رۆژنامەی ھەولێر

ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی دایەگەوەر؛ ئەنتۆلۆژیای گەورە چیرۆکنووسانی جیهان

ئارام كۆشكی – سلێمانی

هونەری چیرۆک لە ڕیزی هونەرە سەختەکانە، چونکە لە چیرۆکدا، نووسەر پێویستە لە ڕووبەرێکی بچووکدا ئەوەی مەبەستییەتی بیگەیەنێت، کە لە هونەری ڕۆماندا چەندین ڕێگە و کاراکتەری جیاجیای لەبەردەمدایە کە دەتوانێت بە چەندین شێوە گوزارشتی لێ بکات. بەشێکی زۆر لە نووسەران دانیان بەم سەختییەی چیرۆکنووسیندا ناوە، بەڵام بەشێکیشیان هێندە بۆی وەفاداربوون لەگەڵ ئەو سەختییەدا ژیاون و بەشێکی زۆری وزەی گێڕانەوەییان لەم هونەرەدا خستووەتەگەڕ.

ڕەنگە دوو نموونەی دیار و ناودار کە لێرەدا بتوانین ئاماژەی بۆ بکەین “ئەنتۆن چیخۆف”ی ڕووسی و “خۆرخە لویس بۆرخیس”ی ئەرجەنتینی بێت، کە تا کۆتاییەکانی تەمەنیان وەفاداربوون بۆ هونەری چیرۆک. ئەگەرچی هەردووکیان لە ژانری دیکەشدا دەقیان نووسی، بەڵام چیرۆک هونەرە هەرە دڵخوازەکەی ئەوان بوو. چیخۆف جگە لە چیرۆک شانۆنامەشی نووسیوە و بۆخیس-یش شیعر و دەقی پەخشانیشی هەن. ئەم دوو چیرۆکنووسە کە هەریەکەیان لە جەمسەرێکی جیهانە، بەڵام دوو ناودارترینی سەدەی ڕابردوون لە بەرهەمهێنانی چیرۆکدا و دەتوانین بڵێین دوو قوتابخانەی گرنگی ئەم هونەرەن.
ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی دایەگەوەر؛ کۆمەڵەچیرۆکێکی جیهانییە و کە “ئەدیب نادر” کردوویەتی بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە دوتوێی 475 لاپەڕەدا بەچاپی گەیاندووە. کتێبەکە هەڵبژاردەیەکە لە ناودارترین چیرۆکی نووسەرانی جیهان لە هەموو لایەکی جیهانەوە، بە جیاوازی شێوازی نووسین و زمان و کارکردنەوە لەم هونەرەدا. بۆیە کاتێک کتێبەکە بەدەستەوە دەگرین هەست بەوە دەکەین ئەمە هەڵبژاردەیەکە بۆ دروستکردنی ئەنتۆلۆژیایەکی چیرۆکی جیهانی لە چیرۆکی گەورە چیرۆکنووسانی جیهان.
ئەم ئۆنتۆلۆژیایە پێکهاتووە لە 31 چیرۆکی چیرۆکنووسانی جیهانی کە چیرۆکی هەریەک لە “تۆڵستۆی، سالینجەر، ئەهداف سووەیف، پۆلین سمیس، بێن ئۆکری، جەی.جی. بالادۆر، جەیمس جۆیس، نادین گۆردیمەر، ئێف. سکۆا فیتزجیڕاڵد، بۆرخیس، گۆگۆڵ، ماریۆ ڤارگاس یۆسا، چارڵز بۆکۆوسکی، ڕەی برادبێری، بێرنارد مالاموود، ئیزاک بابل، چینوا ئاچنیبێ، گی دی مۆپاسان، ئێرنیست هەمەنگوای، جەیمس سێربەر، پریمۆ لێڤی، مارکیز، کافکا، ئیتاڵۆ کالڤینۆ، ئیزابێل ئەلەندی، پرۆسپەر مێریمی، هاینریش بۆل، فرانک ئۆکوونوور، ئیڤان تۆرگینیڤ، ئیزاک باشیڤیز سینگەر”
یەکێک لە درەوشاوەترین خاڵەکانی ئەم کۆمەڵە چیرۆکە ئەوەیە کە وەرگێڕ هەوڵی ئەوەی داوە لە هەموولایەکی جیهانەوە و بە زۆرێک لە زمانەکانی دونیا چیرۆک کۆ بکاتەوە و لەم ئەنتۆلۆژیایەدا دابنێن. ئەمە بێجگە لەوەی بەشێک لەم چیرۆکنووسانە هیچ چیرۆک، یان بەرهەمێکیان بە زمانی کوردی نییە و بۆ یەکەمجارە لەڕێی ئەم کۆمەڵە چیرۆکەوە دێنە نێو کتێبخانەی کوردییەوە و بەشێکیشیان جگە لە یەک بەرهەم هیچی دیکەیان بە کوردی نییە. بۆیە ئەم خاڵانە دەبنە خاڵی درەوشاوە و گرنگی ئەم کۆمەڵە چیرۆکە.
لەو دوو گەورە نووسەرەی لەسەرەتاوە ناوم هێنا، ئەوەی بۆمن جێگەی تێبینی بوو ئەوەیە کە هیچ چیرۆکێکی “ئەنتۆن چیخۆف”ی تێدا نییە، بێگومان ئەمە وەکو کەموکوڕی ئەم کتێبە باس ناکەم، بەڵکو وەکو سەرنجێک کە چیخۆف خاوەنی قوتابخانەیەکی گرنگی هونەری چیرۆکنووسییە و هاوکات یەکێکە لە وەفادارترین ئەو چیرۆکنووسانەی کە لەبەر ئەم هونەرە پەنای بۆ نووسینی ڕۆمان نەبرد، ئەگەرچی بەشێک لە چیرۆکەکانی گەلێک درێژن و دەکرێ ناوی ڕۆمان-یان لێ بنرێت، بەڵام خۆی هەر وەکو چیرۆک وێنای کردوون.
دەستخۆشی بۆئەم هەوڵە، کە یەکێکە لە هەوڵە گرنگەکانی ئەم بوارە و شایستەی و ستایشکردنە.