە ڕەسەنەكەیەوە بە سیما شیرین و جوانەكەیەوە دانیشتووە، كە ژنێكی بەساڵاچووی شایەتحاڵی سەردەمێكە كە وەك خەون تێپەڕیوە. هەردوو دەستی داوەتە بن چەناگەی؛ وەك ئەوەی كات لەنێو خەیاڵیدا وەستا بێ و چاوەكانی چیڕۆكێكی جیاواز بگێڕنەوە. ڕەشاد بەڕێوەبەری بەشی بڕوانامە دەرەكیەكانە (بیانییەكانە)، بە سروشت كەسێكی ئارامە و ڕاهاتووە بە بێدەنگی و دوور لە ژاوەژاوی پشت میزەكان، كاروبارەكانی ڕاهی دەكات؛ بەبێ ئەوەی ماندوویەتییەکەی خۆی پیشان بدات. دكتۆر كەماڵیش، چرایەكی ڕەوشەنە لە زانكۆیەكی بەناوبانگی شارە جوانەكەمان، وەك مامۆستایەكی زانكۆ هەم شكۆ، هەم خۆشەویستی هەڵگرتووە. كەم دووە، بەڵام كە دەدوێ هەموو گوێی بۆ دەگرن، وێڕای جیاوازی تەمەن لەگەڵ ڕەشادی ئامۆزای، بەڵام تاڵێكی پتەوی برایەتی لەنێوانیاندایە، كە بۆ ساتێكیش بێ یەكتر هەڵناكەن. ئەوان لەژێر سێبەری دارهەنجیرێك و لە خانەوادەیەكدا گەورە بوونە؛ لەو سەردەمەی وا ژمارەی منداڵ نەدەپێورا، بەڵكو بە ژمارەی چیڕۆكە هاوبەشەكان پێوانە دەكرا.
دكتۆر كەماڵ هەمیشە نزیكترین كەس بووە لە ڕەشاد، لە منداڵی ڕێنووسی بۆ راست دەكردەوە و لە دەوركردنەوەدا یارمەتی دەدا، كە گەورە بوو بە زەردەخەنەوە پێی دەگوت: ڕەشادە فەنی تۆ بڕوانامەی زانكۆت وەرگرتووە، بەڵام بەبێ چایە شیرینەكەی مامۆژنم، هێشتا بڕوانامەكەت لای من تەواو نییە.
هەموویان لە قاقای پێكەنیان دا و، دەستیان كرد بە خواردنی كولێرە بە ڕوون و پەنیرەكەی كە دكتۆر كەماڵ لەگەڵ دەستی خۆی لە كولێرەخانەكەی ئەو سەری كووچەی كۆڵانەكە هێنابووی. هەر بە دەم خواردنەوە، ڕەشاد وتی: دكتۆر گیان تۆ گەورەی ئێمەی، ئێوە لە ناخدا گەورەن، تەنانەت كاتێك بڕوانامەی قوتابیان واژۆ دەكەم، هەست بەوە دەكەم شوێن پێی تۆ هەڵدەگرم، نەك لە پێش تۆوە.
دكتۆر سەیرێكی كرد و وتی: برایەتی ئەوە نییە كێ لە پێشەوەیە یان لە دواوەیە، بەڵكو ئەوەیە كێ ناهێڵێت ئەویتر بكەوێت. پاشان سووكەبێدەنگییەك باڵی كێشا كە پڕ بوو لە حەسرەتی ڕۆژانێك كە گورگ و مەڕ بەیەكەوە لە كۆلێك ئاویان دەخواردەوە. ئەو جۆرە حەسرەتە پێویستی بە وشە نییە بۆ دەربڕین، چونكە دڵەكان دەدوێن لە بری جەستە. لەو ساتەوەختەدا دایكی ڕەشاد دەستێكی بە چاوەكانیا هێنا، ڕەنگە فرمێسكێكی سڕیبێتەوە كە نەیویست بێت ببینرێت و، گوتی: خودا لێكتان جیانەكاتەوە ڕۆڵەكانم.
لەو ساتەدا خۆر هەستی كرد تۆزێك دواكەوتووە لەئاوا بوون و هێواش هێواش بەرەو ئاوا بوون شۆڕ بۆوە، منیش لای ئێوەم خۆش و ماڵئاوا.