رۆژنامەی ھەولێر

لەمساڵدا چارەنووسی گرووپە میلیشیاکانی عێراق بە تەواوی یەکلایی دەکرێتەوە

سلێمان تاشان – هەولێر

لە کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە دەبوایە هیچ میلیشیایەک لە عێراق نەمابایە و کۆتاییان پێ هاتبا، بەشێکیان بە تەواوی لە چەک داماڵڕابان و بەشێکی دیکەیان بە تەواوی تێکەڵی سوپای عێراق ببوونایە، بەڵام ئەمە ڕووی نەداوە و ئەو هێزانە هەر لە شوێنی خۆیانن و هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و ئابووری و سەقامگیریی عێراق.

هەر چەندە لە ساڵی ڕابردوودا زۆربەی داواکارییەکانی لە چەک داماڵین و هەڵوەشانەوەی ئەو گرووپانە لە لایەن ئەمەریکاوە خراوەتە ڕوو بەڵام لە ناوخۆی عێراقیش زۆربەی هێز و لایەنە سیاسییەکان بەو قەناعەتە گەیشتبوون ناکرێ ئەو گرووپانە بەم شێوەیە بەردەوام ببن، لە سامان و پارەی عێراق بخۆن، کێشەی ئەمنی و سیاسی بۆ وڵات بهێننە کایەوە و حسابیش بۆ حکوومەت و دامەزراوەکان نەکەن.
لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوو محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە فەرمی ڕای گەیاند لە هەوڵدایە ئەو گرووپە چەکدارانە لە چوارچێوەی یاسادا ڕێک بخاتەوە و تێکەڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەتیان بکاتەوە بەڵام ساڵەکە تەواویش بوو نەیتوانی ئەو ویستەی خۆی جێبەجێ بکات.
لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ گوشارەکانی ئەمەریکا ئەو هێزانە کەمێک پاشەکشەیان کرد و تەنانەت سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق خۆی دەستخۆشی لەو گرووپانە کرد کە ئامادەییان دەربڕیوە تێکەڵی سوپا ببنەوە بەڵام دواتر دەنگی جیاواز لە نێو گرووپەکان بیسترا و هەندێکیان ڕەتیان کردەوە و هەندێکیش مەرجیان بۆ حکوومەت دەستنیشان کرد.

ژمارەیەکیان ڕایانگەیاند کە هەرگیز چەکەکانیان لە زەوی دانانێن و گوتیان شتێک نییە سازشی لەبارەیەوە بکەن، پێداگرییان لەوە کرد تا ئەو کاتەی عێراق بە تەواوی سەربەخۆ دەبێت کە مەبەستیان دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکییەکانە واز لە چەکەکانیان ناهێنن.
ئەمەریکا نیگەرانی دۆخەکە بووە و لە ساڵی ٢٠٢٥ نوێنەرێکی تایبەتیی بۆ عێراق دستنیشان کرد و یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەو نوێنەرەش یەکلاکردنەوەی ئەو گرووپە میلیشیایانە دەبێت. ئەوەی هۆکار بووە لەوەی لەو ماوەیەدا ئەمەریکا نەرمی بنوێنێت و گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ نەبێت پێوەندی بە هەڵبژاردن و ئەنجامەکان و پرسی دامەزراندنی دەسەڵاتەکانی عێراق هەیە کە دانوستانی لایەنە سیاسییەکان بۆ دامەزراندنیان درێژەی هەیە و تا ئێستا تەنیا سەرۆکایەتیی پەرلەمان دامەزراوە.
لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، وێڕای پیرۆزبایی لە گەلی عێراق بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زاینی پەیامێکی توندی بڵاو کردەوە و گوتی، لە ساڵی نوێدا کار دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە ناسەقامگیری، بەقاچاخبردن و تاڵانیی سامان، نایەکسانی، گەندەڵی، دڵەڕاوکێی ناوخۆیی و دەرەکییەکان و کۆتاییهێنان بە میلیشیا چەکدارەکان.
پەیامەکەی نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق تەنیا پێوەندیدار نەبوو بە میلیشیاکان بەڵکوو گوتی کۆتایی بە ستەم، نایەکسانی، هەژاری، نەزانی، بێکاری، لاوازیی خزمەتگوزاری، فێڵی یاسایی، پارە سپیکردنەوە، گرێبەستی وەهمی، قاچاخچێتی، گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی وڵات و چەندین خاڵی دیکە دێنن.
ئەو جۆرە سیاسەتە خزمەتی هەموو دانیشتووانی عێراق بە تایبەتی کورد دەکات کە زیاتر لە پێکهاتەکانی تر هەستی بە ستەم کردووە و شایستە داراییەکانی خوراوە و ناوەند و سەرچاوە ئابوورییەکانی لە لایەن گرووپە میلیشیاکان کراونەتە ئامانج.
ئەو گرووپە میلیشیایانە کە لە ٢٠١٤ەوە دامەزراون، مووچە و چەک و هەموو پێداویستییەکیان لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە دابین کراوە، دەستیان بەسەر بەشێک لە دەروازە بازرگانییەکاندا گرتووە و دزەیان کردووەتە نێو سەرجەم دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەت و سوپا و تەنانەت کەرتی نەوت و وەزارەتە بازرگانی و خزمەتگوزارییەکان.
ئەگەر لە ساڵی ٢٠٢٥دا قسەیەکی زۆر لەسەر ئەو گرووپانە و کۆتاییهێنان پێیان کرا پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ قسەکان بۆ کردەوە بگۆڕدرێن و عێراق بە یەکجاری لەکۆڵ ئەو کێشەیە ببێتەوە.