شیڤان شێرزاد – هەولێر
فیلمی شاماران، ئەزموونێکی نوێیە لە ژیانی هونەرمەندی “دەرهێنەر “بیلال شاکر”ـدا، کە لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە کاری بۆ دەکات و چەندین جار گۆڕانکاری لە ناوەڕۆکی ئەو بەرهەمەدا کردووە و ئێستاش سەرقاڵی وێنەگرتن و کارە تەکنیەکانی ئەو فیلمە سینەماییەیە.
“بیلال شاکر” دەرهێنەری ئەو فیلمە لە ئاخاوتنێکی بۆ “هەولێر”ـدا باس لە چیڕۆکی فیلمەکە دەکات و دەڵێ: چیڕۆکی فیلمەکە باس لە کەسایەتی دونیا دەکات، کە کچێکە قوربانیی جەنگ و هێرشەکان بووە و پاش گەڕانەوەی دەیەوێت ڕووبەڕووی ئەو ڕووداوانەی، کە لە ناو مێشکی ڕوودەدات ببێتەوە، کە پاش ئەوەی سەفەر بەرەو ناو خانوێک دەکات تووشی ڕووداوی ناخۆش دەبێت، کە پێش ئەوە درامی خۆی دروست دەکات لەناو فیلمەکەدا.
گوتیشی: فیلمی سینەمایی “شاماران” بەرهەمێکی دیکۆدرامایە، ئەو دیکۆدرامایە ئەزموونێکی زۆرباشی هەیە، چ وەکوو بەرهەمهێنان یان پشتگیریکردنی پڕۆژە گەورەکان کە لە کوردستان جێبەجێکراوە، بەشێکی زۆری ئەو فیلمە سینەماییانەی کە لە کوردستان بەرهەمهاتووە لەلایەن دۆکۆدراما پشتگیری کراوە، زنجیرە درامای چەرخ و فەلەکیش بەرهەمی ئەو دۆکۆدرامایەیە.
بیلال شاکر، باس لە سەختی بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی دەکات و دەڵێت: بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی کارێکی زۆر زەحمەتە، وەک دەزانین لەو چەند ساڵەی دواییدا وەزارەتی ڕۆشنبیری نەیتوانیوە فیلمێکی سینەمایی بەرهەمبهێنێت، لەگەڵ ئەوەدا ئەگەر کەرتی تایبەت یان هەر کەسێک بیەوێت فیلمێکی سینەمایی بەرهەمبهێنێت و بەشداری فێستیڤاڵە جیهانییەکانی پێ بکات، پێویستە پاڵپشتی هەبێت، ئەگەر کەسێک بیەوێت فیلمێک بەرهەم بهێنێت پێویستی بە پاڵپشتی دارایی باش هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت فیلمێکی باش بەرهەمبهێنێت، بەڵام ئەگەر پاڵپشتی نەبێت، یان دەبێ فیلمەکە بە لاوازی درووست بکات، یان کاتێکی زۆری دەوێت تا فیلمێک بە کوالێتی درووست بکات.
بیلال شاکر لەدرێژەی قسەکانیدا گوتیشی: بڕیامداوە فیلمی سینەمایی “شاماران” یەکەمجار بەشداری فێستیڤاڵەکانی پێ بکەم، هیوادارم بتوانین لە فێستیڤاڵەکان سەرکەوتنێکی باش بەدەستبهێنین، و هەروەها هەندێک لە فێستیڤاڵە گەورەکان مەرجی سەرەکیان ئەوەیە کە نابێت فیلمەکە پێشتر لەهیچ شوێنێک بڵاوببێتەوە، بۆیە پاش بەشداریکردمان لە فێستیڤاڵەکان، ئەوکات بیر لەنمایشکردنی فیلمەکە لە سینەماکانی کوردستان دەکەمەوە.

