رۆژنامەی ھەولێر

هیچ كەسێك لە دەرەوەی ریال مەدرید شوێنی ئالۆنسۆ ناگرێتەوە

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانیا بلاویکردووەتەوە، یەکگرتنەک لە نێوان یاریزانانی ریاڵ مەدرید دروست بووە و یاریزانەکانی ئەو یانەیە، بەڵێنیانداوە هەموو شتێک لە پێناو مانەوەی چابی ئاڵۆنسۆ راهێنەری یانەکەیان بکەن. لەلایەکی دیکەوە فابریزیۆ رۆمانۆی رۆژنامەنوسی ئیتاڵیش دەڵێت، جامی سوپەری ئیسپانیا کۆتا دەرفەتە بۆ ئاڵۆنسۆ و ئاربیلواش بە شوێنگرەوەی ناو دەبات و باسی دوو شوێنگرەوەش دەگرێت.

هاوپەیمانییەكی درەنگ بۆ پشتگیری ئالۆنسۆ
بەگوێرەی میدیایەكانی ئیسپانیا، لە ریاڵ مەدرید هاوپەیمانیەتیەکی درەنگ وەخت بۆ پاڵپشتی چابی ئالۆنسۆ لەنێو یاریزانەكان دروست بووە و سەرجەم یاریزانەکانیش بەڵێنیانداوە، هەموو شتێک بکەن بۆ ئەوەی چابی ئاڵۆنسۆ وەکو راهێنەری یانەکەیان بەردەوام بێت.
یاریزانەکانی ریاڵ مەدرید ئێستا بە تەواوەتی لەگەڵ چابی ئاڵۆنسۆی راهێنەرن، لە کاتێکدا چەند رۆژێک لەمەوبەر کوتلەیەک دروست ببوو کە ئارەزووی ئەوەیان دەکرد راهێنەرەکەیان لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە ئەو كوتلەیەش دەگوترێت پێكهاتبوون لە (ڤینسیۆس، رۆدریگۆ، بێلینگهام، ڤاڵڤێردی و ئاسێنسیۆ و كۆرتوا)، بەڵام ئێستا یەک دڵی لە نێوان یاریزانەکان دروست بووە و هیچ کێشەیەک لە ژووری جل گۆڕینی یانەکە نەماوە.
رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، دوای دۆڕانەکەی ریاڵ مەدرید بەرامبەر سێلتاڤیگۆ، دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە کە یاری بەرامبەر مان سیتی دوایین دەرفەتی ئاڵۆنسۆ بووە.
ریاڵ مەدرید لە یارییەکەی بەرامبەر مانچێستەر سیتیش لە گەڕی شەشەمی چامپیۆنزلیگ دۆڕا و ئاڵۆنسۆ هەر لە پۆستەکەی ماوەتەوە و تاوەکو ئێستاش هیچ نیشانەیەک بۆ دوورخستنەوەی نییە، مارکا دەشڵێت رەنگە بەرپرسانی یانەکە تاوەکو کۆتایی وەرز دەرفەت بە راهێنەری یانەکەیان بدەن.

فابریزیۆ بۆمبەكەی تەقاندەوە
لەلایەکی دیکەوە فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنوسی ئیتاڵی زانیاری دەستکەوتووە، جامی سوپەری ئیسپانیا کە بڕیارە مانگی داهاتوو لە سعوودیە بکرێت، دوایین دەرفەتە بۆ چابی ئاڵۆنسۆ راهێنەری یانەکە و ئەگەر ناسناوەکە نەباتەوە لە پۆستەکەی دوور دەخرێتەوە و ئالڤارۆ ئاربیلوا، راهێنەری تیپی كاستیای ریال مەدرید لە شوێنی ئالۆنسۆ دەبێتە راهێنەری یانە شاهانەکە، ئەمەش لە كاتێكدایە ئاربێلوا لەگەڵ تیپی كاستیای ریال مەدرید سەرپەرشتی 19 یاری كردووە، 11 بردنەوە و 2 یەكسان و 6 شكستی هەیە.
فابریزیۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە دەستەی كارگێری ریال مەدرید چاودێرییەكی وردی ئەنجامەكانی ریال مەدرید دەكەن بەتایبەتی یارییەكانی داهاتوو لە جامی شا، لالیگا و سووپەری ئیسپانیا، ئەوكات بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدەن.

رۆژنامەی ئاس، بەربژێری دیكە ئاشكرا دەكات
لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی وەرزشی ئاسی ئیسپانیش بڵاویکردووەتەوە، کارگێری یانەی ریاڵ مەدرید لە ئەگەری دوورخستنەوەی ئاڵۆنسۆ، کەسێکی نزیک لە یانەکە دەکاتە شوێنگرەوەی، واتە یەکێکی دیکە لە پاڵێوراوانی ئەو پۆستە، سانتیاگۆ سۆلاریە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، دەستەی كارگێری ریال مەدرید بڕیاریانداوە لە ئەگەری دوورخرانەوەی ئالۆنسۆ هیچ راهێنەرێك لە دەرەوەی یانەكە بۆ شوێنگرەوەی ئالۆنسۆ دەستنیشان نەكەن، بەڵكو شوێنەكەی هەر بە راهێنەرانی تیپەكانی دیكەی ریال مەدرید پڕ بكانەوە، دیارترینیشیان (ئاربێلوا، سۆلاری و رائول گۆنزالێز)ـن.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، هەموو ئەو ناوانەی كە باس دەكرا بۆ راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدرید، بەتایبەتی زەینەدین زیدان، یۆرگن كڵۆپ و خۆزێ مۆرینیۆ، تەنانەت باسی لۆران بلانی فەرەنسی و تێن هاگی هۆڵەندیش دەكرا، بەڵام بەپێی دوایین زانیاری هیچ كامێكیان نابنە راهێنەری ریال مەدرید، بەوپێیەی فلۆرێنتینۆ پێرێز بڕیاری داوە ئەوانەی لەنێو تیمەكانی یانەكە یاری دەكەن لە داهاتوو ئەركی تیپی یەكەمی ریال مەدرید وەربگرن.
ئەمەش لە كاتێكدایە، چابی ئالۆنسۆ لە كاروانی راهێنەرایەتی لە بۆندزلیگا لەگەڵ لیڤەركووزن درەوشایەوە و نازناوی جام و خول و سوپەری ئەڵمانیای بردەوە و یانەكەشی گەیاندە كۆتایی یۆرۆپالیگ، بەڵام دوو مانگی سەرەتای راهێنەرایەتی لەگەڵ ریال مەدرید بە دۆخێكی ناجێگیر تێپەڕ دەبێت و لە كۆی 29 یاری، 20 بردنەوە، 5 شكست و 4 یەكسانبوونی هەیە و لە لالیگاش بە جیاوازی 4 خاڵ لە بارسێلۆنای پێشەنگ دوورە.