ماكوان عيززهت – هەولێر
د. هیوا خالید گەردی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی سنگ و هەناسە، ئاگاداری لەسەر مەترسیپەلاکی هەوکردنی سیپەلاک دەدات، بە تایبەتی لە وەرزی زستاندا کە ئەم نەخۆشییە زیاتر بڵاو دەبێتەوە.
هەوکردنی سیپەلاک لە یەکێک یان هەردوو سیدا ڕوودەدات.لەوانەیە کیسی هەوا پڕ بێت لە شلە یان چڵک (مادەی چڵکدار)، دەبێتە هۆی کۆکە لەگەڵ بەڵغەم، لەرز و تا، و بەزەحمەت هەناسەدان.بەکتریا و ڤایرۆس، دەبنە هۆی هەوکردنی سیپەلاک.
هەوکردنی سیپەلاک دەتوانێت لە سووکەوە دەست پێبکات تا مەترسیدار بۆ سەر ژیان.مەترسیدارە بۆ کۆرپە و منداڵی بچووک، ئەو کەسانەی تەمەنیان لە ٦٥ ساڵ زیاترە، هەروەها ئەو کەسانەی کێشەی تەندروستییان هەیە یان سیستەمی بەرگرییان لاوازە.
د. هیوا خالید گەردی پسپۆڕی وردی نەخۆشیەکانی سنگ و هەناسە پسپۆڕی نەخۆشیەکانی هەناو باس لە خۆپارێزی لە هەوکردنی سیپەلاک و ئەو نەخۆشیانەی کە تووشی کۆئەندامی هەناسە دەبن بە تایبەتی لە وەرزی زستاندا دەكات
د. هیوا خالید گەردی لە سەرەتادا هەوکردنی سیپەلاک دەخاتە ڕوو كە بریتییە لە: هەوکردنێکی توندی لە ناکاوی سیپەلاکە بە هۆی میکرۆبەوە جا چ بەکتریاوە بێ یاخود ڤایرۆسی وەک کۆرۆنا و ئەنفلۆنزاوە یانیش کەڕوو بێ کە کەسی تووشبوو کۆخە و تا و لەرز و تەنگەنەفەسی و سینگئێشە و، بێتاقەتی دەبن، هەندێ جار ڕشانەوە و سەرئێشەی لەگەڵ دەبێ.
ساڵانە لەهەر هەزار کەسێک ٥ تا ١٥ کەس تووشی دەبن، ئەم هەوكردنەش هەموو تەمەنێک دەگرێتەوە بە زۆری لە نێو پیران و منداڵان زیاترە.
هەروەها ساڵانە 10ملیۆن کەس لە ئەمریکا تووشی هەوکردنی سیپەلاک دەبن و بە شەشەم هۆکاری مردن دادەنرێت.
د. هیوا خالید گەردی لە بارەی ئەو هۆکارانەی کە بەزۆری دەبنە هۆی تووشبوون ڕوونیدەكاتەوە كە بریتین لە:
1- جگەرەكێشان.
2- گیرانی بۆریچکەی هەوا بە هۆی گرێ یان قووتدانی تەنی غەریب.
3- نەخۆشییە درێژخایەنەکانی سی و بۆڕی هەوا.
4- نەخۆشییە درێژخایەنەکان وەکو پەککەوتنی دڵ و جەڵتەی مێشک
5- ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵیە یان خوار تەمەن پێنج ساڵ
6- بەکارهێنانی دەرمان بەتایبەتی دەرمانی ستیرۆید.
7- لاوازی یان کەمی بەرگری لەش.
8- شەکرە.
9- خواردنەوە كحولییەكان.
10- قەڵەوی.
11- پیسداگەڕانی ژینگە.
د. هیوا خالد گەردی ئەوەش دەخاتە ڕوو كە ئەو نەخۆشییە بەهۆی کۆکە و پژمین و دەستلێدانی کەسی تووشبوو دەگوازرێتەوە؛ بۆیە خۆپارێزی لەو نەخۆشییە بریتییە لە:
1. دوورکەوتنەوە لە کەسی تووشبوو.
2. هەڵپێچانی دەمامک (ماسک).
3. بەکار نەهێنانی کەل و پەلی کەسی تووشبوو.
4. ڤاکسین دژی ئەنفلۆنزا.
ئەم نەخۆشییە دەبێ لە یەکەم سەعاتی تووشبوون چارەسەر وەربگرێت ئەگەرنا تووشی چەندین ماک و لێکەوتەی خراپ دەبێ لەوانە (لەکارکەوتنی هەناسە، دروستبوونی قونێر لە سیپەلاک، خوێنمەیین، هەندێ جار لەکارکەوتنی گورچیلە و هەوکردنی ماسوولکەی دڵ).

