رۆژنامەی ھەولێر

ســــــــــەردەمی پڕۆپاگەندا

ئاریامان ئەحمەدی

 

سەردەمی ئێمە، “سەردەمی پڕۆپاگەندا”یە؛ جیاوازی نییە كە لە وڵاتێکی دیموکراتیكدا بژین یان نادیموکرات! سەردەم، سەردەمی پڕۆپاگەندایە؛ بەتایبەتی لە سەدەیەک کە بە ناوی “سەردەمی پەیوەندییەکان” جیهان بووەتە گوندێکی بچووک و هەر هەواڵ و گۆڕانکارییەک كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هاوکێشە سیاسی ـ ئابوورییەكانی جیهانیش دەبێت.

بەس پێویستە بپرسین كە سەردەمی پەیوەندییەکان، چۆن ئێمە دەخاتە نێو “پڕۆپاگەندایەكی سانسۆڕکەر”ەوە تا لە “هاووڵاتییەکی پلە یەک”ـەوە بمانگۆڕێت بۆ “هاووڵاتییەکی پلەی دوو یان پلە چەند”؟ ئەمە هەمان پرسیارە کە (جۆرج ئۆرویل ـ George Orwell) لە ساڵی ١٩٤٥ی زایینی و بە نووسینی (مەزرای ئاژەڵان ـ Animal Farm) و پاشانیش لە ساڵی ١٩٤٩ بە نووسینی دوایین بەرهەمی واتە ڕۆمانی (١٩٨٤ ـ نۆزدە هەشتاوچوار) وەڵامی دایەوە؛ وەڵامێک لە ڕوانگەی ئەدەبیاتەوە، تا نیشانی بدات ئەدەبیات دوژمنی سەرسەختی هەموو دیکتاتۆریەتێكە.
ڕێك لەم گۆشەنیگایەوەیە کە جۆرج ئۆرویل هۆشداریمان دەداتێ: ئەو پێشگۆ گەورەكەی سەدەی بیستەمە، هی هەموو سەردەم و سەدەکان. كاتێك كە ئۆرویل (مەزرای ئاژەڵان)ـی نووسی، هۆشداری ئەوەی دا چۆن حکومەتە تۆتالیتار و ناوەندگەراكان دەتوانن مەترسییەکی بەردەوام بن لەسەر سیستەمە دیموکراتیكەکان؛ هۆشدارییەك کە ئەمڕۆكە بە پێست و گۆشت و خوێنمان دەتوانین هەستی پێ بكەین و بیبینین. هەر لە چین و ڕووسیاوە بگرە تا دەگاتە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەر هەموویان مەترسین بۆ سەر دیموکراسی و مافی مرۆڤ.
(جۆرج ئۆرویل) بە کابووس و مۆتەكەی (پیاوی مەزن) لە ڕۆمانی (1984)، بەردەوام ئاگادارمان دەکاتەوە کە پشتگوێخستنی “ئازادی” “دیکتاتۆریەت”ـی بەدوایە، وەک چۆن کەسایەتییەکانی ڕۆمانەكە (وینستۆن و جوولیا) هەرگیز ناتوانن لە سێبەری دیکتاتۆریەتدا، مرۆڤایەتی و چێژە مرۆییەکانی وەك خۆشەویستی ئەزموون بکەن؛ چونکە ئایدیۆلۆژیای تۆتالیتاری دەسەڵاتدار، مرۆڤایەتییان تێدا دەكوژێت؛ هەروەک چۆن پڕۆفیسۆر (دەیڤد دووان) دەڵێت: “ئەو سەركوتەی كە لە ڕۆمانەكەدا وێنا دەکرێت و دەبینرێت، بەرگرییەکی تەواوە لە مافی مرۆڤ.”
ئۆرویل کە خۆی بە سۆسیاڵ ـ دیموکرات و مرۆڤباوەڕ دەزانی، یەكێك بوو لەو کەسانەی پاش جەنگی جیهانی دووەم داوای پێداچوونەوەی كرد بە جاڕنامەی مافی مرۆڤ. لە دیسەمبەری ١٩٤٨ (شەش مانگ پێش بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی ١٩٨٤)، جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کرا و تێیدا مافی دەستپێڕاگەیشتنی دادپەروەرانە و ئازادیی بیرکردنەوە و پاراستنی ژیانی كەسی بە فەرمی ناسێنرا؛ بابەتێک کە ئۆرویل بە ئاشكرا و لە ڕۆمانی (1984) ئاماژەی بە نەبوونیان کردبوو.
لە کاتێکدا کە ڕۆمانی (١٩٨٤) و سەردەمەكەشی هات و تێپەڕی و ئێستا ئێمە لە سەدەی ٢١ (ساڵی ٢٠٢٢)داین (ئەم وتارە سێ ساڵ بەر لە ئێستا نووسراوە)، دیدگای دیستۆپیایی نەرێنیی ئۆرویل لە حکومەتێکدا کە بە پڕۆپاگەندای ڕاستی، خۆشەویستی، خۆشگوزەرانی و ئاشتییەوە دەیهەوێت “مرۆڤی ئازاد” بگۆڕێت بۆ “مەڕێكی گوێڕایەڵ”، لە هەمیشە لێمان نێزیکترە.
ئۆرویل لە ڕۆمانی (١٩٨٤)، جیهانێکی خەیاڵی دروست کردووە کە هەر لە سەرەتاوە تا کۆتاییەكەی “باوەڕپێکراو”ە. هەر ئەم باوەڕپێکردنەیە كە ئەم جیهانە خەیاڵییەی گۆڕیوە بە مۆتەكە و کابووسی جیهانی ڕاستەقینەی ئەمڕۆی ئێمە؛ کابووسێک کە بە قسەی (ئەمبێرتۆ ئەکۆ)، “لانیکەم سێ چارەکی ئەوەی ئۆرویل دەیگێڕێتەوە، دیستۆپیای (ئارمانشار) نەرێنی نییە، بەڵکو مێژووە”، مێژوویەک کە بە ئایدیۆلۆژیای فاشیزم، نازیزم، کۆمۆنیزم و ئایدیۆلۆژیاکانی تر، مرۆڤی کردووە بە کۆیلە.
ڕۆمانی (1948)، تا ئەمڕۆكە وەرگێڕدراوەتە سەر (70) زمانی دونیا بە چینیشەوە، كە سەرەڕای هەموو قەدەغەبوونەكانی كەچی لەو وڵاتە كۆمۆنیستییە دەست بە دەست دەكات. لە ئێرانیش تا ئێستا (٧٩) وەرگێڕانی جیاواز لەم ڕۆمانە ئەنجام دراوە كە (55)یان بەس لە تاران و (٩)یان لە قوم و چواریان لە مەشهەد، دووانیان لە قەزوین و دووانیان لە ساری، و لە شارەكانی ئەسفەهان، تەورێز، بوجنوورد، دێزفوول، کاشان، کرمان و کەرەجیش وەرگێڕانێك ئەنجام دراوە. خاڵی بەرچاو لەبارەی وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە و ڕۆمانی (مەزرای ئاژەڵان)، ئەوەیە شاری قوم كە بە شاری ڕۆحانییەکان بەنێوبانگە، زۆرترین وەرگێڕانیان بۆ ئەنجام دراوە.
ڕۆمانی (١٩٨٤) چ ڕۆمان و حیكمەتێكی تێدایە کە پاش ٧٣ ساڵ هێشتا زمانی گەلانی ئێرانە و یەكێكە لە پڕفرۆشترینەكانی مێژووی چاپ و بڵاوکردنەوە لە ئێران؟ باشترین وەڵام بۆ ئەم پرسیارە ئەوەیە کە گەلانی ئێران خۆیان لە ئاوێنەی ڕۆمانی (١٩٨٤) و (مەزرای ئاژەڵان) دەبیننەوە و لە لایەکی تریشەوە خۆیان نێزیك دەبینن لەگەڵ کەسایەتییەکانی هەردوو ڕۆمانەكە و لە نزیکەوە بینیویانن یان باش دەیانناسن؛ وەک چۆن جۆرج ئۆرویل لە ڕۆمانی (١٩٨٤) هەوڵ دەدات تووشی گومانمان بکات سەبارەت بەو شتەی كە لە دونیای دەوروبەرماندا دەگوزەرێت تا ناچارمان بكات بەردەوام پرسیار لە خۆمان، ئەوی تر و دەسەڵات بكەین و ڕەخنە لە دەسەڵات بگرین.
پرسیارکردن، پرسی سەرەکیی ڕۆمانی (١٩٨٤)ە. پرسیارێك لە خۆمان و دەسەڵات بۆ چاودێریكردنی مافی مرۆڤ، دیموکراسی و ئازادی. لەم گۆشەنیگایەوە، ڕۆمانی (١٩٨٤) وێنایەکی بوێرانە لە “نووسین” و “بیرکردنەوە” دەداتە خوێنەر؛ چیرۆکێک لەبارەی خوێندنەوە، نووسین و بیرکردنەوە لە سەردەمی پڕۆپاگەندا و چاودێریی توندی حکومەتە تۆتالیتارەکان.
(وینستۆن سمیت) هەم وەک خوێنەر و هەم وەک نووسەرێک لەگەڵ پڕۆپاگەندایەکی سانسۆڕكەر کە لە چوار لاوە چاودێرە و بە مرۆڤ دەڵێت چۆن بیر بکاتەوە و بیر لە چی بكاتەوە، تەواو لە شەڕدایە: لە سانسۆڕی وێنە و ئەرشیفە گشتییەکانەوە بگرە تا شاشەی تەلەڤزیۆنەكان کە هەموو ژمارە و ئامارەکانیان نادروستە تا نیشانی بدەن ئابووری وڵات لە گەشەدایە، تەنانەت لە کاتێکدا کە حەقیقەت پێچەوانەیە (وەک تەڵقینكردنی هاوکێشەی دوو كۆ دوو دەكاتە پێنج)؛ هەر ئەم تێگەیشتنە لە “حەقیقەت”ـی “چیرۆک”ـە كە وینستۆن سمیت ناچار دەکات لە نێوان چیرۆك (دەق) و حەقیقەت (جیهان)، بە دوای خود و ناسینی خود و دونیای دەوروبەریەوە بێت، تەنانەت ئەگەر لە ژێر ئەشکەنجەدا ددان بەوەشدا بنێت كە هێشتا “پیاوی مەزن”ـی خۆش دەوێت.