رۆژنامەی ھەولێر

حکوومەتی هەرێم چەندین بەرهەمی جووتیاران هەناردەی دەرەوە دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پەتاتە ئەو بەرھەمەیە کە لەو ساڵانەی دوایی لە ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری پێ دراوە و پێشوەچوونێکی باشی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش وای کرد یەکەم فێستیڤاڵ لە دھۆک بکرێت و دوو جۆری پەتاتە نمایش بکرێن، لەگەڵ چەند بەرھەمێکی دیکەی خۆماڵی. پارێزگاری دھۆک، دەڵێت: ٦٥% بەرھەمی پەتاتە لەسەر ئاستی ھەموو عێراق لە دھۆک بەرھەم دەھێنرێن.

لەو فێستیڤاڵەی کە لە دھۆک کرا ٥٠ جووتیار بەشدار بوون و بەرھەمەکانیان نمایش کرد کە چەندین جۆر پەتاتە و بەرھەمی دیکەی خۆماڵی لە خۆ دەگرت و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو، حکوومەتی ھەرێم لەم چەند ساڵەی دوای گرنگییەکی زۆری بە بەرھەمی پەتاتە و بەرھەمەکانی دیکە داوە، ھەر ئەوەش وای کردووە ساڵانە بەرھەمی پەتاتە لە ھەرێمی کوردستان زیاد بێت. کونسوڵخانەی گشتیی ھۆڵەنداش لە ھەرێمی کوردستان پاڵپشتیی فێستیڤاڵەکەی کرد.
ئامانجی سەرەکیی فیستیڤاڵەکە ناساندنی بەرھەمی خۆماڵی بوو، ھاوکات ھەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ جووتیاران و خستنەڕووی تەکنەلۆژیای نوێی کشتوکاڵی. لەم بۆنەیەدا نزیکەی ٥٠ خێوەت دانران. جووتیاران، کۆمپانیاکانی کەرتی کشتوکاڵی و چەندین خواردنگە، بەرھەم و خواردنی پەیوەست بە پەتاتە نمایش کرد.
لە فیستیڤاڵەکەدا بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق دوو جۆری نوێی پەتاتە بە ناوەکانی “عەترا” و “یوسف” نمایشکران. ئەم دوو جۆرە لە زانکۆی دھۆک گەشەیان پێدراوە و ساڵی ٢٠٢٣ لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە فەرمی تۆمارکراون، ئێستا زیاتر لە ١٢٠ تۆنیان لە بازاڕەکاندا بەردەستە.
پارێزگای دھۆک بە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرھەمھێنانی پەتاتە لەسەر ئاستی عێراق دادەنرێت، زیاتر لە ٨٠٠ جووتیار لەم پارێزگایەدا سەرقاڵی چاندنی پەتاتەن، بەپێی ئامارەکان، پێشبینی دەکرێت بەرھەمی ئەمساڵی پەتاتە لە دھۆک بگاتە سەرووی ٦٠٠ ھەزار تۆن، ئەمەش وا دەکات پارێزگاکە جگە لە دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆ، توانای ھەناردەکردنی بەرھەمەکەشی ھەبێت.
جووتیاران و بەشداربووانی فیستیڤاڵەکە ھیوادار بوون ئەم بۆنەیە ببێتە ھەنگاوێک بۆ زیاتر گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵی و دۆزینەوەی بازاڕی گونجاو بۆ بەرھەمە خۆماڵییەکانیان.
ئەم ھەنگاوانە بەشێکن لە پلانی ستراتیژیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پشتگیریکردنی کەرتی کشتوکاڵ و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی بەرچاوی بە کەرتی کشتوکاڵ داوە، ئەوەش وای کردووە کە لەم چەند ساڵەی دوای چەندین فیستیڤاڵی بەرھەمی خۆماڵی بکرێن، ئەوەش دەرفەتێکی باشی بۆ جووتیاران پەیدا کردووە تاکو بازاڕ بۆ خۆیان پەیدا بکەن.
کەرتی کشتوکاڵ لە پارێزگای دھۆک لە ساڵانی ڕابردوودا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە پاڵپشتیی جووتیارانی کردووە بۆ بە بازاڕکردنی بەرھەمەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوەی ھەرێم، بەرھەمی پەتاتەی کوردستان بە کوالێتییەکی بەرز ناسراوە و خواستێکی زۆری لەسەرە لە بازاڕەکانی وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت ئیمارات و قەتەر، ھەروەھا ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ فراوانکردنی بازاڕەکان و ھەناردەکردنی بۆ وڵاتانی دیکەش، لەوانە ئەفریقای باشوور.
زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەشتی ناوکوڕ لە قەزای بەردەرەش، کە پەتاتەکەی بە باشترین جۆری پەتاتە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە دادەنرێت، جووتیاران سەرقاڵی بەرھەمھێنانی ئەم جۆرە باشەی پەتاتەن، لەبارەی تۆو، خاک و بەرھەمی پەتاتەی ناوچەکەوە، ئەحمەد سدیق، جووتیارێکی ئاکرێیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر”دەڵێت: بنەتۆو لە کۆمپانیایەکی ناوخۆیی وەردەگرین، کە تۆوی پەتاتە لە ھوڵەنداوە دەھێنێت و ئەم جۆرەش یەکێکە لە جۆرە زۆر باشەکان، لەڕووی شێوازی بەکارھێنان و ئامادەکردنی تۆوەکانیشەوە،‌ ئەم جووتیارە ئاماژە بەوە دەکات، کە تۆوەکەیان وەرگرت، دوو ھەفتە لەبەر خۆر دایدەنێن تا ئامادە دەبێت بۆ چاندن، بۆ پێگەیشتنی پەتاتەکەش ماوەی سێ ھەتا چوار مانگ پێویستە.
یەکێک لە ئامانجەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کارکردنە لەسەر بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ، بە ئامانجی سەرخستنی بەرھەمی ناوخۆی زیاتر و ساغکردنەوەی بەرھەمی جووتیاران و دۆزینەوەی ھەلی کار لە ناوخۆ، ئەمەش بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەھێز، لەم چوارچێوەیەشدا پاش بەرھەمھێنانی زیاتری پەتاتە و بۆ ساغکردنەوەی ئەم بەرھەمە لە ئێستادا و لە قەزای بەردەڕەشی سەر بە پارێزگای دھۆک، یەکەمین و گەورەترین کارگەی بەرھەمھێنانی فینگەر لە ھەرێمی کوردستان و عێراقە، کە بەرھەمی ساڵانەی ١٠٠ ھەزار تۆنە و ھەلی کار بۆ زیاتر لە ٥٠٠ کرێکار ڕەخساندووە. بەشار موشیر، سەرپەرشتیاری کارگەکەیە و دەڵێت: ڕێژەی بەرھەمھێنانی پەتاتە لە کوردستان زیادی کرد و ساڵی ڕابردوو ٥٠٠ ھەزار تۆن زیاتر بووە و پێشبینییش دەکرێت بۆ ئەمساڵ ٨٠٠ ھەزار تۆن تێپەڕێنێت، دروستکردنی کارگەی پیشەسازیی کشتوکاڵی یەکێکە لە ڕێگە چارەسەرەکانی ساغکردنەوەی بەروبوومی کشتوکاڵی، بۆ ئەم مەبەستە بە شێوەی گرێبەست لەگەڵ جووتیاراندا بەرھەمەکانیان ڕێکدەخرێت و لەم پڕۆژەیەدا بە پیشەسازی دەکرێت.
لەبارەی ھۆکاری بەرەوپێشچوونی کار و بەرھەمی جووتیاران و زیادکردنی ڕێژە و باشترکردنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان، بەشار موشیر، ئەمەی بۆ لەپێشینەی کارەکانی کابینەی نۆیەم گەڕاندەوە و سوپاسی ھەوڵەکانی حکوومەتی کرد، کە دڵنیایی پێ داون لەوەی خەمخۆری ئەم کەرتەیە و دەشڵێت: ساڵ بە ساڵ لەم کابینەیەدا ھەموو جۆرێکی بەروبوومی کشتوکاڵی ڕووی لە گەشەکردن کردووە، لە پێناو بونیادنانی ژێرخانێکی باشتری ئابووری و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک.
بەگوتەی شارەزایانی بواری چاندن، ھەناردەکردنی بەرھەمی جووتیاران بۆ دەرەوە ھەنگاوێکی زۆر گرنگە و ھانیان دەدات زیاتر گرنگی بە کارەکەیان بدەن و پەرەی پێ بدەن. واحید سەرحەد، شارەزای بواری کشتوکاڵ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” لەبارەی ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێـمی کوردستان بۆ بە بازاڕکردنی بەرھەمی جووتیاران ئاماژە بەوە دەدات، حکوومەتی ھەرێم بەردەوام کاری بۆ ھەناردەی بەرھەمی جووتیاران و بەتایبەت بەرھەمی پەتاتە کردووە، ساڵانە بە دەیان تۆن ھەناردەی دەرەوە کردووە، ساڵ بە ساڵیش ڕێژەکە زیاتر دەبێت.
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ئاشکرای کرد: پارێزگای دھۆک دەبێتە جەمسەرێک بۆ بەرھەمھێنانی پەتاتە، ٧٥% بەرھەمی پەتاتە لە ھەرێمی کوردستان لە پارێزگای دھۆک بەرھەم دەھێنرێن، ھەروەھا نزیکەی ٦٥%ـی بەرھەمی پەتاتە لەسەر ئاستی ھەموو عێراق لە سنووری دھۆکە، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە کە ئەو بەرھەمە نەک تەنیا بەرەو زیاد بوونە، بەڵکو کارگەی پێویست بۆ چاککردنی ئەو بەرھەمانەی بە شێوەیەکی پیشەسازی و بازرگانی و پڕکردنی بازاڕ نەک تەنیا لە ھەرێمی کوردستان، بەڵکو لە عێراق و دەرەوەش خواستێکی زۆری لەسەرە، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر لە ساردخانە دروست کراون بۆ ھەڵگرتنی پەتاتە.