و: شۆڕش غەفووری – هەولێر
ژمارەیەکی کەم دەزانن “بۆچی”؟ ژمارەیەکی زۆر کەمتریش دەزانن “چۆن”؟! بەڵام تەنانەت هەر ئەوانەی کە دەشزانن، تەنها بە بەشێکی کەمی “چڵۆنایەتی” ئاشنان، لەگەڵ ئەوەشدا خوێندنەوەی جۆری نیگا و گوێگرتن لە ئەزموونەکانیان دەتوانێت گرێكەرەوەی زۆرێک لەو كونجكۆڵانە بێت کە لە هەوڵی دۆزینەوەی واتای ژیانن، واتایەک بۆ هەموو “بۆچییەکان” و “چییەکان” و لەوەش گرنگتر “چڵۆنایەتییەکان”.
(ئێریک وەینەر ـ Eric Weiner) لە کتێبی (سوقرات ئێکسپرێس: گەڕان بە دوای وانەكانی ژیان لای فەیلەسووفە كۆچكردووەكان ـ The Socrates Express: In Search of Life Lessons from Dead Philosophers)ـدا و بە تێڕوانینێكی گەشتكەرانە بۆ ژیان، دەستی خوێنەری پرسیاركەر دەگرێت و هەوڵ دەدات لە ڕوانگەی 14 فەیلەسووفی حەكیمەوە، پرسیارە بنەڕەتییەکانی ئەو لەبارەی “چڵۆنایەتییەکان” وەڵام بداتەوە.
لەبارەی کتێبی سوقرات ئێکسپرێس:
شیكاری وشەی “فەلسەفە”، دەمانگەیێنێتە دوو وشەی دیكە كە ئەوانیش بریتین لە “فیلۆ” بە واتای خۆشەویست و “سۆفیا” بە واتای زانست. کەواتە فەلسەفە بە واتای خۆشەویستیی زانستە و فەیلەسووفیش دڵدار و خوازیاری داناییە. ئەم دانایییە بە بڕوای ئێریک وەینەر، بۆ ئەوەی زیاتر بە كەڵكی ژیان بێت، پێویستە تێكەڵ بە “حیکمەت” بکرێت، واتە بە ڕێگەچارەیەکی كاریگەر بۆ سوودوەرگرتنی زیاتر لە ئاوەزی فەیلەسووفان.
ئەوە حیکمەتە كە داتا و زانیاری و هۆکارەکان وەردەگرێت، شییان دەکاتەوە و باشترینەكانیان دەخاتە ڕوو و ئەم “باشترین”ـانە بۆ هەر کەسەی جیاوازە، بەڵام بۆ مەگەر تەمەنی ئێمە بەشی لێکۆڵینەوە و شڕۆڤەی بیروڕا و ئەندێشەكانی چەند کەس دەكات! و لە لایەکی ترەوە ئایا دەتوانرێت بە ئاسانی بگەینە تێگەیشتن لە فەلسەفە؟ وەینەر هەمیشە هەوڵی داوە لە بەرهەمەکانیدا و لەم كتێبەشیدا (سوقرات ئێکسپرێس) کە تەواو لە کاتی گەشتکردن بە شەمەندەفەر نووسراوە، ژیان وەک گەشتێك ببینێت و حەز و خولیاكانی لە گەشتکردن بە شەمەندەفەر ببەستێتەوە بە ژیانی فەیلەسووفانی تر و ئەندێشەكانیان، فەیلەسووفگەلێك لە یۆنانی کۆنەوە تا سەدەی ٢١؛ ئەوانەی کە هەم خەریكی هزر و كونجنكۆڵی بوون بۆ دۆزینەوەی وەڵامی پرسیارە سەرەكییەكانی ژیان و هەم ئەوانەی كە گرفتار و دەستبەستراوی ژیانی هەرڕۆژەیی بوونە وەكوو ئێمە.
بەشێك لە كتێبەكە:
“ناسینی سوقرات لە کارە هەرە دژوارەكانە. هێندە بەرزمان كردوووەتەوە كە هەر نایبینین. بووەتە خاڵێک لە ئاسۆ، خەیاڵێکی لێڵ و تار. حەیف. سوقرات هێندەش ون و نادیار نەبوو كە دەست پێی ڕانەگات. لە مرۆڤ دەچوو، نەوەک خەیاڵ و وەهم و ون بێت. وەک مرۆڤ هەناسەی دەکێشا، بە پێ دەڕۆیشت، كارەكانی ڕۆژانەی ئەنجام دەدا، خۆشەویستی دەکرد، پەنجەی دەخستە نێو لوتی، دەیخواردەوە، و گاڵتەی دەکرد”.
وەینەر، بە دوای ڕێگەیەکی بەردەست و دیاری نێو تێڕوانینی فەلسەفییە بۆ ژیان و هەر لەو چوارچێوەیە و بۆ پاراستنی قاڵبی گەشتكردنەكەی، بابەتەکانی کتێبەکەی لە سێ بەشی بەیانی، نیوەڕۆ و ئێوارە ڕێکخستووە. لە بەشی یەکەمدا، باسی دەستپێکی ئەم گەشتە دەكات لە ڕوانگەی بیرمەندانی وەک مارکۆس ئائۆرلیۆس، سوقرات و ڕۆسۆ. وەینەر، هەوڵی داوە بە تێڕوانینی تایبەتی خۆی، بەشگەلێك لە فەلسەفەی ئەو بیرمەندانەی کە هەنگاوی سەرەتاییان ناوە بۆ كەشفكردنی واتای ژیان، بە دەربڕینێكی سادە و تێکەڵ بە گاڵتە و گەپ بۆ خوێنەر بخاتەڕوو، بۆ نموونە چۆن وەک مارکۆس ئائۆرلیۆس لە جێگای نووستنەكەمان هەستین؟ یا چۆن وەک سوقرات سەرسام بین یان وەک ڕۆسۆ بەڕێگەدا بڕۆین:
“گەورەترین کێشە و لەمپەر، ڕەنگە هەر ئەم مرۆڤانەی دەوروبەرمان بن. لەوانەیە مارکۆس بەقەدرا ڕستە بەنێوبانگەكەی (ژان پۆڵ سارتر) واوەتر نەچووبێت كە دەیگوت (دۆزەخ واتە کەسانی تر)، بەڵام ڕاستیەكەشی زۆر لە بابەتەكە نزیک ببووەوە، بەتایبەت کە دەیگوت (بەیانی کە بە ئاگا دێیتەوە، بە خۆت بڵێ: ئەو خەڵکەی ئەوڕۆ پێویستە بیانبینم هەر لە بنەڕەتەوە فزوول و بێچاوەڕوو و لەخۆبایی و حەسوود و عەبووسن). لە سەردەمی مارکۆسەوە تا ئەمڕۆ، هیچ شتێک نەگۆڕاوە”.
ئێستا کە یەکەم هەنگاومان بە هاوكاری و خوێندنەوەكەی وەینەر لە دیدگای هەندێک فەیلەسووفەوە هەڵێناوەتەوە، نۆرەی هەنگاوێكی گرنگتر و پتەوترە، هەنگاوەکانی نێوەڕاستی ڕێگاكە، هەنگاوگەلێك بۆ جێگیربوون. وەینەر، لە بەشی دووەمی کتێبەکەیدا، بە چاویلكەی بیرمەندانی وەک ئەپیکوور، گاندی و کۆنفوسیووس دەست بە شڕۆڤەی چۆنیەتی زیادکردنی چێژ، خۆشەویستی، سەرنج و پێویستییەكانی خەباتکردن دەکات. شتێک کە هەمووان پێویستیان پێیەتی، هەندێک زیاتر، هەندێک کەمتر.
لە بەشی سێیەمی کتێبەکەیشدا، دەگەینە قۆناغی کۆتایی گەشتەكە. کۆتاییەک کە خۆی لە خۆیدا دەكرێت دەستپێکی گەشتێکی دووبارە بێت. نووسەر لەم بەشەدا ڕوویکردووەتە بیرمەندانی وەک نیچە، سیمۆن دوبۆڤار و مۆنتێنی و شڕڤەی خۆی لە تێهزرینەكانی ئەوانەوە دەخاتە ڕوو، ئەویش بە ناوونیشانی وەك (چۆن وەک نیچە حەسرەت و ئەفسووسمان نەبێت)، (چۆن وەک مۆنتێنی بمرین) یان (چۆن وەک سیمۆن دوبۆڤار پیر ببین). بێبەشبوون و داخداری، پیری و مەرگ، ئەو شتانەن کە ساڵانێکە بوونەتە مێشی كەرانگازی بیری مرۆڤ و بە زیادبوونی تەمەن زیاتر دەكەونە كەوڵكردنی گیانی مرۆڤ؟
لە كتێبەكەدا هاتووە:
“تاقیکردنەوەیەکی زەینی: ژنێک بهێننە بەر چاوتان کە لە بیانبانێكی بەڕەهووت و چۆڵ، تاك و تەنیا، گەورە بووە. ئایا ئەم خانمەش پیر دەبێت؟ بێگومان چین و چرووك دەكەوێتە ڕووخسار و لەشیەوە و کێشەی زۆری جەستەیی بۆ دێتە پێش. لە خوێنگەرمی و چالاكی و خۆشی دەکەوێت، بەڵام ئەمە بە واتە پیربوون دێت؟ وەڵامی سیمۆن نایە. پیربوون لە ڕوانگەی سیمۆن دوبۆڤارەوە، بابەتێکی کەلتوورییە و بەپێی حوکم و قەزاوەت و تێڕوانینی کەسانی دیكەوە ڕوودەدات. ئەگەر دادوەرێک لە کاردا نەبێت، حوکم و دادوەری و قەزاوەتێكیش لە ئارادا نییە. کچی بیابانەكەش بە دڵنیاییەوە تەمەنی هەڵدەكشێت و لە ڕووی بایەلۆژییەوە دەگۆڕێت، بەڵام پیر نابێت”.
ئەگەر پیشەییانە لە بواری فەلسەفە خوێندبێتتانەوە، لەوانەیە نەبوونی ناوی كەسانی وەك هێگڵ، کانت، هایدگەر و فەیلەسووفە ناودارەکانی تر لەم کتێبەدا جێگەی سەرسووڕمان و پرسیار بێت و ڕێك هەر لەبەر ئەم هۆكارە نابێت ئەم بەرهەمە وەك كتێبێك بۆ ئاشنابوون بە ئەندێشەی فەیلەسووفەكان تەماشا بكەن.
ئەم کتێبە، خوێندنەوە و تێگەیشتنی نووسەرە لە ڕێباز و هێڵی فكریی هەندێک لە فەیلەسووفان، تێگەیشتنێک کە دەتوانێت لەگەڵ تێڕوانینی کەسانی تر جیاواز بێت و لە گۆشەنیگایەكی نوێوە بەرەوڕووی هەریەکەیان ببێتەوە. بۆیە خوێنەرە جدییەكانی فەلسەفە دەتوانن بە چاوی فەزایەکی هەناسەدان یان پانتایی خەڵوەتی ئەندێشەكان تەماشای ئەم كتێبە بكەن و ئەوانەی کە تازە دەستیان کردووە بە خوێندنەوەی فەلسەفە، پێیەکانیان بە خستنە نێو دەریای هزر و تیۆری بیرمەندەكانەوە تەڕ بکەن تاکو وردە وردە ئامادە بن بۆ چراویلكە بۆ نێو قووڵاییەكان.
لەبارەی نووسەرەوە:
ئێریک وەینەر، ڕۆژنامەنووسێکی سەرقاڵ و ڕێزلێگیراوی ڕۆژنامەکانی واشنتۆن پۆست و نیویۆرکەر، نووسەر و وتاربێژە. نووسەرێک کە عاشقی ئەوەیە گەشت و فەلسەفە پێكەوە ببەستێتەوە و زۆربەی بەرهەمەکانی ناوەرۆکێكی فەلسەفی و ڕۆحانی و عیرفانییان هەیە.

