رۆژنامەی ھەولێر

نۆ هەزار ساڵ لەمەوبەر مرۆڤەكانی گوندی چەرمو چۆن خۆیان پاراستووە

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

 

د. دڵشاد زاموا كە شوێنەوارناسێكی ناوداری كوردە لە تازەترین توێژینەوەیدا نووسیویەتی كە لەگەڵ دەستپێكی شۆڕشی كشتوكاڵی، نۆ هەزارساڵێك لەمەوبەر مرۆڤەكانی دەشت و دۆڵەكانی بازیان و تەكیە و چەمچەماڵ شوێنێكی نمونەیی بەرز و گرنگیان بۆ دروستكردنی لادێیەك لە چەرمو هەڵبژارد، ئەم شوێنە لە سەر ڕۆخی ڕووباری چەمەگەورە بوو، بەڵام لەبەرزییەكدا بوو، كە بە هیچ شێوەیە مەترسی گەیشتنە لافاوی چەمەكەی ڕووبەڕوو نەدەبووەوە، هەروەها بە تەواوی دەیڕوانی بەسەر دەشت و دۆڵ و دەربەندەكانی ناوچەكەدا.

ئەو شوێنەوارناسەی كورد پێی وایە كە بە هەمان شێوە، شوێنی قەڵاسپی و گردە شوێنەوارییەكەی ژێری لە ناوەڕاستی چەمچەماڵ لە شوێنێكی هێندە گرنگدابوو، بە تەواوی دووربوو لە مەترسی لافاو، هەر لەبەرئەوە بوو، گردەكەی ژێر قەڵاسپی، مێژووی یەكێك لە دێرینترین شارەكانی كوردستانی تێدایە كە ماوەی زیاتر لە شەش هەزارساڵ بەردەوامی ئاوەدانی چەمچەماڵ دەسەلمێنێت. بەداخەوە ئێستاکە شوێنی زۆربەی ماڵەكانی تەكیە و چەمچەماڵ لە دۆڵ و تەختایی و نزیك دەربەندێك و چۆڕگەكاندان كە بە بارانێكی كەم مەترسی زۆریان دێتەڕێ. ئومێدەوارین زیاتر سوود لە ئەزموونی ژیانی هەزاران ساڵەی مرۆڤە دێرینەكان وەربگیرێت، چونكە ئەوان زۆر زیاتر لە ئێمە لە سروشت و ئاوهەواو و ڕووبار و خاك و كشتوكاڵ تێدەگەیشتن و ئەزمونی وردیان لەبارەوە هەبوو.
د. دڵشاد زاموا دەشڵێت كە شوێنەوارناسی تەنها زانستی نووسینەوە و گێڕانەوەی چیرۆكی ژیانی مرۆڤە دێرینەكان نییە، بەڵكو ئامانجی سەرەكی لێی تێگەیشتنە لە شێوازی ژیانی مرۆڤە دێرینەكان، كۆكردنەوەی بەڵگە بەرجەستەكان و خوێندنەوەی تۆمارە دێرینەكان بۆ گەیشتن بە نهێنییەكانی ژیانیان و گواستنەوەی ئەزمونە سەركەوتووەكانیان بۆ ژیانی ڕۆژانەی ئەمڕۆ و نەوەكانی داهاتوومان. دێی چەرمو، وەك نمونەییترین دێی شۆڕشی كشتوكاڵی و چاخی بەردینی نوێ، نمونەیەكیان لە تەلارسازی و لادێ دروستكردن دامەزران كە هەتا بیست ساڵ لەمەوبەریش لە هەموو لادێكانی كوردستاندا لەسەر هەمان ڕێبازی تەلارسازی و هەڵبژاردنی بەرزایی دوور لە ڕووبارەكان لادێیان دروست دەكرد.