رۆژنامەی ھەولێر

سبەی یەکەم رۆژی زستانە و ئەمشەو شەوی یەڵدایە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

بەپشتبەستن بە رۆژژمێری کوردی کە پشت بە سووڕانەوەی زەوی بە دەوری خۆر دەبەستێت ئەمڕۆ یەکشەممە دواین رۆژی پاییزە و سبەی دووشەممە یەکەم رۆژی زستانە، بەو پێیە ئەمشەو شەوی یەڵدایە کە درێژترین شەوی ساڵە و لە کلتووری کوردەواری بە شەوێکی پیرۆز دادەنرێت.

شەوی یەڵدا یەکێکە لە جەژنە هەرە دێرینەکان کە ئاوێتەی چیرۆک و ئەفسانە و زانیاری سەرنجڕاکێشە، بەشێك لە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كورد و ئازەری و فارس و چەندان نەتەوەی تر بایەخ بەم شەوە دەدەن و بە جەژنێکی کۆنی دادەنێن. لەو شەوەدا خێزانەکان تا درەنگانێک لەدەوری یەکتر کۆ دەبنەوە و بە قسەی خۆش و گێڕانەوەی چیرۆک و رێوڕەسمی جۆراوجۆر شەوەکە پیرۆز دەکەن.
شەوی یەڵدا درێژترین شەوی ساڵە كە لەگەڵ رۆژئاوابوونی ٣٠ سەرماوەز یان دوایین رۆژی پاییز دەست پێ دەكات و لە کاتی خۆرهەڵاتنی رۆژی یەكی بەفرانبار یان یەكەم رۆژی زستان كۆتایی دێت. بەگوێرەی رۆژژمێری كوردی، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی كانوونی یەكەم دوایین رۆژی پاییزی ٢٧٢٥ی کوردییە.
شەوی یەڵدا مەرج نییە هەموو ساڵێک بکەوێتە ئێوارەی ٢١ی کانوونی یەکەم بەڵکو هەر چوار ساڵ جارێک دەکەوێتە ئێوارەی ٢٠ی کانوونی یەکەم ئەویش لە ساڵی کەبیسەدا روو دەدات. بۆ نموونە ساڵی ٢٠٢٤ شەوی یەڵدا بریتی بوو لە ئێوارەی ٢٠ی کانوونی یەکەم و رۆژی دواتری یەکەم رۆژی زستان بوو بەڵام ئەمساڵ ٢٢ی کانوونی یەکەم زستان دەست پێ دەکات.
کورد و چەند نەتەوەیەکی دیکەی ناوچەکە ئەم شەوە پیرۆز دەكەن و بە كۆبوونەوە لە دەوری یەكتر و رازاندنەوەی خوان بە كۆمەڵێك میوە و شیرینی و گۆرانی و بەزمی جیاواز ئەم شەوە دەڕازێننەوە. لە رۆژهەڵاتی کوردستان جەژنەکە لە چاو پارچەکانی دیکەی کوردستان شکۆمەندانەتر دەکرێ، لە هەرێمی کوردستانیش ئەم جەژنە پیرۆز دەکرێ و رێوڕەسمی جۆراوجۆر لە شار و شارۆچکەکان لە ئاستی رێکخراو و دامەزراوە جیاوازەکان بەرێوەدەچێت هەرچەندە هێشتا وەک پێویست ئاوێتەی کلتوری خێزانەکان نەبووە تا شەوانە لە دەوری یەکتر کۆ ببنەوە و درێژترین شەوی ساڵ بە خۆشی بەڕێ بکەن.
یەڵدا وشەیەكی کۆنە بە مانای لەدایكبوون دێت و دەگوترێت لەو شەوەدا خۆر لە دایك دەبێت. ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە تا شەوی یەڵدا ماوەی رۆژ كورتتر و ماوەی شەو درێژتر دەبووەوە، بەڵام ئیتر ئەم ئاراستەیە لە قازانجی رۆژ پێچەوانە دەبێتەوە و لە شەوی دواترەوە هەموو رۆژێك درێژتر دەبێتەوە و شەوەكەشی بەراورد بە شەوی پێشتر كەمێك كورتتر دەبێتەوە. شەوەکە و پیرۆزییەکەی ریشە و مێژوویەکی هەزاران ساڵەی هەیە و ئایینەکانی میترایی و زەردەشتیش بە لایانەوە پیرۆز بووە.
دەستپێكی درێژبوونی رۆژ كە لە یەكەم رۆژی زستان دەست پێ دەكات، لە دوایین رۆژی وەرزەكە دەگاتە ئاستی شەوەكە و لە یەكەم رۆژی نەورۆزدا ئیتر بە سەریدا زاڵ دەبێت و دواجار رووناكی و ئاگر و خۆر و گەرمی لە تاریكی و شەو و سەرما دەباتەوە كە هەر كام لەوانە پێناسەی جیاوازیان بۆ دەكرێت و بە نەهامەتی و خۆشییەكانی ژیان گرێ دراون.
شەوی یەڵدا بە شەوی چلەش ناسراوە و شەوچلە هەر لەو شەوەوە سەرچاوە دەگرێت. رۆژی دووشەممە ٢٢ی کانوونی یەکەم كە یەكەم رۆژی زستانە چلەی گەورە دەست پێ دەكات كە ماوەكەی چل رۆژە و لە ١٠ی رێبەندان دووەم مانگی زستان كۆتایی دێت، چلەی بچووكیش لە ١٠ی رێبەندانەوە دەست پێ دەكات و تا كۆتایی مانگەكە بەردەوام دەبێت. هەریەك لەو چلانەش چیرۆكی تایبەت بە خۆیان هەیە و بە گشتی چلەی بچووك لە چلەی گەورە ساردترە و زستان تێیدا سەختترە و خەڵک حەز دەکەن زوو بکەونە مانگی رەشەمێ کە دواین مانگی زستانە بۆ ئەوەی پلەکانی گەرما بەرز ببنەوە و بەرەو نەورۆز و بەهاری کوردەواری هەنگاو بنێن.
قسە و دەنگۆ و چیرۆكی جیاواز لەسەر رێوڕەسمە پێوەندیدارەكانی شەوی یەڵدا لە مێژوودا باس دەكرێن. دەگوترێت لە كۆندا كاتێك ئەو شەوە دەهات، پاشاكان تاجی پاشایەتی خۆیان دەهێنایە خوارەوە و هەوڵیان دەدا بۆ شەوێكیش بێت هاوشێوەی خزمەتكار و بەردەستەكانیان بژین. ئەوان لەو شەوەدا هاوشێوەی خەڵكی ئاسایی لە خۆشییەكاندا بەشدار دەبوون و هاوشێوەی ئەوانیش خورادنیان دەخوارد. هێشتا راستیی ئەم قسەیە بە بەڵگە نەسەلمێنراوە، بەڵام باب و باپیران پشتاوپشت ئەو چیرۆكەیان گێڕاوەتەوە.
شووتی و هەنار دوو میوەی تایبەتین كە زیاتر لە هەر جۆرە میوەیەكی تر لەم شەوەدا بە پێویست زانراوە لەسەر خوان هەبێت و هاوكات چەرەزات و میوەی وشكیش رازێنەری خوانەكەن. لە كۆندا بنەماڵەی زاوا دیاریی تایبەتی لەسەر سینی داناوە و بۆ ماڵی بووكی بردووە. لە هەر ناوچەیەكی دیاریكراو رێوڕەسمی تایبەت بە خۆی بەڕێوە دەچێت.
ماوەی شەوی یەڵدا سەرووی چواردە سەعاتە و لە كۆنەوە، بارینی بەفر و باران لە شەوی یەڵدا بە نیشانەی ساڵێكی پڕ خێر و بێر هەژمار كراوە.
بەشێكی زۆری خەڵك بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی كوردستان وەك نەریتێكی كۆن ئەو شەوە لە دەوری یەكتر كۆ دەبنەوە و بەڕازاندنەوەی سفرە و خوانیان شەوی یەڵدا بەڕێ دەكەن.
لە هەندێك ناوچەی رۆژهەڵاتی كوردستان لە كۆندا گندۆرەیان خستووەتە نێو سركە و بۆ شەوی یەڵدا هەڵیان گرتووە. وا باو بووە ئەگەر لەو شەوەدا گندۆرەكە بخۆن، ئەوا لە بەرانبەر سەرمای سەختی زستان بەرگری لەشیان زیاتر دەبێت. یەكێك لەو چێشتانەش كە بۆ ئەو شەوە دروست كراوە، دۆڵمەی كەلەم بووە. كاتی خۆی خزمەكان لە دەوری كورسییەك دانیشتوون كە لە دەوری تەندوور دانراوە و خۆیان پی گەرم كردووەتەوە و هەر لە دەوری ئەو كورسییە كە لە راستیدا مێزێكی دارە، شەوی درێژی ساڵیان بەڕێ كردووە.
جێی باسە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ یەکەم جار رێکخراوی یۆنسکۆ شەوی یەڵدای وەک میراتێکی کلتووری تۆمار کرد. لە یۆنسکۆ دوو جۆر شوێنەوار هەیە کە تۆمار دەکرێ جۆری یەکەمیان ئەو شوێنەوارەیە کە دەبینرێت یان مادەیە، وەک پارچەی شوێنەواری و قەڵا و کۆمەڵێک شتی تر، جۆرێکی تریش هەیە مادە نییە بەڵکوو بۆنە یان نەریتێکی تایبەتییە و یەڵداش لەو چوارچێویەدا تۆمار کراوە.