ماكوان عێزهت – هەولێر
ئازاری پشت یەكێکە لە کێشە تەندروستییەکان کە زۆر کەسی تووش کردووە، بەتایبەتی ئازاری بەشی خوارەوەی پشت.
لە ژیاندا لە هەر ١٠ کەس ٨ کەسیان لە هەندێک کاتدا تووشی ئازاری بەشی خوارەوەی پشت دەبن، ئەمەش حاڵەتێکە کە تا ڕادەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی ژیان و شێوازی دانیشتن.
زۆرجار ئازارە توندەکەی بەشی خوارەوەی پشت لەناکاو دوای جووڵەیەکی هەڵە، بەرزکردنەوەی شتێک، یان تەنها دوای چەند کاتژمێرێکی زۆر لە شێوازی هەڵەی دانیشتن ڕوودەدات. هیچ چارەسەرێکی خێرا نییە کە 100% بۆ هەموو نەخۆشەکان کار بکات، د. عیماد شێروانی پسپۆڕی نەشتەرگەریی ئێسك و شکان و بڕبڕەکانی پشت و گۆڕینی جومگە و نازووری ئەژنۆ و دەرچوونی حەوزی منداڵان هۆکارەکانی ئازاری بەشی خوارەوەی پشت دەخاتە ڕوو، كە بریتین لە:
1- سووڕانی ماسوولکەیی، توندبوونی ماسوولکەیی، پچڕانی ماسوولکەیی، روودان و ئەنجامدانی هەڵس و کەوت و جولەی هەڵە وەک بەرزکردنەوەی شتی قورس پاڵدانی شتی قورس و لکاو، ئەمەش لەوکاتەی لەش لە بارودۆخێکی گونجاو نییە .
2- دانیشتن و پاڵدانەوە بە شێوەی ناڕێک، ڕاوەستان بە شێوازی هەڵە و هەروەها نووستن بە شێوەی هەڵە. لێدانی شەپۆلی سەرما و بای سارد. ئەمانە هەمووی دەبنە هۆی ئازاری پشت بەڵام بە پلەی جیاواز.
3- نەخۆشییەکانی ڕۆماتیزم.
4-نەخۆشیی بڕبڕەکان: خلیسکانی کڕکڕاگە، خلیسکانی بڕیڕە، هەوکردنی جومگە، نەخۆشیی شەکرە، نەرمداگەڕانی ئێسک، شکان و هتد
5-گرێیەکان: گرێ پاکە، گرێ پیسە، بڵاوبوونە گرێیەکان، گرێی کۆئەندامی زاوزێی ژنان، کیسی هێلکەدان، گرێیەکانی هێلکەدان.
6- هەوکردن: میکرۆب یاخود ڤایرۆس یانیش کەڕوو دەبنە هۆی ئازاری پشت.
7- نەخۆشییەکانی خوێن.
8- نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەرس: برینی گەدە، نەخۆشینەکانی پەنکریاس، نەخۆشینەکانی زراو.
9- نەخۆشینەکانی کەمخوێنی.
د. عیماد شێروانی جەخت دەكاتەوە كە ئەم هۆکارانە هەموو دەبنە هۆی ئازاری پشت، هاوكات ڕێگاکانی چارەسەری دەخاتە ڕوو كە بریتین لە:
چارەسەر بەبێ نەشتەرگەری:
دوای پشکنینی پێویست، ڕێگای چارەسەری دێت کە پێویستە نەخۆش چارەسەرەکان بە ڕێکوپێکی و دروستی وەربگرێت.
1. دەرمانی ئازارشکێن: لە کاتی بەکارهێنانی دەرمانی ئازارشکێن لە دەرمانی سادەوە دەست پێ دەکرێت وەکو پاراستۆل، ئەسپرین، ئەمەش بە پێی تەمەنی نەخۆشەکە و توندیی ئازارەکە دەگۆڕێت، لەگەڵ ئاگاداربوون لە ژنی دووگیان و منداڵ.
2. دەرمانەکانی خاوکردنەوەی ماسوولکەکان: ئەمەش ئەو دەرمانانەن کە لە ڕێگای دەمەوە وەردەگێرێن کە ئەم دەرمانانە ماسوولکەی کفت (گرژ ـ رەق) خاو دەکاتەوە و، لە زۆربەی حاڵەتەکانی ئازاری پشت بەسوودە.
3. دەرمانەکانی دژە هەوکردنی ناستیرۆیدی NSAIDS – Non Steroidal Anti-Inflammatory Drugs : ئەم جۆرە دەرمانانەش زۆرن بەڵام پێویستە زۆر بە وریایی بەکار بهێنرێن یاخود تەنها لەکاتی ڕاوێژکردن بە پزیشکی پسپۆڕ بەکار بهێندرێن، چونکە لەوانەیە دەرمانەکە کاریگەری لەسەر کۆئەندامی دەمار و خوێن و میزەڕۆش هەبێت بۆیە دەبێت لەکاتی دیاریکراو بەکار بهێندرێن.
4. بەکارهێنانی دەرزی کۆرتیزۆن: ئەم جۆرە دەرزیەش پێویستە لە لەلایهن پزیشکی پسپۆر و بە رێگەیەکی پاک لە نەخۆشخانە بەکاربێت چونکە چەند ریگایەك هەن بۆ لێدانی ئەم دەرزیە و هەمووشیان لە چەند شوێنێکی پشت دەدرێن بە پێ جۆری نەخۆشیەکە و هۆکارەکەی و دەتوانرێت لە ژێر تیشکی (X) یاخود سی تی سکان (CT-scan) لێ بدرێت بۆ زیاتر دڵنیایی لە گەیاندنی دەرمانەکە بۆ شوێنی مەبەست.
5. پشوودان لەسەر جێگا بە شیوەیەکی گونجاو، ئەویش بە دریژکردنی قاجەکان و جێبەجێکردنی رێنماییەکانی پزیشك.
6. دانانی دێمکەی فێنک لە سەروو و خوارەوەی پشت، لەگەڵ شێلانی پشت بە هەندێک هاڕاوە و کرێمی ئازارشکێن و خاوکەرەوە.
– لە هەموویان گرنگتر ئەوەیە لەگەڵ وەرگرتنی چارەسەر لە شێوەی دەرمان دەبێت نەخۆش چارەسەری سروشتی ئەنجام بدات بە پێی رێنماییی پزیشك لە سەنتەرەکانی تایبەت بەو بوارە و لە (٦ـ12) دانیشتن بە پێی کێشەی نەخۆش و پاشان ئەنجامدانی چەند وەرزشێك لە ماڵەوە کە لە لایەن پزیشکەوە بۆ نەخۆش بە پێی خشتەیەکی دیاریکراو دادەنرێت.
– پابەندی بە نەکردنی ئەو هۆکارانەی دەبنە بەشێك لە تێکدان و ناڕێك کارکردنی ماسوولکە و بڕبڕەکانی پشت لەوانە (هەڵگرتنی قورسایی بە شێوەیەکی ناڕێک، وەرزشکردن بە شێوازی هەڵە و خۆچەماندنەوەی لەناکاو و ….)، ئەمانە و زۆری تر هەمووی لە لایەن پزیشکەوە بە شێوەیەکی زانستی بە نەخۆش دەگوترێت و رێنمایی دەکرێت.

