رۆژنامەی ھەولێر

مستەفا رەئووف: لە هەشتاكاندا گۆرانیببێژ لە پەنجەی دەست تێپەڕی نەدەکرد

شیڤان شێرزاد – هەولێر

هونەرمەندی گۆرانیبێژی بە ئەزموونی شاری كەركووك (مستەفا ره ئووف)’ رایدەگەیەنێت، سەردەمی ئاڵتونی ئەوان ساڵانی هەشتاكان بووە و ئەو كاتە گۆرانیبێژ بە پەنجەی دەست دەژمێردرا.

هونەرمەند مستەفا رەئووف، كە زیاتر لە 40 ساڵە لە بواری هونەریدا ئەسپی خۆی تاو دەدات، لە شاری كەركووك نیشتەجێیە و بە كاری مامۆستاییەوە خەریكە، بەڵام هێشتا وزە و تواناكانی لە بواری هونەریدا بەردەوامە.
(رێحانە، ناسك ناسك، مەندانێ مەندانێ، حەكیمێك بێنن هاوار) گۆرانییە ناسراوەكانی ئەم هونەرمەندە ناسراوەن كە لە كاتی خۆیدا دەنگدانەوەی زۆریان لێكەوتەوە، هونەرمەند مستەفا رەئووف بە (هەولێر)ی راگەیاند، ساڵی 1982 یەكەم گۆرانی بەناوی (رێحانە) بڵاوكردەوە، بەڵام لە ساڵانی حەفتاكاندا وەك دەستپێكی كاری هونەریی، لە چالاكی قوتابخانە و بۆنەكاندا گۆرانی دەگووت و لەوێوە بووە وێستگەیەكی باش بۆ بەردەوامبوونی لە كاری هونەریدا.
هونەرمەند مستەفا رە ئووف، لە سەرەتای كاروانی هونەریدا هاوڕێی كارە هونەرییەكانی هونەرمەندان (میدیا حسێن، كەمال محەمەد، عەتا چاوشین، زاهیر جەلال و كامەران عومەر) بووە له هه مووان زیاتر لەگەڵ هونەرمەندان میدیا حسێن و كەمال محەمەد بەشداری ئاهەنگەكانی كردووە.
ناوبراو ئێستاش خۆزگە بە ساڵانی هەشتاكانی دەخوازێت و دەڵێت “ساڵانی هەشتاكان و بەتایبەتیش ساڵی 1982 سەردەمی زێڕینمان بوو، چوونكە ئەو كاتە گۆرانیبێژ بە پەنجەی دەست دەژمێردران، بەڵام ئێستا گۆرانییبێژ زۆر بوون و بەشێكی زۆریشیان دەتوانین بڵێین كاری باش دەكەن”.
مستەفا رەئووف هێشتا دڵی بۆ كاری هونەریی لێدەدات، ئەگەر سپۆنسەر بۆ كارە هونەرییەكانیان بكرێت و گووتی “لەبەرئەوەی ئێمە زیاتر لە 40 ساڵە لە كاری هونەریدا خزمەت دەكەین، بۆیه لەگەڵ هونەردا دەژین و ئەگەر سپۆنسەرمان هەبێت بێگومان كاری نوێی هونەریی دەكەین”.