وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر
کورتە چیرۆکی، وەک یەکێک لە ئاڵنگارترین و لە هەمان کاتدا کاریگەرترین فۆڕمە ئەدەبییەكانی پەخشان، پانتاییەكە کە تێیدا بە كەمترین وشە، قووڵترین واتا و مانا بەدەستەوە دەدرێت. ئەگەر ڕۆمان بە گەشتێکی درێژیی دەریایی و پڕماجەرا وەسف بكەین کە تێیدا دەرفەتی کەشفکردنی وردەکارییەکان، گۆڕینی ڕێگە و ئاشنابوون لەگەڵ هاوسەفەرەكان تیایدا بەردەستە، ئەوا كورتەچیرۆک وەک هەورەبرووسکەیەک لە ساتێکی کورتدا، دڕ بە تاریکی دەدات و دیمەنێکی تۆقێنەر یان سەرسوڕهێنەر لەبەرچاوی وەرگر یا خوێنەر دروست دەکات.
(ئێدگار ئالان پۆ ـ Edgar Allan Poe)، نووسەر و تیۆریسیەنی دیاری ئەمریکایی کە زۆر كەس بە باوکی مەعنەوی و تیۆریی كورتەچیرۆکی هەژمار دەكەن، لە ڕەخنە و شڕۆڤەی چیرۆکەکانی (ناتانیێل هاوسۆرن ـ Nathaniel Hawthorne)، پێناسەیەکی بنەڕەتی دەخاتەڕوو کە هێشتا بەردی بناغەی ڕەخنەی ئەم جۆرە ئەدەبیاتەیە. پۆ، باوەڕی وابوو كورتەچیرۆک گێڕانەوەیەکی پەخشانئامێز و خەیاڵییە کە نووسەر دەتوانێت لە یەک دانیشتندا (لە نێوان نیو کاتژمێر تا دوو کاتژمێر) كۆتایی پێ بهێنێت، بەڵام ئەم پێناسەیە تەنها ئاماژە بە چەندایەتی دەکات.
جەوهەری سەرەکیی كورتەچیرۆک لە یەكانگیریی کاریگەربووندا خۆی حەشار داوە. لە ڕۆماندا، نووسەر دەتوانێت بە چەندین هێڵی داستانیدا بڕوات، کەسایەتیی لاوەکی بخوڵقێنێت و تەنانەت پچڕان و وەستانێک لە گێڕانەوەشدا دروست بکات، بەڵام لە كورتەچیرۆکدا هەر وشەیەک، هەر وەسف و دیالۆگێک دەبێت لە خزمەت ئامانجێکی یەکانگگیردا بێت: پێدانی کاریگەرییەكی هەستی یان سۆزدارانەی دیاریکراو بە خوێنەر.
نووسەر لە كورتەچیرۆکدا، بەشێك لە ژیان هەڵدەبژێرێت؛ بەشێك کە لەوانەیە لە ڕووكار سادە بێت، بەڵام لە نێوەرۆكدا هەڵگری هەقیقەتێكی گەورەترە لەبارەی دۆخی مرۆیی. ئەم تێكخزاندن و کورتبڕییە، كورتەچیرۆک لە شیعر نزیك دەکاتەوە؛ شوێنێک کە فۆڕم و نێوەرۆک هێندە تێکئاڵاون ئەوا گۆڕینی تەنانەت یەک وشەش دەتوانێت پێکهاتەی بەرهەمەکە سەراوژێر بكات و بیگۆڕێت.
مێژوو و تەمەنی كورتەچیرۆک بە کۆنی و تەمەنی زمانی مرۆڤە. لە حیكایەتەكانی هەزار و یەک شەوە و (دێکامێرۆن ـ Decameron)ـی (جیۆڤانی بۆکاچیۆ ـ Giovanni Boccaccio)ی ئیتالییەوە بگرە تا حیکایەتەکانی بەرئاگردانی ئەم سەردەمەیە، بەردەوام مرۆڤ حەزی لە بیستنی ئەو چیرۆک و حیكایەتانە بووە کە بە کورتترین کات پەندێکی ئەخلاقی یان چێژێکی گێڕانەوە دەبەخشن. لەگەڵ ئەوەشدا، كورتەچیرۆک بە واتای مۆدێڕنەکەی (Short Story)، لە سەدەی نۆزدەیەم و بە دەرکەوتنی بڵاوكراوە و گۆڤارە ئەدەبییەكان لە ئەوروپا و ئەمریکا و ڕووسیا، فۆرموولە بوو و بووە عادەت.
لەم نووسینەدا پێداچوونەوە و چاوخشاندنێكمان دەبێت بە چڵۆنایەتی و چییەتی ئەم ژانرە ئەدەبییە و ناساندنی هەندێک لە باشترین كورتەچیرۆکەكانی دونیا كە نابێت لە دەستیان بدەین و پێویستە بیانخوێنینەوە.
كورتەچیرۆک چییە؟
كورتەچیرۆک، جۆرێکە لە ئەدەبیاتی چیرۆکی کە لەچاو ڕۆمان یان چیرۆکی درێژ، كورتترە. نووسەر لە كورتەچیرۆکدا تیلەچاوێكی سنووردار بە ژیان یان ڕووداوێک دەخشێنێت و دەیگێڕێتەوە، بە جۆرێك کە خوێنەر ناچێتە نێو وردەکاری و پەراوێزەوە. لەم ڕووەوە، دەستەبژێركردنی وشەکان و کورتبڕی لە بەیان گرنگییەکی تایبەتی هەیە. لەم جۆرە چیرۆکەدا ژمارەی کەسایەتییەکان سنووردارە و لە نێو كارەكتەرەكاندا سەرەنجی زیاتر لەسەر کەسایەتیی سەرەکییە و ڕووداوە لاوەکییەکان لە خزمەتی ئامانجە سەرەکییەكەدان.
تایبەتمەندییەكانی كورتەچیرۆک:
كورتەچیرۆک، خاوەن ئەو توخمە سەرەکی و دیاریکراوەیەیە کە لە زۆربەی بەرهەمە کلاسیکییەکاندا هاوبەشن. لەو توخمانەش دەتوانین ئاماژە بەم بابەتانەی خوارەوە بکەین:
بابەت و نێوەرۆک: بنەمای سەرەكی كورتەچیرۆک لەسەر واتا و چەمکێکی یەکانگیر بنیات نراوە (بۆ نموونە خۆشەویستی یان ستەم). گێڕانەوە، دەبێت هەر لە سەرەتای چیرۆکەكەوە تا کۆتاییەكەی بە چواردەوری ئەو بابەتە بخوولێتەوە تا پەیامێکی دیاریکراو و ئاشكرا بخرێتە ڕوو.
پێكهاتە: كات و شوێنی ڕوودانی چیرۆکەكە و دۆخی کۆمەڵایەتی ـ فەرهەنگەكەی دیاری دەکرێت. ئەم پێكهاتەیە فەزای گشتیی چیرۆكەكە بنیات دەنێت.
گەڵاڵە: دەبێت ڕووداوەکان بە لۆجیكی هۆكار و ئەنجام پێكەوە بەسترابنەوە. زۆرجار پێکهاتەی گەڵاڵەی كورتەچیرۆك، بریتییە لە دەستپێک، گرێ، لوتکە و کۆتایی.
هاودژی: دژایەتیی نێوان دوو هێز (بۆ نموونە مرۆڤ و سرووشت، مرۆڤ و کۆمەڵگە) وزە و توانای چیرۆکەکە دابین دەکات و چیرۆکەکە دەخاتە سەر ڕێگەی هەڵكشان بەرەو لووتكە.
کارەكتەر: كارەكتەر و کەسایەتییەکانی كورتەچیرۆک زۆر بە کورتی دەناسێنرێن. ناسینەوەی تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی کارەكتەرەكان (تاكڕەهەندی و یا چەند ڕەهەندی، گۆڕاو یان جێگیر) دەكەوێتە سەر شانی گێڕانەوە. لە كورتەچیرۆکدا دەرفەتی خۆدانە قەرەی گەشەی هەنگاوبەهەنگاوی کارەكتەرەكان زۆر سنووردارە.
گۆشەنگیا: گێڕانەوە دەبێت لە گۆشەنیگایەكی دیاریكراو فۆڕمولە بێت (بۆ نموونە ڕوانگە و دیدی کەسی سێیەم چاودێری ڕەها یا سنووردار، یان کەسی یەکەم). هەڵبژاردنی گۆشەنیگا دیاری دەکات کە زانیارییەکانی چیرۆکەكە چۆن بگوازرێنەوە بۆ خوێنەر.
جۆرەکانی كورتەچیرۆک:
كورتەچیرۆکەکان لە فۆڕم و قەبارەی جیاواز دەنووسرێن. لە ڕووی ژمارەی وشە و لاپەڕەکانەوە، هەندێک كورتەچیرۆک لە نێوان ١٠٠٠ بۆ ٧٥٠٠ وشەیە (واتە نزیكەی ٤ بۆ ٢٥ لاپەڕە) و هەندێکی تریشیان دەگەنە نزیكەی 10 هەزار وشە (واتە نزیكەی ٣٥ لاپەڕە). بە گشتی، درێژیی كورتەچیرۆک پێناسەیەکی جێگیر و دیاریكراوی نییە؛ لە ئەدەبیاتی هاوچەرخ، بەو بەرهەمە دەگوترێت كورتەچیرۆک كە ئەگەر بتوانرێت لە یەک دانیشتن (نزیکەی نیو کاتژمێر تا دوو کاتژمێر) بخوێنرێتەوە و هەمووی بە دەوری یەک گێڕانەوەی یەكانگیردا بخولێتەوە.
یەکێک لە بنجۆرەكانی كورتەچیرۆکی، چیرۆکەڵە (مایکرۆفیکشن)ـە. چیرۆكەڵە یا چیرۆکۆڵە یان چیرۆکی زۆر کورت یا ساتیرە چیرۆك، شێوەیەکی زۆر كورتی تێكپەستێنراوی كورتەچیرۆکە کە نووسەر بە بەکارهێنانی کەمترین وشە، بەرهەمێكی غافڵكیرانە دەخوڵقێنێت كە ئەویش چەند جۆرێكی هەیە.
جۆرەکانی چیرۆکەڵە (ساتیرە چیرۆك):
ـ (چیرۆکی شەش وشەیی ـ Six-word story) چیرۆکە بەنێوبانگەكەی ئێرنێست هەمینگوای لەم جۆرەیە كە دەڵێت: “بۆ فرۆشتن: پێڵاوی منداڵ، لەبەرنەکراو ـ For Sale: Baby shoes، never worn “. ئەم شەش وشەیە، دونیایەک هیوا (کڕینی پێڵاو)، کارەسات (مردنی منداڵ یان لەباربردن) و خەم (فرۆشتنی پێڵاوەکان) دەخاتەڕوو. هێزی ئەم جۆرە كورتەچیرۆکە لە نەوتراوەكاندایە؛ خوێنەر دەبێت فەزای بەتاڵی نێوان وشەکان بە خەیاڵی خۆی پڕ بکاتەوە.
ـ (درابڵ ـ Drabble): چیرۆکێک کە ڕێك ١٠٠ وشەیە. ئەم سنووردارییە توندوتۆڵە، نووسەر ناچاری وەسواسێکی سەیر و سەمەرە دەكات لە هەڵبژاردنی وشەکانیدا.
ـ (دریبڵ ـ Dribble): چیرۆکێکی ٥٠ وشەیییە.
ـ (مایکرۆ فیکشن ـ Micro-fiction): بە گشتی بە چیرۆكێكی بن 300 وشە دەگوترێت.
ـ (سادن فیکشن ـ Sudden Fiction): چیرۆكگەلێكی کەمێک درێژترە، واتە نزیکەی ٧٥٠ تا ١٥٠٠ وشەیە.
تایبەتمەندیی سەرەکیی چیرۆکی زۆر کورت، تەکنیکی دەستپێکردن لە نێوەڕاستەوەیە. نووسەر دەرفەتی پێشەكی ڕستنی نییە، ڕاستەوخۆ خوێنەر فڕێدەدرێتە نێو قەیرانەکەوە. کۆتاییەكەی ئەم چیرۆکانەش بە زۆری کراوەن یان وەرچەرخانێكی لەناکاویان تێدا ڕوو دەدات كە واتای تەواوی دەقەکە دەگۆڕێت.
لە کاتی دەرکەوتنی ئەم ژانرە ئەدەبییەوە تا ئێستا، نووسەرانێكی زۆر بەم شێوەیە نووسیویانە و بەرهەمێكی زۆر گرنگ و نایابیان ئەفڕاندووە. لە درێژەی ئەم وتارە سەرنجێک دەخەینە سەر باشترین كورتەچیرۆکەکانی جیهان کە ئەگەر تا ئێستا نەتانخوێندوونەتەوە، گرنگە دەستیان بدەنێ و بیانخوێننەوە.
كورتەچیرۆکەكانی چێخۆف
(ئەنتۆن پاڤلۆڤیچ چێخۆف ـ Anton Pavlovich Chekhov) (١٨٦٠ ـ ١٩٠٤) نووسەری گەورەی ڕووسیا، زیاتر لە ٦٠ بەرهەمی ئەدەبی لەوانە دەیان كورتەچیرۆکی بۆ جێهێشتووین. مێژوونووسانی ئەدەبیات، چیخۆف بە یەکێک لە باشترین نووسەرانی مۆدێڕنی كورتەچیرۆک هەژمار دەكەن. چێخۆڤ لە چیرۆکەکانیدا ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤە ئاساییەکان، بە زمانێکی سادە و دیمەنی ئاسایی دەخاتەڕوو. لە بەرهەمەكانیدا بە زۆری پاڵەوانەکان دوور لە وێنایەكی ئەفسانەیی و لە شێوەی مرۆڤی زۆر ئاسایی دەخرێنە ڕوو کە نووسەر بەبێ دادوەری و خۆتێهەڵقورتاندنی ڕاستەوخۆ، چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە. چێخۆڤ نیشانی دا کە كورتەچیرۆک دەتوانێت بە قەدرا ڕۆمانێک، دەوڵەمەند و کاریگەر بێت. (ژووری ژمارە شەش ـ Ward No. 6)، یەكێكە لە باشترین كورتەچیرۆکەكانی چێخۆڤ.
كورتەچیرۆکەکانی دۆستۆیۆڤسکی
(فیۆدۆر میخالۆڤیچ دۆستۆیۆڤسکی ـ Fyodor Mikhailovich Dostoevsky)، (١٨٢١ ـ ١٨٨١) نووسەری بەناوبانگی ڕووسیا، هەرچەندە زیاتر بە ڕۆمانە قووڵ و دەروونشیکارەکانی دەناسرێتەوە، بەڵام چەندین كورتەچیرۆکی زۆر گرنگیشی نووسیوە. بەرهەمە کورتەکانی دۆستۆیۆڤسکی هەروەک ڕۆمانەكانی، خۆ لە قەرەی شڕۆڤەی دەروونشیكارانەی كەسایەتییەكان و دژایەتییە دەروونییەكان دەدەن. نموونەگەلێك لە كورتەچیرۆکەکانی دۆستۆیۆڤسکی بریتین لە (دڵێكی لاواز ـ A Faint Heart)، (بووبوک ـ Bobok)، (تیمساحەكە ـ The Crocodile) و (شەوە ڕووناکەکان ـ White Nights).
كورتەچیرۆکەکانی کافکا
(فرانتس کافکا ـ Franz Kafka) (١٨٨٣ـ١٩٢٤) نووسەری چیکی و ئەڵمانی زمانە. بەرهەمەکانی، زیاتر کەشێكی سوریاڵی و سیمبولیكیان هەیە. کەسایەتییەکانی کافکا زۆرجار کەسانی تەنیا و گۆشەگیرن کە دەكەونە نێو دۆخە سەرسوڕهێنەر و سەرلێشێواوەكانەوە. بە قسەی ڕەخنەگران، بەرهەمەکانی كافكا، زیاتر کەسایەتییە تەنیا و گۆشەگیرەكان لە نێو دۆخە سەیر و سوریاڵییەكان نیشان دەدەن. لە چیرۆکە کورتەکانی كافكا، دەتوانرێت ئاماژە بە چیرۆکی (پزیشکی گوندی ـ A Country Doctor) و (لە شەودا ـ At Night) و (پردەكە ـ The Bridge) بکرێت. چیرۆکەکانی کافکا بە قەڵەمێکی سادە و ڕوانگەیەكی فەلسەفیانە نووسراون و خوێنەر دەخەنە نێو بیرکردنەوە لەبارەی لێڵییەكانی بوونی مرۆڤ.
كوتەرچیرۆکەكانی هەمینگوای(١٨٩٩ـ١٩٦١)
ئێرنێست میلەر هەمینگوای (Ernest Miller Hemingway) نووسەر و ڕۆژنامەنووسێكی ئەمریکایی بوو کە بەهۆی شێوازی نووسینە کورت و پوختەكەی لە چیرۆک، نێوبانگێكی زۆری پەیدا كردووە. هەمینگوای، لە ڕێگەی ڕستەی کورت، گفتوگۆی ڕاستەوخۆ بێ ڕوونکردنەوەی زیادە و نیشاندانی کەمترین هەست، كورتەچیرۆکەکانی دەنووسی. زۆرێک لە كورتەچیرۆکەكانی هەمینگوای بەو زمانە سادە و کاریگەرە بەنێوبانگن كە كاریگەرییەكی قووڵ لەسەر دەروونی خوێنەر دادەنێن. ستایلە پووخت و بێ گرێگۆڵەكەی، كاریگەریی گەورەی هەبوو لەسەر فۆرموولەبوونی چیرۆكنووسینی مۆدێڕن. لە كورتەچیرۆكەكانی هەمینگوای دەتوانین ئاماژە بە شەوی پێش شەڕ (Night Before Battle) و لە باخچەی عەدەنەوە (From The Garden of Eden) و هەرگیز كەس نامرێت (Nobody Ever Dies) بكەین، هەرچەندە چیرۆكی پیرەمێرد و زەریا (The Old Man and the Sea)کەشی كورتە، بەڵام ڕەخنەگران نایخەنە ئەم چوارچێوەیەوە.
لەبەر ئەوەی كە نووسەری ئەم بابەتە فارس زمانە و ناوی (شیرین زارعپوور)ە، بۆیە لە كۆتایی وتارەكەدا، باسی باشترین كورتەچیرۆكنووسەكانی فارسزمانەكانی ئێرانیشی كردووە وەك (سادق هیدایەت) و (سادق چووبەک) و (بزورگ عەلەوی) و (هوشەنگ گوڵشیری) و (غوڵام حوسەین ساعدی) كە سەر بە قوتابخانەو شێوازەكانی ڕیالیزم و ناتورالیزم و سوریالیزمن و لێرەدا بە كورتی ئاماژەیان پێ دەدەین:
(سادق هیدایەت)، لە پێشەنگەکانی چیرۆکنووسیی مۆدێڕنی ئێرانە کە هەرچەندە زیاتر بە ڕۆمانی کوێرەکوند (بوف کور) ناسراوە، بەڵام کۆمەڵەیەک كورتەچیرۆکیشی هەیە. لە زۆربەی چیرۆکەکانی هیدایەت، تێمای سەرەکی مەرگ و بیرکردنەوە و ڕەخنە لە کۆمەڵگەی دیکتاتۆر و خورافی دەبینرێت. ئەو لە چیرۆکەکانیدا فەزای نەتەوەیی و ناوخۆیی بە باشی باس دەكات و بە پەخشانێكی سادەیی و خۆماڵی، باسی خەڵك و كێشە و خورافەكانیان بەتایبەت لە نێو دین دەكات.
(سادق چووبەک)، نووسەرێكی دیكەی ئێرانییە كە دوای هیدایەت دێت. ئەو لە ژێر کاریگەریی هیدایەتدا بوو و دوو کۆمەڵەی چیرۆکی کورتی بە ناوەكانی (خیمەشب بازی ـ شانۆی بووكەڵەیی) و (انتری که لوگیاش مرده بود ـ ئەو مەیموونێك كە لێبۆكەكەی مردبوو) لە ڕووی تەکنیک و زمانەوە زۆر بەنێوبانگ و گرنگن.
(هۆشەنگ گوڵشیری)، نووسەرێكی دیاری ئێرانی و لە كاریگەرترین چیرۆكنووسەكانی هاوچەرخی فارسزمانە. ئەو هەر بە كورتەچیرۆك دەستی پێ كرد. كارەكتەری چیرۆكەكانی زیاتر بە زمانێكی ئەدەبی پێناس و وەسف دەكرێن و لە گێڕانەوەدا نوێگەریی كردووە. چیرۆكەكانی (نیوەتاریكەکەی مانگ) كۆمەڵە كورتەچیرۆكەكانی گوڵشیرین كە زۆر بەنێوبانگن.
(بزۆرگ عەلەوی) كە ئەویش نووسەرێكی واقیعگەرا و چالاكێكی سیاسی بوو، لەگەڵ هیدایەت و چووبەك ڕۆڵی هەبوو لە گۆڕانكاریی دونیای چیرۆكنووسیی ئێران و ستایل و شێوازی نووسینەكەی زیاتر هەقیقەتگەرا بوو. بەنێوبانگترین كۆمەڵەی كورتەچیرۆكی عەلەوی، (چەمەدان) بوو كە كاریگەرییەكی دەروونشیكارانەی فرۆیدی تێدا بەدی دەكرا.
(غوڵامحوسەین ساعدی) كە بە ناوی خوازراوی (گەوهەر موراد) دەناسرا، یەكێكی دیكەیە لە چیرۆكنووسە بەنێوبانگەكانی ئێرانە كە كۆمەڵەی كورتەچیرۆكی (ماڵەكانی شاری ڕەی) بەنێوبانگترین كتێبیەتی. كورتەچیرۆكەكانی ئەم چیرۆكنووسە، زیاتر فەزایەكی كۆمەڵایەتییان هەیە و نیشانەگەلی فەرهەنگییان لەخۆیاندا جێ كردووەتەوە.
كورتەچیرۆك، ڕزگاركەری زەمەنە مردووەكانە:
لە كۆتاییدا، خوێندنەوەی كورتەچیرۆك، چێژی دەستكەوتنی پەیام یا هەستێكی كامڵە لە زەمەنێكی زۆر كورت، ژەمە خۆراكێكی ئەدەبیی كامڵە كە زۆر خێرا ئامادە دەكرێت، بەڵام تام و كاریگەرییەكەی بۆ ماوەیەكی زۆر دەمێنێتەوە. ئەم ژانرە بە پێچەوانەی ڕۆمان كە پێویستی بە بەڵێنداریی زۆر درێژە، دەروازەیەكی خێرا و درەوشاوەیە بەرەو دونیاگەلی جیاواز. كورتە چیرۆكەكان لەگەڵمانن لە زەمەنە مردووەكان، ئەوان دەتوانن لە نێو ڕیزی درێژی چاوەڕوانی و سەرقاڵییەكانی نێو میترۆ و پاس و سەفەرەكانمان، زەمەنە مردووەكانمان بۆ زیندوو بكەنەوە، كارێك كە ژانرە ئەدەبییەكانی دیكە بە زەحمەت دەتوانن بیكەن، هەر ئەمەیە هۆكاری تەمەندرێژیی ئەم ژانرە جوانەی ئەدەبیات.

