رۆژنامەی ھەولێر

توانای ئافرەتی کورد لە پلەکانی سەربازی

زەنوێر ئەحمەد محەمەد

 

ئافرەتی کورد لە مێژوودا ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە بەرگری و خەباتی نەتەوەیی، ئەم ڕۆڵە لە سەردەمی کۆنەوە تا ئێستا بەردەوامە.

لە مێژووی کورددا ئافرەتانی جەنگاوەر هەبوون کە بەشدارییان دەکرد؛ ئافرەتانی کورد لە کاتی پێویستدا چەک هەڵدەگرن و لەگەڵ پیاوان شانبەشان دەجەنگان.
لە سەردەمی شۆڕشی کوردیدا، لە دەیەکانی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکاندا، ئافرەتانی کورد دەستیان کرد بە بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لە خەباتی چەکدارانەدا. لە شاخەکانی کوردستاندا وەک پێشمەرگە بەشدارییان لە شەڕەکاندا دەکرد، هەندێکیان دەچوونە شاخ و لەگەڵ برا پێشمەرگەکان دژی ڕژێمەکان دەجەنگان.
لە سەردەمی ئێستادا، بەتایبەتی لە شەڕی دژی داعشدا، هەزاران ئافرەتی کورد لە ڕیزەکانی پێشمەرگە لە کوردستانی عێراقدا بەشدارییان کردووە.
ئەمڕۆ ئافرەتانی کورد نەک تەنها وەک شەڕکەر، بەڵکو وەک فەرماندە و ئەفسەر لە هێزە سەربازییەکاندا خزمەت دەکەن و گەیشتوونەتە پلە بەرزەکان.
جیاوازیی سەرەکی لە نێوان سەردەمی شاخ و ئێستا ئەوەیە کە ئێستا ئافرەتانی کورد لە هێزە فەرمییەکانی پێشمەرگە و ئاسایشدا بە شێوەیەکی ڕێکخراوتر خزمەت دەکەن، کاتێک لە سەردەمی شاخدا بەشداریکردنیان سەختتر بوو.
ئافرەتی کورد لە هەردوو سەردەمدا سەلماندوویانە کە توانای ئازایەتی و فیداکاری و لێهاتوویی سەربازییان هەیە. لە شاخەوە تا شارەکان، ئافرەتی کورد بەردەوام بووە لە بەرگری لە خاک و گەل و نیشتمان.
“زۆزان تەقیەدین”، ڕۆژنامەنووس و توێژەر لە زانستی سیکیووریتی و سیاسی لە زانکۆی سۆران، بۆ “هێلین” وتی:
“هەبوونی ئافرەت یەکەمجار لە خودی دینیدا ڕەنگ دەداتەوە، بەوەی یەزدان بە یەک ئاستی میهرەبانی و خوڵقێندراوە سەیری هەردوو ڕەگەزی نێرینە و مێینە دەکات. ڕاستە لە زۆربەی شوێنەکاندا، بەتایبەت لە سەدەی ٢١ـەمەوە باس باسی یەکسانیی ئافرەت و پیاوە، بەڵام ئەوان لە مافدا یەکسان و لە ئەرکدا جیاوازن! هۆکاری سەرەکی بۆ ناتوانایی ناگەڕێتەوە، نەخێر، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ سەر بنیادی ناسکی و لایەنی فیزیکی و پێکهاتەی تەندروستیی ئافرەت لە چاو پیاودا، کە گەورەیی خوای باڵادەست و دانایە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش، هیچ جۆرە جیاوازییەکی زەقی ڕێژەیی نابینرێت لە نێوانیاندا؛ لە زۆربەی پلە و مەقام و پایەکاندا، ئافرەت و پیاو بەیەکەوە بوونەتە سەرکەشی ڕووداو و خاوەنی سەرکەوتنەکان.”
هەروەها: “بەدیارکەوتنی توانایی ئافرەت لە پلە و ڕوانگەی سەربازی و ئەمنییەکاندا، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە بەڵێ ئافرەت لە هەموو پێگەیەکدا، بە بیرتیژییەوە دەتوانێت سەنگی مەحەک بخاتە سەر کار و پێشهاتەکان و بە جوانترین شێوازی گفت و کرداری بەڕێوەیان ببات.”
“زیاتر، توانای ئافرەت لە ڕوانگە سەربازی و ئەمنییەکاندا، دەگەڕێتەوە بۆ فەراهەمکردنی یەکسانیی دەستووری و یەکسانیی کۆمەڵایەتی و یەکسانیی فرەجۆری لە دەسەڵاتدا. کە ئەمەش، بە خۆشحاڵییەوە لە هەرێمی کوردستاندا هەنگاوی باشی ناوە. هاوکات، ئافرەت خاوەن چەندین پێگەی دیاری؛ کۆمەڵایەتی، یاسایی، سیاسی، مەدەنی، سەربازی و ئەمنییە، لە جیهان بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی.”
زۆزان زیاتر لەوبارەوە بۆ “هێلین” وتی: “ڕۆژانە، خواستێکی زۆر لەسەر ڕۆیشتنی گەنج لە ڕەگەزی مێینە هەیە بۆ نێو ڕیزەکانی سەربازی و پۆلیسی. ئەمە لەکاتێکدایە کە هاوتەریبە لەگەڵ ڕەوشتی سیاسیی هەرێم و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر مافە دەستووری و یاساییەکان، بەوەی لە هەموو لایەک دژایەتیی مافە دەستوورییەکانی هەرێم دەکرێ و دامەزراندن لە شوێنە حکوومییەکاندا کەم بووەتەوە. ئەمەش بووەتە هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی خواست لەسەر دامەزراوە لەشکرییەکان. سەرەڕای ئەمەش، لاوانی هەرێم لە هەردوو ڕەگەز بە گشتی و لە ئافرەتان بەتایبەتی، هاوشانی قەڵەمبەدەست، بە ڕۆحێکی گیانفیدایی و نیشتمانییەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگ و قەیرانەکان دەبنەوە و شەڕەفی چەکهەڵگری و خەباتی چیایی لە شار و خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا پەرە پێ دەدەن. چونکە لە کۆنەوە وەک دەستکەوتێک بۆمان ماوەتەوە؛ پاراستنی خاك، شەڕەف و جیهاد و مەعریفەتی کوردە.”
ئینجا، سەرەکیترین هۆکارەکانی سەرکەوتنی ئافرەت و لێهاتوویی لەو بۆشاییەدا، دەگەڕێتەوە بۆ:
بەئاگایی و هۆشیاریی ئافرەت لە پێشهاتەکاندا: بەوەی زۆرترین بەرکەوتەی لەگەڵ جۆرەکانی سروشتی بەنیئادەم هەیە، چونکە ئافرەت دایکە، خوشکە، هاوسەر و هاوڕێیە. ئەو توانای تێگەیشتن و ئیدارەدانی چەندین سروشت و بەرکارەی هەیە. هەربۆیە، بە ئاسانی دەتوانێت زاڵ بێت بەسەر ڕووداوەکان و کەیسە دژبەر و هاوبەرەکان لە سەربازی و ئاسایشی وڵاتدا.
داهێنان: ئافرەت تەنها لە جۆرێکی خواردندا، چەندین ڕێگا تاقی دەکاتەوە بۆ گەیشتن بە هەمان ئەنجام. ئەمەش واتە ڕەگەزی مێینە خێراتر فێری تاکتیکی سەربازی و ئەمنی دەبێت، بە شێوازی نوێ و کاریگەرتر کە بیری مرۆڤ بە ئاسانی بۆیان ناچێت!
نەرمی نواندن و دیپلۆماسییەتی میهرەبانی: ئافرەت تیایدا براوەی یەکەمە، دیپلۆماسیەت و نەرمیش لە سیاسەتی سەربازیدا، گەورەترین دەستکەوتی سنووری و ئابووری و جیۆپۆڵەتیکی بۆ وڵات دەستەبەر دەکات.
هەستیاری: هەستیارە و لە دووری هەزاران میلەوە، بۆنی خیانەت و گۆڕانکاری دەکات. هاوکات، خوێنەرێکی زۆر باشی چــاو و زمانی جەستەیە؛ لە سیاسەت و سیکیوریتیشدا، زمانی جەستە بەتایبەتی چاو دەورێکی باڵای متمانە لەسەر مێزی گفتوگۆ دەگێڕێت.
چاودێری: ئافرەت دایکە، دایکیش هەمیشە باشترین چاودێرە، ئەمەش واتە چاودێرێکی سەرسەختە و لەو بوارەشدا پشکی شێری بەردەکەوێت لە چاودێریکردنی پڕۆسە سەربازییەکان.
ناواخنێکی بەهێز: ئافرەت خاوەن دیدگا و هەستێکی ناوەکیی ناوازەیە، ئەو لە یەک کاتدا دەتوانێت بیری لای چەندین بابەت بێت و بە وردییەوە کار لەسەر هەموویان بکات. ئەمەش ناواخنی مێینەییە، کە لە ڕەگەوە هێزی بەردەوامی و نەچەمانی پێ دەدات. لە سەربازیشدا، ئەم جۆرە هەستە زۆر پێویست و لەبارە لە بابەتە هەستیارەکان و پرسەکانی ماددەی هۆشبەر و حاڵەتە تیرۆریستییەکاندا.
ڕەنگاڵایی و دیزاینی هزری: جوانترین خاڵی جەوهەری کە لە ئافرەتدا بوونی هەیە، بەوەی ئەو دەزانێت (بۆچــی) و (کـــەی) دەجەنگێت.
کاری هەرەوەزی: ئەو زانایە لە پێکەوەبەستنی تاقم و فیرقە و هەماهەنگیی نێوان کاری هەرەوەزی، چونکە ئافرەت هەمیشە لە هەموو ئەرکێکدا، مامەڵەی نێو ماڵ دەکات.
فرە تاکتیک: هەروەک ئاماژەم پێیدا، ژن بیرتیژە؛ بە یەک ئامانج لە دڵ و هەزارەها تاکتیک لە مێشکیدا و بە هەزار چاوەوە کار دەکات. زۆر بە ئاسانیش بە سروشتیی خۆی ئیدارەیان دەدات. کە ئەمە لە پیاودا پێچەوانەیە؛ بە هەزارەها ئامانج لە دڵدا و یەک تاکتیک لە مێشکدا و یەک چاو کار دەکات.
بەرزکردنەوەی مۆڕاڵی سەرباز: بەوەی ئافرەت دڵسۆزە و هەمیشە هانی گەورەترکردنی پڕۆسەکان دەدات. بۆ سلکی سەربازیش ئەمە کارێکی هەرە بەهێز و سوودمەندە بۆ بابەتی هاوپەیمانی. کورد گوتەنی: “چی بدەیت بە ئافرەت، بە گەورەتر بۆت دەگەڕێنێتەوە”.
“هەروەها، ئەم قسانەی کە بەندە ڕاستەوخۆ تیشکی خستە سەر، دەگەڕێتەوە بۆ گشت بابەتەکان لە نێو دەسەڵات و سیاسەتی حوکمڕانیدا، هەر بۆیەش پلەبەندی و وەرگرتنی پۆست و مەقامی بەرز و بەرپرسیاریەتی لەلایەن ئافرەتەوە، هەمیشە بووەتە هۆکاری بەرزکردنەوەی کوالێتیی کار لەنێو دامودەزگاکاندا. ئەم بەرەوپێشچوونە و خاڵە بەهێزییانەی ئافرەت بە ئاشکرا ڕەنگیان داوەتەوە لە کابینە یەک لە دوای یەکەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لەدوای کابینەی پێنجەمەوە تا کابینەی ئێستای نۆیەمی هەرێم. بە سەرکەوتووانەش بەرپرسیاریەتیی باڵایان وەرگرتووە لە هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە لە کوردستاندا.”
“لە کۆتاییدا، ئافرەتان ڕۆژ بە ڕۆژ، پەنجە ڕەنگاوڕەنگەکانیان لە پلە سەربازی و ئەمنییەکاندا دەچێتە قۆناغی هەستیارتر و ئاست بەرزتر. هەر بۆیەش، لە گشت چالاکییە میدیایی و زانستی و مرۆیی و سیاسی و سیکیوریتییەکاندا، پاڵپشتیی تەواوەتیی خۆمان بۆ ئافرەت دووپات دەکەینەوە، هاوکات کار دەکەین بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر لە گشت بوارەکاندا.”
“یوسف حەسەن”، چالاکوانی ڕاگەیاندن، بۆ “هێلین” وتی:
“توانای ئافرەت لە پلەی سەربازیدا؛ ئافرەتانی کورد سابیقەیەکی درێژ و شکۆدار لەم بوارەدا هەیە و توانیویانە بسەلمێنن کە بە هەمان شێوەی پیاوان توانای شەڕکردن و بەرگریکردنیان هەیە. کاتێک سەیری مێژووی نەتەوەکەمان دەکەین، دەبینین کە ئافرەتانی کورد هەرگیز لە دواوە نەبوونەتەوە؛ لە مارگریت جۆرگەوە تا عادیلە خانم، لە لەیلا قاسمەوە تا ئەو هەزاران جەنگاوەرەی ئێستا لە هێزەکانی پێشمەرگە خزمەت دەکەن، هەموویان سەلماندوویانە کە بەرگری لە نیشتمان تەنها ئەرکی پیاوان نییە. با ڕاستگۆ بین لەگەڵ یەکتر، کاتێک داعش هێرشی کردە سەر هەرێمی کوردستان لە ٢٠١٤دا، چی بینیمان؟ بینیمان چۆن ئافرەتە پێشمەرگەکانی کوردستان شان بەشانی براکانیان وەستان. بینیمان چۆن لە کۆبانێ، لە شنگال، لە کەرکووک شەڕیان کرد. ئایا کەس دەتوانێت بڵێت ئەوان توانای کەمتریان هەبوو؟ مەیدانی جەنگ خۆی وەڵامی داوەتەوە و بەشداریکردنی ئافرەتان لە سەربازیدا نواندنی وێنەیەکی نوێی ئافرەتە لە کۆمەڵگای کوردیدا.”
زیاتر وتی: “هاندانی ئافرەتانی دیکە بۆ بەشداریکردن لە بوارە جۆراوجۆرەکان، بەرزکردنەوەی ڕێزی نێودەوڵەتی بۆ ئافرەتانی کورد، گۆڕینی تێڕوانینە نەرێنییەکان؛ لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم توانای ئافرەت لە سەربازیدا ڕاستییەکی سەلمێنراوە، نەک گومان یان خەیاڵ. ئەوەی پێویستمانە ویست و بڕیارە بۆ دروستکردنی سیستەمێک کە ڕێز لە هەمووان بگرێت، دەرفەت بە توانایان بدات و هاوکاریی بەهێزبوون بکات و نیشتمان بپارێزێت. کوردستان پێویستی بە هەموو کوڕ و کچەکانی هەیە تا بە پێکەوە نیشتمانێکی بەهێزتر بنیات بنێین، کە تێیدا هەموو کەسێک بەپێی توانای خۆی بتوانێت خزمەتی نیشتمان بکات.”