رۆژنامەی ھەولێر

بەکارھێنانی سۆلار لە دھۆک لە زیادبوونە و تا ئێستا ٥٣٠ ھاوبەش سوودیان لێ وەرگرتووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە سنووری پارێزگای دھۆک زیاتر لە ٥٠٠ ھاوبەش پشت بە کارەبای بەرھەمھاتوو بە تیشکی خۆر دەبەستن، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێم، ئاشکرای کرد، ئەم پڕۆژە جیاوازانە ھاوکارێکی گرنگ دەبن بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی و پاراستنی ژینگەی ناوچەکە.

بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی کارەبا، لە سەنتەری پارێزگای دھۆک ٢٧١ ھاوبەش پشتیان بەوە سیستەمە بەستووە و لە پلەی یەکەم دایە، قەزای بەردەڕەشیش بە ١٣٨ ھاوبەش لە پلەی دووەم دایە.
ئەم شەپۆلەی ڕوو کردنەی وزەی پاک قەزاکانی سێمێل، ئاکرێ، شێخان و ئامێدیشی گرتۆتەوە، تەنانەت کەرتی پیشەسازیش لە سێمیڵ و بەردەڕەش دەستیان بە جێگیرکردنی ئەم سیستەمە کردووە، بەوەش لە سنووری پارێزگای دھۆک تا ئێستا ٥٣٠ ھاوبەش سیستەمی وزەی خۆریان جێگیر کردووە.
وەزارەتی کارەبا، ئاشکراشی کرد: ئەم پڕۆژە جیاوازانە ھاوکارێکی گرنگ دەبێت بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی و پاراستنی ژینگەی ناوچەکە.
بەگوتەی بەرپرسانی کارەبا لە شار و شارۆچکەکان، کە بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـیان گوتووە، بەشێکی زۆری ھاووڵاتییان پشتیان بە وزەی خۆر بەستووە بەتایبەتی لە گوندەکان.
حازم محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ئەو سیستەمانەی دانراون، نزیکەی ٦.٨ مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنن، بەگشتی لە پارێزگاکەدا نزیکەی ٧ مێگاوات کارەبا لە وزەی خۆرەوە بەرھەم دێت.
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دھۆک جەختی لەسەر سوودە ژینگەییەکانی سیستەمەکە کردەوە و گوتی: ئەگەر ئەم بڕە وزەیە لە ڕێگەی دیزل یان گازەوە بەرھەم بھێنرایە، ساڵانە دەبووە ھۆی دەرچوونی نزیکەی ٥ ھەزار تۆن گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، بۆیە ئەم سیستەمە فاکتەرێکی گرنگە بۆ پاراستنی ژینگە.