وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر
جۆرج ئەلیۆت ـ George Eliot) کە ناوە ڕاستەقینەكەی (ماری ئان ئیڤانس ـ Mary Ann Evans) بوو، یەکێک بوو لە نووسەرە کاریگەرەکانی سەدەی نۆزدەیەمی بەریتانیا، ژنێک کە ناوێكی پیاوانەی لەخۆی نا تا لە سەردەمی ڤیکتۆریا دەركەوێت و قبوڵ بكرێت و بووە یەکێک لە كۆڵەگە سەرەکییەکانی ڕیالیزم. ژیانی ماری، كۆمەڵە هاودژییەكی ئازاربەخش، بژاردەگەلی بوێرانە، خۆشەویستیی نائاسایی و ئاوەزێكی وردبینانە بوو کە توانی ئەدەبیات بباتە قۆناغێکی ئەخلاقی و دەروونناسانەوە.
ژیانی منداڵی و هەرزەكاری:
ئەلیۆت لە ساڵی ١٨١٩ لە بنەماڵەیەكی مامناوەند لە شاری (وارویکشایر ـ Warwickshire ) لەدایک بووە. باوکی دەڵاڵی زەوی بوو و ئەم کارەش وای لێ كرد كە هەر لە تەمەنی گەنجییەوە لە نێو لادێ و خەڵكی بژیت، دنیایەك کە دواتر بووە سەرچاوەی هەموو ئەو ڕیالیزمە ئەخلاقییەی نێو دەق و بەرهەمەکانی. بە پێچەوانەی زۆرێک لە کچانی سەردەمی خۆی، ماری یا هەمان ئەلیۆت، بە جددی بە دوای خوێندنەوە بوو و خاوەنی بیرێکی تامەزرۆ و پرسیارکەر بوو، ئەمەش زۆری نەخایاند وای كرد لە هاوتەمەنەکانی خۆی جیاواز دەركەوێت.
لە هەرزەکاری و گەنجیدا، ئاشنای بەرهەمی فەیلەسوفە گومانكار و ڕەخنەگرەكانی دین دەبێت و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی واز لە باوەڕ و ئیمانە نەریتییەکەی بهێنێت، بڕیارێک كە خێزانەکەی تووشی شۆک کرد و لە کۆمەڵگە گوندنشینییەکەیدا بە یاخیبوون هەژمار دەكرا. ئەم دوورکەوتنەوەیە لە ئایینی فەرمی كۆمەڵگە، بووە هۆی ئەوەی بە قووڵی بەڵام ئەخلاقتەوەرانە بچێتە نێو سیكۆلاریزمەوە، مرۆڤێگ كە باوەڕی بە ئەخلاق هەیە، بەڵام نەک وەك فەرمانێکی ئیلاهی بەڵکو وەک بەرهەمی پەیوەندییە مرۆییەکان.
ژیانی پیشەیی:
ئەلیۆت، بە وەرگێڕانی فەلسەفی دەستی بە کار کرد، بە تایبەت بە وەرگێڕانی بەرهەمە قورسەکانی (لویس شتراوس ـ Lewis Strauss) و (لودویگ فۆیەرباخ ـ Ludwig Feuerbach) جێگەی خۆی لە نێو ڕۆشنبیران کردووە، بەڵام کاتێک ویستی بچێتە نێو چیرۆكنووسینەوە، هەقیقەتی تاڵی کۆمەڵگەی ڤیکتۆریایی لە پێشی قیت بووەوە: (ژنان لە ئەدەبدا، بە جددی قبوڵ ناكرێن). بۆیەشە ناوی (جۆرج ئەلیۆت)ـی بۆ خۆی هەڵبژارد، ئەمەشی لە پێناو شاردنەوەی ناسنامە مێینیەكەی نەبوو، بەڵکو بۆ پاراستنی کارەکانی لە حوکمدانی جێندەری بوو. ئەم نازناوە نێرئاسایە وای کرد كە ببێتە نووسەرێکی جیهانی لە بواری ئەدەبیاتدا.
ژیانی هاوسەرگیری:
خاڵی وەرچەرخان لە ژیانی ئەلیۆت، پەیوەندییەکەی بوو لەگەڵ (جۆرج هێنری لویس ـ George Henry Lewes)، پیاوێکی خێزاندار كە لە ڕووی یاساییەوە ڕێگەی جیابوونەوەشی پێ نەدرابوو. ژیانی هاوبەشی جۆرج و ئەلیۆت، هەرچەندە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە وەك ڕیسوایی هەژمار دەكرا، بەڵام لە ڕووی زەینی و سۆزدارییەوە، بۆ ئەلیۆت خاڵی وەرچەرخان و گەشەسەندن بوو. لویس نەتەنیا پاڵنەر و بزوێنەری فکری و هەڵەبڕ و زمانەوانی بەرهەمەكانی ئەلیۆت بوو، بەڵکو جۆرێک لە ئاسایشی سۆزداریشی بۆ دابین دەکرد کە هەرگیز لە ماڵی باوانیدا ئەزموونی نەکردبوو. کۆمەڵگە، گۆشەگیر و دەریكردن، بەڵام ئەلیۆت لەو گۆشەگیری و دەركردن و تەنیاییەدا شاکارگەلێكی نووسی کە ئەمڕۆ بە بەشێك لە ئەدەبیاتی کلاسیکی جیهان هەژمار دەكرێن.
لە لوتکەوە بۆ كوژانەوەی چرای ژیانی:
بەرهەم و شاكارەكانی ئەلیۆت، لە نێوان ساڵانی ١٨٥٧ بۆ ١٨٧٦ نووسران، سەردەمێك کە دەتوانرێت بە “دەیەی لەدایکبوونی ڕیالیزمی ئەخلاقی” ناوببرێت. هەر لەم سەردەمەدا بوو ئەلیۆت توانی مرۆڤ، کۆمەڵگە، سیاسەت، خۆشەویستی، ئەخلاق و دەروونناسی بە وردبینییەكی فەیلەسوفانە و هەستیارییەكی شاعیرانەوە بخزێنێتە نێو ڕۆمانەکانی.
دوای مردنی لویس، ئەلیۆت تووشی بۆشایییەکی گەورەی سۆزداری بووەوە. دوای ماوەیەکی کەم لەگەڵ (جۆن واڵتێر کرۆس ـ John Walter Cross) هاوسەرگیری کرد، بەڵام ئەم هاوسەرگیرییە هەرگیز جێگەی هاوسەری پێشووی پڕ نەكردەوە. دوای دوو ساڵ بەهۆی لاوازیی دڵەوە كۆچی دوایی كرد. هەرچەندە لە كاتی مردنیشی، زۆر کەس بەهۆی ژیانە تایبەتەكەی هێشتا قبوڵیان نەكرد، بەڵام ئەمڕۆ ئەلیۆت وەک یەکێک لە گەورەترین نووسەرانی سەدەی نۆزدەیەم دەناسرێت.
جیهانبینییەکەی ئەلیۆت و ڕیالیزمی ئەخلاقی:
ئەلیۆت یەکێک بوو لە یەکەم ئەو نووسەرانەی ڕیالیزمی لەگەڵ شڕۆڤەی ئەخلاقی و دەروونناس تێكەڵ و موتوربە کرد. ئەو، مرۆڤەكانی نەك وەک مۆدە و كارەكتەرێكی ئەدەبی، بەڵکو وەک بوونەوەرێکی ئاڵۆز دەبینی کە پاڵنەر و لاوازی و بژاردەکانیان بە شێوەیەكی ڕاستەقینە کاریگەرییان لەسەر ژیانی یەکتری هەیە. لە ڕۆمانەكانی ئەلیۆت، کەس بە تەواوی باش نییە و كەسیش بە تەواوی خراپ نییە؛ بەڵكوو هەموو خۆڵەمێشین، هەمووی بەرهەمی بژاردە و ژینگەن.
ئەخلاق لە بەرهەمەکانی ئەلیۆتدا، “ئەخلاقێكی بێ خودا”یە: واتە مرۆڤ بەرپرسیارە لە دەرئەنجامی کاردەوەكانی، چونکە لە نێو تۆڕێکی کۆمەڵایەتی و سۆزداریدایە لەگەڵ کەسانی دیکە. هەر ئەم تێڕوانینە، ئەلیۆتی لە ئەخلاقگەرایی وشکی ڤیکتۆریاییەوە جیا كردەوە و خستیە نێو دنیای ئەخلاقیی ئینسانی و مۆدێڕنەوە.
بەرهەمەکانی: پێچەڵپێچییەکەی ڕۆحی مرۆڤ
یەکەم بەرهەمی جددی ئەلیۆت لە نێو ئەدەبیاتدا، کۆمەڵەی (دیمەنی ژیانی ڕۆحانییەکان ـ Scenes of Clerical Life)(1857) بوو، کە ژیانی قەشەی نێو لادێکانی بە وردی و ڕاستگۆیانە نیشان دەدا، بەڵام لووتكەی بەنێوبانگبوونەكەی، ڕۆمانی (ئادەم بید ـ Adam Bede)(1859) بوو؛ چیرۆکێک لەبارەی ئەخلاق، هەڵە، خۆشەویستی و دەرئەنجامی بژاردەكان.
بە ڕۆمانی (ئاشی تەنیشت فلۆس ـ The Mill on the Floss) (1860)، گەڕایەوە بۆ ڕابردووی خۆی و بە ڕاستگۆییەكی پڕ لە ئازارەوە، باسی پەیوەندییەکانی خۆی و خوشک و براکانی و پاڵەپەستۆ نەریتییەكان و ململانێكانی خۆی لەگەڵ خێزانەكەی كرد. ڕۆمانی (سیلاس مارنێر ـ Silas Marner )(1861)، وێنەیەکی جیایە لە ڕزگاربوون و هەستی باوکانە بەرامبەر تەنیایی و ڕەتکردن و دەركردنی. لە ڕۆمانی (ڕۆمۆلا ـ Romola)(1862) دا چووە ڕێنیسانسی ئیتالیا و نیشانی دا چۆن دەسەڵات، دەمارگرژی و خێرخوازی هەمووی پێكەوە دەخزێنە نێو مرۆڤێكەوە. ڕۆمانی (فێلیکس هۆڵت ـ Felix Holt)(1866)، دیدێكی سیاسیتری ئەلیۆتە كە خۆی لە قەرەی چاکسازیی بژاردن و ئەخلاقی گشتی دەدات.
بەڵام شاکارە دیارەكەی ئەلیۆت، (میدڵ مارچ ـ Middlemarch)(1872)ـە، ڕۆمانێک کە نەتەنیا چیرۆکی چەند بنەماڵەیەک، بەڵکو شڕۆڤەیەكی فرەڕەهەندە لە پێکهاتەی گشت کۆمەڵگە، دەسەڵاتخوازی، هاوسەرگیری، سیاسەت و ئایدیالیزم. کارەکتەری (دۆرۆتیا برووک ـ Dorothea Brooke)ـی نێو ئەم ڕۆمانە، وێنای ژنێکمان بۆ دەكێشێت کە ڕۆشنبینە بەڵام گرفتار و دەست و پێ زنجیری پێكهاتەی کۆمەڵگەی ڤیکتۆریاییە.
دوابەرهەمەیشی، (دانیێڵ دیرۆندا ـ Daniel Deronda)(1876)یە؛ ڕۆمانێک لەبارەی ناسنامە، ئەخلاق، فیمینیزم، سەرەنجخستنە سەر نەتەوە و ئاڵۆزی بژاردە. ئەم ڕۆمانە بە هۆی شڕۆڤە دەروونگەرایی كارەكتەرەكەی واتە (گویندۆلین گراندکۆرت ـ Gwendolen Grandcourt) و هەم لەبەر چیرۆكە فەلسەفییەكەی، بە یەكێك لە باڵاترین ڕۆمانەكانی سەدەی نۆزدەیەم هەژمار دەكرێت.
شێواز و تەکنیک:
ئەلیۆت، پڵۆ و گەڵاڵەی چیرۆكەكانی وەک تەلارسازی بنیات دەنا: بە وردبینی، بە پێکهاتەیەكی تۆکمە، بە پەیوەندیی هۆکار و دەرەنجامەوە كاری لەسەر ڕۆمانەكانی كردووە. کارەکتەرەکانی، هەموویان لە ڕووی دەروونناسییەوە گەشەیان کردووە؛ نە پاڵەوانن و نە دژەپاڵەوان، بەڵکو مرۆڤن. گێڕەرەوەی هەمووشتزان، لە بەرهەمەکانیدا زۆرجار دەنگێکی فەلسەفی و ژیرانە و هەندێکجاریش برینداركەری هەیە. ئەم گێڕەرەوەیە تەنیا خوێنەر سەرقاڵ ناکات؛ بەڵكو ناچاری دەکات بیر بکاتەوە و حوکم بدات و سەرلەنوێ تێهزرینی خۆی بەكار بخاتەوە.
وردەکارییەکانی ئەلیۆت، ئامراز و كەرەستەی ڕازاندنەوە نین؛ بەڵكو هەر وردەکارییەکی بچووک لە ڕەفتار، ژینگە، یان نەریتی کۆمەڵایەتی، بۆخۆی ئامرازێکە بۆ تێگەیشتن لە کارەکتەرەکان. تێڕوانینی ئەلیۆت بۆ ژن، بێ درووشم بەڵام تەواو واقعگەرایانە و ڕەخنەگرانەیە؛ ژنانی نێو بەرهەمەکانی ئەلیۆت، بە دوای واتاوەن، بەڵام لەلایەن پێکهاتە و كۆمەڵگەوە ڕەت دەکرێنەوە.
میرات: ڕۆمانی ئەخلاقیتر
ئێمە کاریگەریی ئەلیۆت لەسەر نووسەرانێكی وەک (هێنری جەیمس ـ Henry James)، (ڤێرجینیا وۆڵف ـ Virginia Woolf)، (تۆماس هاردی ـ Thomas Hardy) و تەنانەت (جەیمس جۆیس ـ James Joyce) دەبینین. ئەگەر ئەلیۆت نەبوایە، ڕیالیزمی بەریتانی ئەو قووڵاییە دەروونی و ئەخلاقییەی بەخۆیەوە نەدەدی. ئەلیۆت، بەهای فەلسەفی بە ڕۆمان بەخشی، نیشانی دا ڕۆمان دەتوانێت تاقیگەی ئەخلاقیی مرۆڤ بێت و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بوو كە ئەمڕۆكە وەک یەکێک لە گەورەترین نووسەرانی جیهان دەیبینین.
جۆرج ئەلیۆت، تەنیا نووسەری چیرۆکی خەیاڵی نەبووە؛ ئەو ئەندازیاری تێگەیشتنێکی نوێ بوو لە مرۆڤ ـ مرۆڤێك کە لە تۆڕێکی پەیوەندی، هەڵە، هیوا و سنوورداربوونەوە بەرەو مانای ئەخلاقی هەنگاو هەڵدەهێنێتەوە.
سەرچاوە: کیانا خانلەرخانی ـ ئاڤانگارد

