رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆمان و واقیعگەرایی

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

ئەگەر ڕۆمان هونەرێک بێت مەحکوم بێت بەوەی واقیع بنووسێتەوە، ئەوا ئەو واقیعە هەمیشە گریمانەییە و واقیعێکی بەرجەستە و دووبارە نییە، چونکە ڕۆمان هونەری ئاراستەکردنی کۆمەڵگە و بڵندتر بیرکردنەوەیە لە کۆمەڵگە، نەک هونەری کۆپیکردنی حیکایەتەکانی نێو واقیعی کۆمەڵگە.

نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەر لەپەراوێزی کۆڕێکی ئەدەبیدا گوێبیستی گفتوگۆی نێوان دوو ڕۆماننووسی کورد بووم، کە باسیان لە دووری ئەدەبیاتەکەی خۆیان و ڕۆمانی کوردی دەکرد لە واقیعەوە و بەجۆرێک لە سەرکۆنەکردنی خۆیان بەردەوام بوون و باسیان لەو دوورییەی خۆیان دەکرد لە واقیع و هەر لەوێدا گوێبیستی ئەوە بووم، کە بەڵێنی ئەوەیاندا چیتر بگەڕێنەوە بۆ واقیع و بەتایبەتیش بۆ واقیعی کۆمەڵایەتی و ئەو چیرۆکانەی لەنێو کۆمەڵگەدا زیندوون و لەنێو ڕۆمانەکانی داهاتوویاندا ئەوانە بنووسنەوە و بیکەنە دیکۆمێنت.
ئێستا کە نزیکەی دە ساڵ تێپەڕیوە بەسەر ئەو گفتوگۆیەدا و هەنووکە شەش ڕۆمانی ئەو دوو نووسەرەم لەبەردەستدایە و خوێندوومنەتەوە و پێشتریش نزیکەی حەوت ڕۆمانی دیکەیان هەبووە و خوێندوومنەتەوە و کاتێک دەست بە بەراوردکردنی ئەو دوو جۆرە ئیشکردنەیان دەکەم بەرەو وێرانەیی هەنگاویان ناوە و کەوتوونەتە کۆپیکردنی واقیع وەکو خۆی. لە ئەزموونەکانی پێشووتری ئەو دوو ڕۆماننووسەدا واقیع لەڕێی خەیاڵ و فەنتازیاوە بەرجەستە دەبوو، ئێستا واقیع وەکو خۆی، لەم ئەزموونە نوێیانەیاندا بەرجەستەیە و بە هەموو پنتەکانییەوە کۆپی دەکرێت و کۆمەڵگە وەکو خۆی پیشان دەدرێت. (بێگومان ناوهێنانی ئەم دوو ڕۆماننووسە بە پێویست نازانم و من دەمەوێت لەڕێی ئەم دوو نموونەیەوە باس لە دیاردەیەکی گشتی بکەم، چونکە ئەم بابەتە دیاردەیەکی گشتییە).
کاتێک لە وتارێکدا لە مانگی ڕابردوو باسم لە نزیکبوونەوە لە پێناسەی ڕۆمانی کوردی کرد دەمویست لەوێوە دەروازەیەک بکەمەوە بۆ ئەوەی ڕۆماننووس پرسیاری “بۆچی دەنووسێت؟” لە خۆی بکات بەجۆرێک هەر نووسەرێک ئەم پرسیارە لە خۆی نەکات مەحاڵە بتوانێت هەنگاوێکی داهێنەرانە لەم جیهانە بەرینەی ڕۆماندا بنێت. ئەم پرسیارە بۆ ئەوەیە بزانین ئێمە لەنێو دونیای نووسیندا چیمان دەوێت و بەدوای چ شتێکەوەین؟ چونکە نووسین هونەرێک نییە بۆ سەرگەرمیی، یان هەڵواسینی باجی نووسەربوون بە سنگەوە. نووسەربوون بۆ بەشداریکردن نییە لە فیستیڤاڵ و بەدەستهێنانی پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئیداریی، یان چنینەوەی خەڵات نییە، بەڵام گەڕانی بێوچانە بەدوای پرسیار و گومان و هەوڵدانە بۆ ئەوەی بە وەڵامی ئەو پرسیار و گومانانە بگەین. نووسەربوون جۆرێک لە کەڵکەڵە کە مرۆڤ ناتوانێت خۆی لێ دەرباز بکات، یان خۆلێدەربازکردنی گەلێک سەختە.
ڕۆماننووسین هونەری کۆپیکردنی واقیع نییە، وەکو ئەوەی نووسەرانی کورد تێیگەیشتوون، هاوکات هونەری ڕەتکردنەوەی ڕەهای واقیعیش نییە، بەڵکو هونەری کارکردنە لەنێو واقیعدا بۆ دامەزراندنی واقیعێکی نوێ. بە کورتی ڕۆماننووس خیانەت لە واقیع دەکات بۆ دامەزراندنی واقیعێکی نوێ، کە سەروتر بێت لەوەی بەرجەستەیە. ڕۆماننووس سەروتر لەوەی بەرجەستەیە بیر دەکاتەوە و دوورتر لەوەی هەیە، دەبینێت. ئەگەر ڕۆماننووسێک ئەم چاوەی نەبێت و بڵندنشین نەبێت، ناتوانێت واقیعی کۆمەڵگەکەی تێپەڕێنێت و واقیع وەکو خۆی کۆپی دەکات، کە ڕۆمانی ڕاستەقینە بە کۆپیکردنی واقیع دروست نابێت.
لێرەدا بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستمان ئاماژە بە چەند نموونەیەک دەدەین، تا ئاسۆی ئەم کورتە نووسینە ڕوونتر بکەینەوە.
ڕۆمانی 1984 یەکێکە لە ترسناکترین ئەو ڕۆمانانەی کە دەیەوێت سیستمی تۆتالیتاریی پیشان بدات. لەم ڕۆمانەدا جۆرج ئۆروێل بەرزتر لە هەموو پێشبینییەک باس لە تۆتالیتارییەت دەکات و ئەو نایەت واقیع وەکو خۆی پیشان بدات، بەڵکو تێکستێکی ئایندەگەرا دەنووسێت و پێشبینی فۆڕمە ترسناکەکانی دیکەی تۆتالیتارییەت دەکات و لەڕێگەی پیشاندانی ئەوەوە مرۆڤەکان لە مەترسییەکانی فۆڕمە نوێکانی تۆتالیتارییەت ئاگادار دەکاتەوە. ئەم ڕۆمان نموونەیەکی دیاری ئەو ڕۆمانانەیە، کە نووسەرەکەی سەروتر لە واقیع بیری کردووەتەوە و تەنها واقیعی کۆپی نەکردووە. خۆ ئەگەر ئەم نووسەرە واقیعی کۆپی بکردایە، ڕەنگ بوو تێکستەکە بە ئێمە نەگەیشتایە و تەنها لە سنوورێکی دیاریکراودا بخوێنرایەتەوە.
فرانز کافکا لە ڕۆمانی “مەسخ”دا لەڕێگەی فەنتازیاوە، واقیعێک پیشان دەدات، کە مرۆڤ چۆن لەنێو سیستمی سەرمایەداریدا بوونی خۆی دەدۆڕێنێت و چەشنی مێروویەکی زەبەلاحی لێ دێت و لە مرۆڤ دەکەوێت. کافکا واقیعی کۆپی نەکرد، بەڵکو لەڕێی فەنتازیاوە واقیعێکی پیشان دا، کە مەترسی لە مرۆڤخستنی مرۆڤ بوو لەنێو ئەو سیستمەدا. بێگومان نموونەکان زۆرن، بەڵام ئەم دوو نموونەیە لەنێو ئەدەبی جیهانیدا گەلێک دیار و بەربڵاون.
لەنێو ئەدەبی کوردیدا نموونەیەکی گرنگ و هەرە دیار ڕۆمانی “بەندەر فەیلی”ی بەختیار عەلییە. لەم ڕۆمانەدا دەستەی بەڕێوەبەری ئەو زیندانەی بەعس کە “بەندەر”ی تێدا زیندانییە هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ ئەوەی “بەندەر” بکەنە جەلاد و هەر لە تەمەنی مێردمنداڵییەوە هەوڵی ڕاهێنانی دەدەن، بەڵام ئەو لەگەڵ بینینی یەکەم دیمەنی لە سێدارەداندا دەبورێتەوە. ئەگەرچی لە دواتردا بەردەوام ڕاهێنانی پێ دەکەن، بەڵام ئەو ئەگەرچی لە جارەکانی دواتردا لەگەڵ بینینی دیمەنی لە سێدارەداندا نابورێتەوە، بەڵام خەیاڵی خۆی دەباتە جێگەی دوور و تەنها بە جەستە لەنێو قاوشی لە سێدارەداندایە. “بەندەر” چەشنی فیگۆرێک کە لەسەروی واقیعەوەیە جۆرێک لە “وردەبەرگریی” پیشان دەدات، کە دەبێتە دەرچەیەکی ڕزگاریی بۆی تا نەبێتە جەللاد. بە جەللادنەبوونی بەندەر لە ڕۆمانەکەدا جەوهەری کۆی حیکایەتەکەیە و خۆ ئەگەر بەختیار عەلی واقیعی کۆپی بکردایە دەبوو “بەندەر” ببوایەتە جەللاد، بەڵام گرنگی ئەم ڕۆمانە لەوێدایە، کە دەیەوێت هەنگاوێک لەسەرووتر لە کۆمەڵگە و ڕوانینی ڕۆژهەڵاتیانەوە بیر بکاتەوە و ئەوەی لەنێو واقیعدایە دووبارەی نەکاتەوە و بەندەر نەبێتەوە بە جەللاد، بەڵکو مرۆڤێکی سەربەخۆی لێ دروست بکات، ئەگەرچی مرۆڤێکی لاواز و تێکشکاویش بێت، بەڵام مرۆڤێکی ئازادە.
بۆ ئەوەی ڕۆمان بنووسین پێویستمان بە ڕاکردن نییە لە واقیع، وەک چۆن پێویستمان بە باوەشکردنیش نییە بە واقیعدا. بەڵکو پێویستمان بە ئاگاداربوونە لە واقیع. بەجۆرێک بتوانرێت چەشنی ئۆروێل و کافکا و بەختیار عەلی واقیعێکی سەرووتر لە واقیعی باوی لێ دروست بکرێت و کۆمەڵگە بەرەو جێگەیەکی بڵندتر لە شوێنی ئاسایی خۆی ئاراستە بکات. بەبێ ئەمە ڕۆمان دەبێتە ژانرێک کە توانای هیچ گۆڕان و وزەیەکی نوێگەرانەی تێدا نەبێت. لەکاتێکدا ڕۆمان هونەری نوێکردنەوەی کۆمەڵگە و دەستکاریکردنی ئەو خەوشانەیە کە بەردەوام تاکەکان، یان سیستمە سیاسی و ئایینی و کولتوورییەکان لەنێو کۆمەڵگەدا بەرهەمی دەهێنن.