سەردار ئەکرەم/ بەریتانیا
شانۆ، وەک ئاوێنەیەکی ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگا و ژیانی مرۆڤ، بە درێژایی مێژوو گۆڕاوە و پەرەی سەندووە. لە کۆتاییەکەی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا، دوو بزووتنەوەی گرنگی هونەری، واتە سروشتگەرایی (ناتۆریالیزم) و ڕیالیزم، کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر شانۆ دروست کرد. ئەم دوو ڕێبازە، هەرچەندە زۆر لە یەکترەوە نزیکن، بەڵام خاڵی جیاوازی سەرەکییان هەیە لە شێوازی گوزارشتکردن لە واقیع. سروشتگەرایی (ناتۆریالیزم) لە شانۆدا سروشتگەرایی لە شانۆدا بزووتنەوەیەکی هونەرییە کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە ئەوروپا سەری هەڵدا. ئامانجی سەرەکی ئەم ڕێبازە بریتییە لە دروستکردنی وێنەیەکی تەواو واقیعی و بێگەرد لە ژیان لەسەر شانۆ، بە شێوەیەک کە بینەر هەست بکات ڕووداوەکان بە شێوەیەکی سروشتی و بێ دەستکاریکردن ڕوودەدەن. ئەم بزووتنەوەیە بە تایبەتی لەلایەن شانۆنووسە فەرەنسییەکانەوە پەرەی پێدرا، بەڵام یەکێک لە سەرکەوتووترین نموونەکانی شانۆنامەی “خاتوو جوولی”ی ئۆگست ستریندبێرگ بوو، کە بە مەبەستی پابەندبوون بە بنەماکانی سروشتگەرایی نووسرا. نووسەرانی ناتۆریالیزم و مەبەستەکانیان ئیمیل زۆلا، ڕۆماننووس و تیۆریستە ئەدەبییە فەرەنسییەکە، بە یەکێک لە پێشەنگەکانی سروشتگەرایی دادەنرێت و زاراوەی (la nouvelle formule)ـی بۆ ئەم ڕێبازە بەکار هێناوە. سێ بنەمای سەرەکیی سروشتگەرایی (faire vrai، faire grand، faire simple) بریتین لە:
1. ڕاستگۆیی و لێکۆڵینەوەی قووڵ: شانۆنامەکە دەبێت واقیعی بێت و ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی ورد بێت لەسەر هەڵسوکەوت و دەروونناسیی مرۆڤ. کاراکتەرەکان دەبێت گۆشت و خوێن بن؛ پاڵنەر و کردارەکانیان دەبێت لە بۆماوە و ژینگەکەیانەوە سەرچاوە بگرن. دیمەن و نواندنیش دەبێت واقیعی بێت و دوور بێت لە زیادەڕۆیی و شانۆگەری. بۆ نموونە، دیمەنی تاکانەی شانۆنامەی “خاتوو جوولی” تەنها چێشتخانەیەکە.
2. گرنگی کێشەکان: ململانێکانی ناو شانۆنامەکە دەبێت کێشەی گەورە و چارەنووسساز بن، نەک بچووک و بێ بایەخ.
3. سادەیی: شانۆنامەکە دەبێت سادە بێت و دوور بێت لە چیرۆکی لاوەکی ئاڵۆز یان ڕوونکردنەوەی درێژ و بێزارکەر. کاریگەریی تیۆری پەرەسەندنی چارڵز داروین بە ڕوونی لە شانۆنامە سروشتگەراییەکاندا بەدی دەکرێت، بە تایبەتی لە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی ژینگە لەسەر کاراکتەر و وەک پاڵنەرێک بۆ هەڵسوکەوت. سروشتگەرایی جەخت لەسەر شێوە قسەکردنی ڕۆژانە، باوەڕپێکراوی لە نووسیندا (نەبوونی تارمایی، ڕۆح یان خوداوەند لە کردارە مرۆییەکاندا)، هەڵبژاردنی بابەتە هاوچەرخ و گونجاوەکان (نەبوونی شوێنی نامۆ، جیهانی تر یان خەیاڵی، یان سەردەمی مێژوویی و ئەفسانەیی)، فراوانکردنی بازنەی کۆمەڵایەتی کاراکتەرە نواندراوەکان (نەک تەنها ئەرستۆکراتەکانی درامای کلاسیک، بەڵکو پاڵەوانە بۆرژوازی و چینی کرێکار) و ململانێ کۆمەڵایەتییەکان و، شێوازێکی نواندن کە هەوڵدەدات وێنەیەکی واقیعی دروست بکاتەوە. لە نووسەرە دیارەکانی ناتۆریالیزم دەتوانین ئاماژە بەمانە بدەین: ئۆگست ستریندبێرگ (August Strindberg)، ئیمیل زۆلا (Émile Zola)، گێرهارت هاوپتمان (Gerhart Hauptmann)، لیۆ تۆڵستۆی (Leo Tolstoy) و هێنریک ئیبسن (Henrik Ibsen)؛ داواکارییەکانی ناتۆریالیزم لە شانۆداداواکاری سەرەکی ناتۆریالیزم لە شانۆدا بریتی بوو لە پێشکەشکردنی ژیان بە شێوەیەکی زانستیانە و بێ لایەنانە، وەک ئەوەی لە تاقیگەیەکدا لێکۆڵینەوە لەسەر دیاردەیەک بکرێت. ئەوان دەیانویست شانۆ ببێتە ئامرازێک بۆ شیکردنەوەی هۆکارە کۆمەڵایەتی و بایۆلۆژییەکانی هەڵسوکەوتی مرۆڤ. بۆ ئەم مەبەستە، داوای دیمەنی ورد و ڕاستەقینە، جلوبەرگی ئاسایی، دیالۆگی سروشتی و نواندنی بێ زیادەڕۆییان دەکرد. هەروەها جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە کێشە و ململانێکانی ناو شانۆنامەکان دەبێت لە ژیانی ڕاستەقینەوە سەرچاوە بگرن و کاریگەری قووڵیان لەسەر ژیانی کاراکتەرەکان هەبێت. ئەگەر بێت باسی ڕەخنەکان لە ناتۆریالیزمی شانۆیی سروشتگەرایی بکەین، سەرەڕای هەوڵەکانی بۆ پێشکەشکردنی واقیع، ڕووبەڕووی چەندین ڕەخنە بووەوە. یەکێک لە ڕەخنە سەرەکییەکان ئەوە بوو کە زۆرجار بابەتە تاریک و ناخۆشەکانی ژیان وەک هەژاری، ڕەگەزپەرستی، سێکس، لایەنگری، نەخۆشی و پیسی نمایش دەکرد، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بێ سڵەمینەوە، کە ئەمەش لەلایەن هەندێکەوە بە زیادەڕۆیی و بێزراو دادەنرا. هەروەها، هەندێک ڕەخنەگر پێیان وابوو کە سروشتگەرایی تەنها دووبارەکردنەوەی ڕووکەشەکانی ژیانە و ناتوانێت قووڵایی و لایەنە ئاڵۆزەکانی دەروونی مرۆڤ بە تەواوی بگەیەنێت. هەندێکی تر پێیان وابوو کە ئەم ڕێبازە هونەری شانۆیی کەم دەکاتەوە و دەیکاتە تەنها وێنەیەکی فۆتۆگرافی لە ژیان، کە ئەمەش ڕۆڵی خەیاڵ و داهێنان لە هونەردا کەم دەکاتەوە.
ڕیالیزم لە شانۆدا
ڕیالیزم بزووتنەوەیەکی گشتی بوو کە لە شانۆی سەدەی نۆزدەهەمدا، نزیکەی ساڵانی ١٨٧٠کان دەستی پێکرد و بە درێژایی زۆربەی سەدەی بیستەم بەردەوام بوو. ڕیالیزمی سەدەی نۆزدەهەم پەیوەندییەکی نزیکی بە پەرەسەندنی درامای مۆدێرنەوە هەیە، کە بە گشتی دەوترێت لە سەرەتای ساڵانی ١٨٧٠کانەوە دەستی پێکردووە بە کارەکانی شانۆنووسی نەرویجی هێنریک ئیبسن. ئامانجی ڕیالیزم بریتی بوو لە هێنانی واقیعییەتی زیاتر بۆ دەق و نمایشە شانۆییەکان. ئەم بنەمایانە لە دەق، دیزاینی دیمەن، جلوبەرگ، دەنگ و ڕووناکی، شێوازی نواندن و، پێکهاتەی گێڕانەوەدا ڕەنگیان دەدایەوە. ئەوان هەوڵیان دەدا وێنەیەکی هاوشێوەی ژیانی ڕاستەقینە لەسەر شانۆ دروست بکەنەوە، بەڵام بەبێ دیواری چوارەم (لە شانۆکانی پرۆسینیوم ئارچ). کاراکتەرەکان بە دیالۆگی سروشتی و ڕەسەن قسەیان دەکرد بەبێ شیعر یان شێوازی شاعیرانە و، نواندنیش بە مەبەستی لاساییکردنەوەی هەڵسوکەوتی مرۆڤ لە ژیانی ڕاستەقینەدا بوو. گێڕانەوەکان بە گشتی دەروونناسییانە بوون و دیمەنە ڕۆژانەیی و ئاساییەکانیان لەخۆگرتبوو. کردارە گێڕانەوەییەکان بە پێشکەوتنی کات دەڕۆیشتن و بوونی سروشتەودەر (سەروو سروشتی؛ وەکەو: خوداوەند، تارمایی، دیاردەی خەیاڵی) ڕووی نەدەدا. دەنگ و مۆسیقا تەنها لەناو چیرۆکەکەدا بوون (diegetic). ڕیالیزم بەشێک بوو لە بزووتنەوەیەکی هونەری فراوانتر، کە سروشتگەرایی و ڕیالیزمی سۆسیالیستی لەخۆگرتبوو. کۆنستانتین ستانیسلاڤسکی، یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی شانۆ، سیستەمێکی نواندنی پەرەپێدا کە بە تایبەتی گونجاو بوو بۆ ڕیالیزمی دەروونناسی. ئەو زاراوەی “ڕیالیزمی دەروونناسی”ـی بەکار هێنا بۆ جیاکردنەوەی سیستەمەکەی خۆی لە نمایشە سروشتگەراییەکانی سەرەتای شانۆنامەکانی ئەنتۆن چێخۆف و ماکسیم گۆرکی. جیاوازی نێوان ڕیالیزم و سروشتگەرایی هەرچەندە ڕیالیزم و سروشتگەرایی هەردووکیان هەوڵ دەدەن وێنەیەکی واقیعی لە ژیان لەسەر شانۆ پێشکەش بکەن، بەڵام خاڵی جیاوازییەکی سەرەکییان هەیە. ستانیسلاڤسکی جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە سروشتگەرایی بریتییە لە دووبارەکردنەوەی بێ جیاوازی ڕووکەشەکانی ژیان. بەڵام ڕیالیزم، هەرچەندە ماددەکەی لە جیهانی ڕاستەقینە و چاودێریکردنی ڕاستەوخۆ وەردەگرێت، تەنها ئەو توخمانە هەڵدەبژێرێت کە پەیوەندی و ئاراستەکانی ژێر ڕووکەشەکە ئاشکرا دەکەن. ئەوانی تر فڕێ دەدرێن. بە واتایەکی تر، سروشتگەرایی زیاتر تیشک دەخاتە سەر وردەکارییە فیزیایی و ژینگەییەکان، بە شێوەیەکی زانستیانە هەوڵدەدات هێزە ژێرەکییەکان (وەک بۆماوە و ژینگە) کە کاریگەرییان لەسەر کردارەکانی کاراکتەرەکان هەیە، دیاری بکات. لە کاتێکدا ڕیالیزم زیاتر گرنگی بە لایەنە دەروونناسی و کۆمەڵایەتییەکانی کاراکتەرەکان دەدات، بەدوای ڕاستییە قووڵترەکاندا دەگەڕێت کە لە پشت ڕووکەشەکانەوەن. سروشتگەرایی زۆرجار بابەتە تاریک و ناخۆشەکانی ژیان وەک هەژاری، ڕەگەزپەرستی، سەرجێیی (سێکس)، لایەنگری، نەخۆشی و پیسی نمایش دەکات، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بێ سڵەمینەوە. ئامانجی سروشتگەرایی و ڕیالیزم هەردووکیان هەوڵیان دا واقیع بە شێوەیەکی جیاواز لەسەر شانۆ بگێڕنەوە، یەکەمیان بە وردەکارییە زانستییەکان و دووەمیان بە قووڵایی دەروونناسی. هەر یەکێک لەم بزووتنەوانە بە شێوەی خۆی کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر پەرەسەندنی شانۆ و تێگەیشتنی مرۆڤ لە هونەر و واقیع هەبوو و، تا ئێستاش وەک سەرچاوەی ئیلهام و گفتوگۆ لە جیهانی هونەردا ماونەتەوە.

