رۆژنامەی ھەولێر

سەبارەت تاکی کورد

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

کاتێک سەرنج لە زۆرێک لە کێشەکانی کۆمەڵگەی کوردی دەدەین هەست بەوە دەکەین، کە کێشە لە بنیادی کەسێتی تاکی کوردیدا هەیە، کێشەیەک کە چارەسەرکردنی زۆر سەختە و بەشێکی زۆری پەیوەندی بە پەروەردە و ئەو دۆخە ئابووریی و سیاسیی و نائارامییە دەروونیانەوە هەیە کە بۆ تاکی کورد بە درێژایی سەدەی ڕابردوو دروست کراوە و خۆبەخۆ و نەوە بەنەوە گواستراوەتەوە. بەشێکی ئەم کێشە بنیادیانە پەیوەندی بە ژینگەی گەورەبوون و ئەو دۆخە ئاڵۆز و نالەبارەوە هەیە، کە تاکی کورد لەنێوان چوار بەرداشتی چەوسێنەردا بە بەردەوامی لەژێر هەڕەشەی لەناوبردندا بووە، ڕوونتر بڵێم کۆی ئەم کێشانە لەوێوە سەرچاوەی گرتووە.

سیستمە حوکمڕانەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر گەشەی تاک و پێگەیشتنی دادەنێن، هەر بۆیە تاکێک کە لەژێر سایەی سیستمێکی دیموکراسی و فەزایەکی ئازاددا گەورە دەبێت جیاوازە لەو تاکەی لەژێر سیستمێکی دیکتاتۆرییدا گەورە دەبێت و ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر کەسایەتی دروست دەبێت. تاکی کوردیش لەبەرئەوەی لەژێر سیستمی دیکتاتۆرە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقدا بووە بۆیە بەدەر نییە لەو کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو سیستمانە.
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی دیکتاتۆرییەت لەسەر تاکی کورد و ئەو کێشە بوونیادیانەی بۆ تاک لە سیستمێکی دیکتاتۆریدا دروست دەبێت لە چاوپێکەوتنێدا بەختیار عەلی لە کتێبی “وەک دەریایەک پڕ لە نهێنی”دا دەڵێت: “مـرۆڤ لە سایەی دیکتاتۆرییەدا مرۆڤێکی تەندروستی لێ دەرناچێت، بـەر لە هەر شت ناوەوەی زیانی پێدەگات. سیاسەتی چـەوت تـەنیا کار لە باری ئابووری، یان ئازادی دەربڕین ناکات، بـەڵکو کـارێک دەکات مرۆڤەکان نەتوانن یەکتریان خۆشبوێت. تـرسناکترین نیشانەکانی سیستمی نەخۆش، تێکچـوونی توانای خۆشەویستییە لە مرۆڤەکاندا. دیکتاتـۆرییەت شتێکی مەترسیدار نەدەبوو گەر تەنیا سیستمێکی حـوکم بوایـە، کێشەکـە ئەوەیە توانای مرۆڤەکان لەسەر پەیوەندی مرۆڤانە وێران دەکات.” لێرەوە تێدەگەین بۆچی پەیوەندیی هاوڕێیەتی و هاوسەرگیری و زۆرێک لە پەیوەندییەکانی تر لە کۆمەڵگەی کوردییدا پەیوەندییەکی تەندروست نییە و زیاتر پەیوەندییەکی داگیرکەرانە و دیکتاتۆرییانەیە.
من وتارە کورتەدا نامەوێت پەل بۆ زۆر لایەنی کەسێتی تاکی کورد بهاوم، بەڵکو دەمەوێت بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەم بابەتە سەرنج لە پەیوەندی نێوان هاوسەرەکان، یان پەیوەندی هاوڕێیەتی بدەم لە کۆمەڵگەی کوردیدا و لەوێوە تێگەیشتێک هەڵبهێنجین. کاتێک بە سەرنجەوە لەو پەیوەندیانە ورد دەبینەوە یەکێک لە کێشەکانی پەیوەندی هاوسەرێتی و هاوڕێیەتی لە کوردستاندا ئەوەیە، کە هاوسەرەکان هەر یەکەیان کەسێکی لە خەیاڵدایە و دەیەوێت ئەوە لە کەسی بەرامبەردا دروست بکات. بۆ نموونە کاتێک “ئەلف” و “بێ” هاوسەرگیرییان کردووە “ئەلف” هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە وێنەیەک لە “بێ” دروست بکات، کە خۆی دەیەوێت. نەک ئەو وێنەیە قەبووڵ بکات، کە “بێ” خۆی هەیەتی و خۆی لەگەڵ ئەو تایبەتمەندییانەدا بگونجێنێت کە “بێ” هەیەتی. بێگومان ئەم حاڵەتە بۆ “بێ”ش هەر دروستە و ئەویش کاتێک بڕیاری داوە لەگەڵ “ئەلف” هاوسەرگیریی بکات دەیەوێت وێنەی ئەو کەسە خەیاڵییە لە “ئەلف” دروست بکات، کە خۆی دەیەوێت، نەک “ئەلف” بە هەموو تایبەتمەندییەکانییەوە قەبووڵ بکات. ئەمە تەنها لە پەیوەندی هاوسەرگیریدا وەها نییە، بەڵکو لە پەیوەندی هاوڕێیەتشیدا بە هەمان شێوەیە، کە ئەمە نیشانەی پێنەگەیشتن و تێنەگەیشتنی تاکی کوردییە لەوەی هەر تاکێک جیهانێکی تایبەت بەخۆی هەیە و گرنگە ڕێز لەو تایبەتمەندییانە بگیرێت. بەڵام لە پرۆسەی هاوڕێیەتی و هاوسەرێتیدا ناکرێت جگە لە داگیرکردنی ئەوی تر بیر لە ڕێگەی دیکەی پێکەوەیی نەکرێتەوە.
خاڵێکی گرنگ، کە لێرەدا گرنگە بیری خۆمانی بخەینەوە ئەوەیە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی کوردی لە قۆناغێکی تاریکەوە بەرەو قۆناغێکی پڕ لە ڕووناکی هەنگاو بنێت پێویستی بە بنیادنانی تاکی کوردی هەیە. بەجۆرێک لە سیستمی پەروەردەوە دەست پێ بکرێت تا بە هەموو لایەنەکانی دیکە دەگات.