رۆژنامەی ھەولێر

مرۆڤ هێندەش بەتام نییە ناساندنی کتێبی (لاشەی نەرم) لە نووسینی (ئاگۆستینا باستریکا)

وەرگێڕانی شۆڕش غەفووری

 

کتێبی (لاشەی نەرم ـ (Tender Is the Flesh لە نووسینی (ئاگۆستینا باستریکا ـ Agustina Bazterrica)، یەکێکە لە ڕۆمانە شۆكاوییە دیستۆپیاییەکانی سەدەی بیستویەک. ئەم کتێبە، وێنایەکی تۆقێنەر لە جیهانێک دەخاتە ڕوو کە تێیدا مرۆڤەکان بوونەتە کاڵایەکی بەکاربراو و چەمکی ئەخلاق و مرۆڤایەتی لەژێر سێبەری یاسا نوێیەكاندا داڕماون.

کورتەی ڕۆمانەكە:
ڕۆمانی (لاشەی نەرم) لە ئایندەیەكی تاریک دەگێڕدرێتەوە؛ شوێنێک کە ڤایرۆسێکی نەناسراو وای کردووە خواردنی گۆشتی ئاژەڵان مەرگاوی بێت. حکومەتەکان بۆ ڕێگریکردن لە قەیرانی خۆراک، یاسایەکی سەیر دادەنێن: پەروەردەکردن، سەربڕین و بەکارهێنانی گۆشتی مرۆڤ وەک جێگرەوەیەکی فەرمی بۆ گۆشتی ئاژەڵان.
مارکۆس تیجۆ، کەسایەتیی سەرەکیی نێو ڕۆمانەكە، بەرپرسی ژووری ئۆپەراسیۆنی کارگەیەکی پیشەسازییە کە هەموو قۆناغەکانی بەرهەمهێنانی گۆشتی مرۆڤ (لە کێڵگەکانی پەروەردەکردنەوە تا سەربڕگە و فرۆشگاکان) کۆنتڕۆڵ دەکات. ماركۆس، دوای مردنی کوڕە بچووکەکەی و جیابوونەوە لە ژنەکەی (سیسیلیا)، لە نێو ژیانێکی چەقبەستووی كار و خەمۆکیدا دەژیت. هەموو شتێک، ئەودەمە گۆڕانی بەسەردا دێت کە یەکێک لە وەبەرهێنەرانی گۆشتی مرۆڤ، ژنێکی (نەوەی یەکەمی بێگەرد ـ (First Generation Pure وەک دیاری دەداتە مارکۆس. ناوی لێدەنێت یاسەمین و بە پێچەوانەی یاسا کۆمەڵایەتییەكان، لێی نزیک دەبێتەوە، پەیوەندییەكی یاساغ و شێتانەی لەگەڵ دروست دەكات كە دواجار دەبێتە هۆی دووگیانی یاسەمین.

شرۆڤە و شیكاری دیستۆپیایی
ڕەخنە لە کاڵابوونی مرۆڤ و سەرمایەداری ڕەها: باستریکا بە دروستکردنی جیهانێکی بێبەزەیی کە تێیدا مرۆڤەکان تەواو پیشەسازیانە پەروەردە دەکرێن، ڕەخنەیەکی ڕوونە لە بەكارهێنەری و بەکاڵاکردنی لەشی مرۆڤ و سەروەریی پێکهاتە سەرمایەدارییەكان. مرۆڤەکان دەكەونە ژێر وشەگەلی وەك “سەر” (كە بۆ ژماردنی ئاژەڵان بەكار دێت) و “بەرهەم” یان “گۆشتی تایبەت” تا بەم شێوەیە هەستی هاوسۆزی و ناسنامەی ئینسانی لەنێو ببەن.
توندوتیژیی سیستماتیك و ئاساییکردنەوەی تۆقین: ڕۆمانەکە پیشان دەدات چۆن توندوتیژیی تۆقێنەر، بە وشەگەلی فەرمی و زانستی، سروشتی و ئاسایی دەبێتەوە. وشە جێگرەوەکانی وەک “سەر” و “بەرهەم” بە هێواشی ویژدانی گشتی بێ‌هەست دەکەن.

کەسایەتیی مارکۆس؛ قوربانی یان هۆكار؟
مارکۆس پیاوێکە لە نێو هاودژیدا: زیرەک، ئازارچێشتوو، بەڵام لە هەمان کاتیشدا لە خزمەتی سیستەمدایە. ئەو سەرەڕای ڕقی ئەخلاقی، پەیوەستە بە سیستەمەوە؛ ڕووخسار و نوێنگەیەكی ڕاستەقینەی نەبوونی ‌بەزەیی و گوێڕایەڵییە. زۆر کەس پێیان وایە ئەو قوربانی نییە، بەڵکو نیشانەی مرۆڤێکی تەواو تەسلیمبوو و گوێڕایەڵی پێکهاتە و سیستەمێكی پیس و پڕ لە کەموکوڕی بەڵام زیندووە.

شێوازی نووسینی ئاگۆستینا باستریکا
باستریکا زمانێکی سارد، بێ‌هەست و کلینیکی بەکار دەهێنێت؛ ڕستەی کورت، بێ‌ مكیاج و ورد کە کەشی پیشەسازی، بێ‌ڕۆح و ساردی سەربڕگە و كوشتارەكان دەخوڵقێنێت. لە هەمان کاتیشدا، ناکۆکی نێوان وشە فەرمییەکان و وێنا تۆقێنەرەكان، درزێك لە نێوان زمان و ڕاستییەكان دەردەخات.

بۆ ئەم ڕۆمانە گرنگە؟
ئەم ڕۆمانە گێڕانەوەیەکی بوێرانەیە لەبارەی ناکۆکیی نێوان ئەخلاق و مانەوە و هەروەها گونجاوە لەگەڵ خوازیارانی بەرهەمە دیستۆپیاییەکان بە ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی ـ ئابووری وەک ڕۆمانەكانی (١٩٨٤) یان ڕۆمانی (دنیای جوانی نوێ) كە دیدێکی نوێی هەیە بۆ بابەتگەلی بەکاربردن و دەسەڵات. هەروەها ناتوانرێت بیر لە کۆتاییە سەرسوڕهێنەرەكەی کتێبەکە نەكەینەوە كە خوێنەر دەخاتە نێو دووبارە پێناسەکردنەوەی ماهیەت و سروشتی مرۆڤایەتی. پێویستە ئەوەش بڵەین كە کتێبی (لاشەی نەرم) ڕەخنەیە لە پێکهاتەکانی سەرمایەداری و پرسگەلی وەك ئەخلاق، بنەما و پەیوەندی.

دەرەنجام:
کتێبی (لاشەی نەرم)ـی (ئاگۆستینا باستریکا)، ڕۆمانێکی بوێرانە و لەبیرنەكراوە كە دنیای مۆدێرن و پێکهاتە بەکارهێنەرەكەی، بە شێوەیەکی بێ‌بەزەیانە دەداتە بەر نەشتەری ڕەخنە. ئەم کتێبە، نەک تەنها چیرۆکێکە دەربارەی مرۆڤخۆری، بەڵکو ئاگادارکردنەوەیەکە دەربارەی بیرچوونەوەی ئینسانیەت لە دنیای ئەمڕۆدا. ئەگەر بەدوای ڕۆمانێکی جیاواز، تاریک و بیرخەرەوە و شۆكاویدا دەگەڕێن، پێویستە ڕۆمانی (لاشەی نەرم) بخوێننەوە و هەرگیز لەدەستی نەدەن.