رۆژنامەی ھەولێر

رژێمی سووریا پێویستی بە هەسەدەیە بۆ لەناوبردنی داعش

كارزان گلی – هه‌ولێر

توركیا و رژێمی سووریا، دوا وادەیان بۆ هەسەدە تا سەری ساڵە و دەبێت تا ئەوكاتە هێزەكانیان بخەنە سەر وەزارەتی بەرگریی سووریا، بەڵام هەسەدە هیچ هەنگاوێكی كرداری نەناوە و رەتی دەكاتەوە بەو شێوەیەی سوووریا و توركیا دەیانەوێت بچێتە سەر وەزارەتی بەرگریی. شارەزایەكی سیاسیش پێیوایە، لێدان لە هەسەدە كارەساتی لێدەكەوێتەوە، چونكە ئەو هێزەی ئێستا سووریا هەیەتی، ناتوانێت رووبەڕووی گرووپی تیرۆرستی داعش ببێتەوە.

سوعاد دەلگەن، شارەزای سیاسەتی دەرەوە پێیوایە، ئەو هێزەی لەژێر فەرمانی ئەحمەد شەرعە، واتە سوپای تەحریر شام، بەتەنیا ناتوانن رووبەڕووی داعش ببنەوە، ئەگەر بڕیار بدەن بەتەنیا رووبەڕووی داعش ببنەوە، دووچاری زیان و شكستێكی گەورە دەبنەوە. شەرع بۆ ئەوەی بتوانێت رووبەڕووی داعش ببێتەوە و لەناویان ببات، پێویستی بە هەسەدەیە.“
بەگوێرەی گوتەی مەزڵووم عەبدی، سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی هەسەدە، ئەوان خاوەنی ١٠٠ هەزار چەكدارن و هەمووشیان راهێنانیان بۆ كراوە تا بجەنگن. ئەو ژمارەیە میدیاكانی توركیا و جیهانی هێناوەتە دەنگ و پێیانوایە ئەگەر توركیا و رژێمی سووریا، هێرش بكەنە سەر هەسەدە، شەڕێكی زۆر قورس روو دەدات و تەواوی سووریا دەگرێتەوە.
ئەمریكا لە بودجەی ٢٠٢٦یدا، بڕی ١٣٠ ملیۆن دۆلاری بۆ هەسەدە داناوە، هەروەها لە كاتی پێشوازیكردن لە ئەحمەد شەرع لە ئەمریكا، سووریا بەفەرمی هاتە ناو ئەو هاوپەیمانییەی بۆ لێدان لە داعش دروست بووە، بەڵام وەكوو ئەوەی سوعاد باسی دەكات، هێزەكەی شەرع ناتوانێت بەتەنیا رووبەڕووی داعش ببێتەوە، بەهۆی ئەوەی هەسەدەش ئەندامی ئەو هاوپەیمانییەیە كە بۆ لێدان لە داعش دروست بووە، بۆیە دەبێت هانا بۆ هەسەدە بەرێت، نەك هێرش دژی هەسەدە دەستپێبكات، ئەمە هەڵەیە زیانی زۆر دەبێت.
بەگوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی (جومهوریەت)ی توركی، هەسەدە هەموو هەوڵێك دەدات تا ئەو ماوەیەی دیاری كراوە بۆ چوونە سەر وەزارەتی بەرگریی درێژ بكاتەوە بۆ ماوەی سێ مانگی تر، واتە تا بەهاری ٢٠٢٦، بەڵام تاوەكوو ئێستا روون نییە توركیا و سووریا قبووڵی دەكەن ماوەكەی درێژ ببێتەوە؟ ئایە دوای سەری ساڵ هێرش بۆ سەر هەسەدە دەستپێدەكەن؟
بەگوێرەی ئەو بۆچوونانەی میدیاكانی جیهانی و شارەزایانی سەربازی بڵاوی دەكەنەوە، ئەستەمە توركیا و رژێمی سووریا بتوانن بە ئاسانی هەسەدە لەناو ببەن، چوونكە هەسەدە تەنیا نییە و ئەمریكا و ئەورووپای لە پشتە، ئەگەر شەڕ روو بدات شەڕەكە مانگ و دوو مانگ ناخایەنێت و رەنگە چەندین ساڵ بخایەنێت و سەرتاسەری سووریاش بگرێتەوە، بۆیە توركیا ناچێتە ناو هەڵەیەكی لەو شێوەیە و دووبارە ئاگری شەڕی ناوەخۆ لە سووریا دروست ناكاتەوە، چوونكە ئەگەر وا بكات و ملیۆنان كەسی تر ئاوارە بێت، ئەوكات توركیا دووچاری لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.
بەڵام هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، لە تازەترین دیمانەیەدا ئاماژەی داوە، سەبری ئێمە سنووری هەیە، ئەگەر تا سەری ساڵ هەسەدە بڕیار نەدات بۆ ئەوەی هێزەكانیان بچێتە سەر وەزارەتی بەرگریی، ئەوكات ئەگەری هێرش بوونی هەیە.