رۆژنامەی ھەولێر

چی گەورەیی نووسەران دیاری دەکات؟

ئارام كۆشكی – سلێمانی

هەفتەی پێشوو سەیری زنجیرەیەکی نوێم کرد سەبارەت بە ژیانی نووسەری چیکی “فرانتز کافکا”، زنجیرەکە ورد لەسەر چەند وێستگەیەکی ژیانی ئەم نووسەرە دەوەستێت، کە دەتوانم بڵێم گرنگترین وێستگەکانی ژیانی ئەون، (بێگومان نامەوێت باسی وردەکاریی زنجیرەکە بکەم)، بەڵام زنجیرەکە شایستەی بینینە. یەکێک لە هاوڕێکانی ئەم نووسەرە بە کافکا دەڵێت (تۆ نووسەرێکی مەزنیت.) دەستبەجێ و بەخێرایی کافکاش لە وەڵامدا دەڵێت (من نووسەرێکی بچووکم، خۆگەر نووسەر بم؟) ئەم وەڵامە سادەیە، بەڵام جێگەی تێڕامان و هەڵوەستە لەسەرکردنە. نووسەرەکان هەست بە گەورەیی خۆیان ناگەن، ئەگەر هەستیشی پێ بکەن شەرم لە دەربڕین و باسکردنی دەکەن ئەوە ئەوانی ترن گەورەیی ئەوان باس دەکەن و دەنووسنەوە. لەم وەڵامەی کافکاوە تێدەگەین ئەم نووسەرە، نەک خۆی بە نووسەرێکی مەزن نازانێت، بەڵکو گومانی لە نووسەربوونی خۆی هەیە، ئەمەش ئەوپەڕەی خاکەڕاییە، کە نووسەرێکی مەزن بینوێنێت.

لێرەدا پرسیارێک سەرهەڵدەدات ئایا کێ لە نووسەرانی ئێمە گومانی لە نووسەربوونی خۆی هەیە؟ کاتێک لە وەڵامی ئەم پرسیارە ورد دەبینەوە تێدەگەین کێشەی بەشی هەرە زۆری نووسەری کورد ئەوەیە گومانی لە نووسەربوونی خۆی نییە. هەر ئەمەشە وا دەکات کار و پڕۆژەکانی لە ئاستێکی نزمدا بمێنێتەوە، چونکە ئەوەی نووسەران پێشدەخات سەوزبوونی ئەو گومانەیە لە نووسین و نووسەربوونی خۆیان، تا هەمیشە لە هەوڵی فێربوون و فێرکارییدا بن، نەک هەڵوەدای ئەوە بن پاشناوی نووسەریی و شاعیریی و هونەرمەندی، یان”نووسەری گەورە”، یاخود “شاعیری گەورە” بۆ خۆیان دابتاشن و خۆیان وەکو “گەورەیەک” بناسێنن.
ئەگەر بە سەرنجەوە سەیری پانتایی ڕۆشنبیریی کوردی بکەین زۆرجار گوێبیستی ئەوە دەبین، کە پاشگریی (گەورە) دەنرێت بەناوی نووسەران و هونەرمەندان و شاعیرانەوە. زۆرجاریش ئەم پاشگرە وەکو جۆرێک لە ڕێزلێنان، یان پیشاندانی گەورەیی ئەو نووسەر و هونەرمەند و شاعیرەیە. بەڵام زۆرجاری دیکە نووسەرێک شاگەشکەیە بەوەی کە وای پێبوترێت و ئیدی بیر لە بەرپرسیارێتییەکەی ناکرێتەوە. خاڵێکی گرنگ کە لێرەدا دەمەوێت باسی بکەم ئەوەیە، کە ئێمە بەرپرسیارین لەبەرامبەر ئەو پاشگرانەی دەبینە هەڵگریی. بۆ نموونە “نووسەریی”، یان “ڕۆژنامەوانی”، یاخود “هونەرمەندی”، ئایا بەڕاست ئێمە هەڵگریی ئەو نازناوانەین، کە هەڵگریین، یان نازناوگەلێکن خۆمان بەخۆمانەوە هەڵواسیوە.
لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هەندێک نووسەر و ڕۆژنامەنووس ئەم نازناوانەیان بەخۆیانەوە هەڵواسیوە، یان بەرلەناوەکەیان ئەو نازناوانە دەنووسن، بەڵام بەدەگمەنیان تێدایە “نووسەر، یان هونەرمەند” بن. نووسەریی، یان هونەرمەندبوون، هەڵگری بەرپرسیارێتییەکی زۆرە. کاتێک نووسەری، یان هونەرمەندی، ئەگەر بەڕاستی نووسەر و هونەرمەندی جیدیت دەبێت بەرهەمت هەبێت. بەرهەمداربوون لە هەر کایەیەکدا مرۆڤەکان دەکات بە هونەرمەند، یان نووسەر، چۆن پیشەیەکی وەکو دارتاشی پێویستی بە شارەزاییە لەو بوارە و دەستڕەنگینی و بەرهەم هەیە.
کاتێکیش جگە لە یەکێک لەو نازناوانە پاشگریی “گەورە” بە هونەرمەند، یان نووسەرێکەوە دەنرێت، ئیدی بەرپرسیارێتییەکە دەبێتە دوو هێندە و زیاتریش، چونکە ئەوکات جگە لە بەرهەم گرنگە کاریگەریی و تێپەڕاندن و شتێکی نوێ لە بەرهەمەکاندا هەبێت. بێگومان ئەمانەش بە دروشم نابێت، دەبێت ئەوانی تر (لێکۆڵەران، ڕەخنەگران، کەسانی پسپۆڕ) ئەمە پیشان بدەن و بیسەلمێنن، نەک تەنها بیڵێن، سەلماندن لێرەدا گەورەیی ئەو نووسەر/هونەرمەندە یەکلایی دەکاتەوە، نەک تەنها گوتن.
ئەوەی گەورەیی نووسەران دیاری دەکات؟ پێدانی نازناو و ئەو پاشگرانە نییە، کە خۆیان، یان ئەوانتر تر لێیان دەنێن، بەڵکو بەرهەمەکانیان پێناسەی گەورەیی نووسەران و هونەرمەندانە. ئەو بەرهەمگەلەی کە توانای بڕینی ساڵەکان و سەدەکانیان هەیە، ئەوانە دەبنە ناسنامەی گەورەیی بۆ خاوەنەکەی. ئەحمەدی خانی گەورەیە، چونکە مەموزینی بە ئێمە گەیشتووە. نالی و مەحوی و سالم و دەیان شاعیر و نووسەری دیکە بۆیە گەورەن چونکە بەرهەمەکانیان بە ئێمە گەیشتووە و لێیان بەهرەمەندبووین و بەردەوام نەوە دوای نەوە دەخوێنرێنەوە.
دەتوانین بە کەمێک ڕەهاییەوە بڵێین بەرهەمی هەر نووسەرێک/ هونەرمەندێک نەیتوانی ساڵەکان و سەدەکان ببڕێت ناتوانرێت ناوی “نووسەریی”، یاخود “هونەرمەندی” پێوە بلکێنرێت. نەخاسمە پاشگریی “گەورەیی” پێوە بلکێنرێت.