خدر ئیبراهیم خدر قەڵادزێ
(سارا فەقێ خدر) لەمێژە دەنووسێ، لەمێژیشە دەیناسم. هەڵبەت باکگراوەندی ناسینی من بۆ وی، بۆ هاوشاریبوون و هاوپیشەبوون و، کاری هەرەوەزی ڕێکخراوەیی و، فەزای وشە و نووسین دەگەڕێتەوە. هەرچەندە ئەو، وەک قەڵەمبەدەستێک خاوەن روئیا و جیهانبینی تایبەتی خۆیەتی و لە فۆرمێکی دیاریکراوی پەیوەست بە فکر و جیهانبینی خۆیەوە ئەزموونی نووسین ڕایی دەکات و وشە دەخاتە سەر کاغەز، بەڵام دەکرێت بڵێم کە ئاشنایەتی درێژخایەنی من بۆ وی چ وەک کەس و چ وەک نووسین، وایکردووە سەر لە ڕازی پشت زۆرینەی وشە و دێڕە نووسراوەکانی وی دەربکەم و بەوەبزانم لە پێدەشتی شیعرەکانیدا، کە لەچەند کتێبێکدا کۆیکردونەتەوە و لە چەند موودەتێکی لێکجیاوازدا بەچاپی گەیاندوون، مەبەستی بووە چ پەیامێک وەک کۆبەندی ویست و خواستەکانی، ئاراستەی خوێنەران بکات.
هەڵبەت، ئەو لەخۆڕادیتنەم لە توانستی درککردن بە زۆر لە وتراوەکانی خاتوو (سارا) و خوێندنەوەی ئەلف و بێی شیعرەکانی بە تامی تێگەیشتن و حاڵیبوون، بەر لەوەی هەڵێنجراوی وشە بەکاربراوەکانی ئەو بێت، پەیبردنە بە نییەتی ئەو وەک وشەدۆستێکی شارەکەم. ئەگەر شیعرەکانی خاتوو (سارا) لەنێوان نووسینەوەی خود و نووسینەوەی ئەوانی دیدا پۆلێن بکەین. دەتوانم بڵێم کە زۆرینەی شیعرەکانی بریتین لە وێناکردنی ڕەنج و خەم و ئومێدەکانی ئەوانی دی کە بەرلەوەی چاوی ئاسایی بیانبینێت، بەچاوی دەروون بینیونی و خەمی لێخواردوون. پاشانیس لەناو وشە و ڕستەی شیعرەکانیدا تەوزیفی کردوون و مەبەستی بووە بە دەنگلێهێنانیان، کار بۆ پێچەوانەکەی بکات کە لە شادی و گەشبینی و بەدیهێنانی ئومێدەکاندا، بەرجەستە دەبێت.
ئەگەرچی من لە ڕووی چییەتی فکر و جیهانیبینیەوە لە چەند ڕووێکەوە لەگەڵ ئاراستەی فکری و جیهانبینی ئەودا هاوتا نایەمەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا، بە دیوە مرۆڤی و نیشتمانی و شیعرییەکەیدا تاڕادەیەکی زۆر هاوتەریبی هەڵوێست و نووسینەکانی ئەوم.
*
شتێکی بەدیهییە کە هیچ مرۆڤێکی ژیر و فامیدە ناتوانێت لە ئەزموونکردنی ڕەنج و دژوارییەکان بەدەربێت. بەهەمان شێوە، هیچ مرۆڤێکیش ناتوانێت لە دەرەوەی ڕەنج و دژوارییەکاندا فێر ببێت. هەروەک (جوبران خەلیل جوبران) سەبارەت بە ئەزموونی ژیانی خۆی وتویەتی: ” ئازارم چەشت، بەهۆی ئازارەوە فێربووم، لە فێربوونیشەوە توانیم بگۆڕێم “. هەروەها فارسەکانیش وتویانە: ” کێو لە بەرد و مرۆڤیش لە ڕەنج و ئازار درووست دەبێت “. بەوپێیە خاتوو (سارا) ش لەو هاوکێشەیە بەدەر نییە و نەیتوانیوە لەدەرەوەی دژوارییەکانیدا ژیان ئەزموون بکات. بەتایبەت لە شار و وڵاتێکدا کە نەک هەر ئەو، بەڵکو هەموومان وەک قەڵادزێییەک بەردەوام لەژێر جەبری جەنگ و ماڵوێرانی و تراژیدیادا، ساتەکانی ژیانمان بەڕێکردووە. بۆیە جگە لە تەوزیفکردنی خەم و ئازاری هاوزمان و هاوشاری و هاونیشتمانییەکانی بۆ ناو شیعرەکانی، ئەزموونی ژیانی خۆیشی کاریگەری لەسەر شیعرەکانی داناوە، کە بێگومان دیارترینیان لەدەستدانی دایکە میهرەبانەکەیەتی کە تا کۆچکردنی، گشت کونجەکانی ماڵەکەیانی لە هەستی دڵنەوایی و ئارامیدا پڕکردبوو!
خاتوو (سارا) لە شیعرێکیدا، کۆچی وی، بە کۆچی جووانییەکان وێناکردووە کە بەردەوام ڕوودەدات و، تەواو نابێت…
*
کتێبی شیعری (با تامی بێدەنگی بکەین)، درێژکراوەی ئەزموونی شیعری خاتوو (سارا) یە و بەشێکی زۆر لە ئەزموونە شیعرییەکانی ئەو ساڵانەی دووایی خۆی تیادا کۆکردۆتەوە. کاتێک لە ناونیشان و وشە و دێڕەکانی ئەو شیعرانە رادەمێنیت و بە وردی دەیانخوێنیتەوە، هەست دەکەیت تاڕادەیەکی زۆر بە هەمان نەفەسی ڕابردوو نووسراون. هەڵبەت مەبەستم لە نەفەسی رابردوو، ئەوەیە کە بەهەمان نییەتی مرۆڤدۆستی و نیشتماندۆستییەوە نووسراون و هەمان موعاناتی خودی و لەهەمانکاتدا ئەوانی دییان گرتۆتە کە وەک مڵۆزمێکی بەدفەڕ لێیان جیانابێتەوە.
لەوکاتەی پەنجە لەسەر خەم و نائارامی دادەنێت، لەهەمانکاتێشدا لەڕێگەی گەمەی وشەسازییەوە وێنای مەحەببەت و جوانییەکان دەکات. ئەو مەحەببەت و جوانییەی موودەتێکی زۆرە هەمووان لێی بێبەشن.
ئەو، باس لە مرۆڤگەلێک دەکات کە لە بێئاگاییدا خۆیان لەیادکردووە و سێ جار ئازار دەچێژن. جارێک بەدەست خۆیانەوە و جارێک بەدەست یەکترەوە و جارێکیش بەدەست هاوزمانە دەسەڵاتدارەکانییەوە کە بە بێ مروەتییەوە ئازاریان دەدەن.
خاتوو (سارا) لەناو دیوانە شیعرییە نوێیەکەیدا سەبارەت بە زۆر شت دەدوێت، سەبارەت بە زۆر شت هەڵوێستە دەکات، سەبارەت بە زۆر شتیش جوانی وێنا دەکات. ئەو لەبارەی (ڕووحێک لە مەنفا) و (دڵشکان) و (ڕووحی چەند جار کوژراوی شەهید) و (زەمبیلەی بەتاڵ) و (نەورەسێکی نووستوو) و (داخستان) و (دیل) و (سروە) و (کەرنەڤاڵ) و (باران) و چەندین ژانری تری ژیانەوە دەدوێت کە مرۆڤ لە میانی ڕەوڕەوەی تەمەنیدا مامەلەیان لەگەڵدا دەکات و پێیان ئاشنا دەبێت. بەشێک لە مرۆڤەکان لەتەکیاندا ئولفەت دەگرن و بەشێکی تریشیان یاخی دەبن و لەئاستیاندا چەمکی پێکدژی پیادە دەکەن.
*
خاتوو (سارا) لە ڕوانگەی نیشتماندۆستی و هەستی نەتەوەپەروەرییەوە، لە شیعرێکی کورتدا کە لە سێبەری ئیحای شیعرییانەی (هێمن موکریانی) دا نووسیویەتی و لەژێر ناونیشانی (شیلادزێ) دا، کە لەلاپەڕە (١٠٣) ی دیوانە شیعرییەکەیدا بلاوکراوەتەوە، ئاوا هەلوێستی خۆی بەیان دەکات:
” کە تانک و تۆپم لەژێر پێی
ئیرادەی بەرزتدا بینی
گوتم یاخوا لە ئاسمانت
نەبینم مووشەکێکی تر!”
سەبارەت بە شارەکەی خۆشی کە تیایدا چاوی کردۆتەوە و پەروەردە کراوە، لە ئاست کارەسات و دژوارییەکانیدا چاوی نەنوقاندووە و هەوڵیداوە بە وشە کار لەسەر ئەو ڕووداو و تراژیدیایانە بکات کە ڕووحی شار و خەڵکەکەیان زامدارکردووە. لەو میانەدا کەسێتی (ئەحمەدی سابیر) ی تەوزیفی شیعرێکی خۆی کردووە کە لەپەنا خەمی خۆی لە ئاست تراژیدیای بۆردومانی شارەکە لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕێکەوتی ٢٤/٤/١٩٧٤ـدا نووسیویەتی و سەدان قوربانی لە نێوان کوژراو و برینداردا لێ کەوتۆتەوە. بۆیە لە شیعرێکیدا بە ناونیشانی (دارەبەن)، کە لە لاپەڕە (٨٩) ی دیوانە شیعرەکەیدا بڵاو کراوەتەوە، بەو شێوەیە هەڵوێستی خۆی لە ڕێی وشەوە نیشان دەدات:
” کە لە بازاڕ گەڕایەوە
ژن و منداڵ
لەبن دار و پەردووی خانووی ڕووخاو
هەناسە بەجێی هێشتبوون
دەست و لاق و سەری پەڕیو، کۆ کرانەوە
دوو. دوو و سێ. سێ
خرانە نێو یەک گۆڕەوە
(ئەحمەد) ئەوکات
ڕەگی لە زەوی داکوتا
ناویان لێ نا دارەبەنە ڕەشپۆشەکە!”
بەهان شێوە لە شیعری (تەم) دا، سەبارەت بە شار و ڕۆڵەکانی دەدوێت و ئەو تەمەی لە ئاسمانی شاردا دەیبینێت، دەیچوێبنێت بە هەڵمی خوێنی قوربانیان و شەهیدانی شار بە تێكرای مرۆڤەکانییەوە، بە تێكڕای هەناسە ماندوو و ئارامەکانییەوە کە لە باکگراوەندی هەستی نیشتماندۆستی و خواستی خۆبووردوویی و ئیرادەی پڕ چەلەنگییەوە سەر و گیانی خۆیان بە پانتایی نیشتمان بەخشیوە. لەهەمانکاتدا لەسەربەرزی و پایەداریدا، سەری گەنج و لاوانی شار بە (قەندیل) وێنا دەکات. ئەوەتا لە لاپەڕە (٣٣) ی دیوانە شیعرییەکەیدا وتویەتی:
” هەڵمی خوێنی شەهیدانە
تەمی ئاسمانی شارەکەم
ڕۆژ نابوێرێ
هەموو رۆژێ، رووحێکی نوێ
دەبەخشێتە خاکی لەتلەتی کوردستان
بۆیە هەردەم وەک (قەندیل)ـە
سەری گەنجانی شارەکەم!”
خاتوو (سارا) وەک وەفادارێک، مەحەبەتی مرۆڤانەی خۆی بۆ شاعیری کۆچکردوو (کەژاڵ ئیبراهیم) لەیاد نەکردووە کە وەک هاوڕێ و هاوشاری و هاودەنگێک ساڵانێکی زۆر پێکەوە ئاشنایەتییان هەبووە. لە ئاست کۆچە ناوادەکەی ویدا، لە لاپەڕە (٩٣)ی دیوانە شیعرەکەیدا، لە ژێر ناوی (چاوی کەژاڵ)ـدا زەنگینانەی وشەکانی بەو شێوەیە هۆنیوەتەوە:
” خۆر چل جاران
ئاوا بوو و، وەدەرکەوتەوە
دیدارێکت
سەرەتاتکێیەکی نەکرد
کۆپلەیەکت
فرمێسکێکی نەنووسییەوە
خەندەیەکت نەناردەوە
بۆ دەڤەری قاتوقڕی خۆشەویستی
بفڕە بۆ خۆت لەو ئاسمانە
بنوو بۆ خۆت
لەو پێدەشت و سەوزەڵانە
با چیدی چاوت تەڕ نەبێ
بۆو نیگا نابینایانە! ”
سەبارەت بە وەسفی دایکیش دڵی بەوە دانەسکاوە تەنها بەو شیعرە ئۆقرە بگرێت، کە سالانێک لەمەوبەر لە پەنای کۆچی دووایی دایکیدا لەژێر ناوی (کۆچی جوانییەکان) دا نووسیبوویی و بڵاویکردبۆوە. بەڵکو جارێکی تر لەڕێگەی بەکاربردنی وشەکانییەوە، پێناسەیەک بۆ چییەتی دایک دادەڕێژێت و لێیەوە ڕووانینی دەخاتە دەخاتەڕوو. لەو کورتە شیعرەدا کە لەژێر ناوی (دایک) دا نووسیوویەتی لە لە لاپەڕە (١١٣) ی دیوانە شیعرییەکەیدا بڵاوکراوەتەوە، وتویەتی:
” لە هەڵاتن و ئاوابوونی خۆر دەچێ
هەموو ڕەنگەکانی تێدایە
دایک! ”
خاتوو (سارا) لە چوارچێوەی وشەکانی شیعری (ژیان خۆی بێدەنگە) کە لەلاپەڕەکانی (١٢٢ – ١٢٣) ی دیوانە شیعرییەیدا بڵاوکراوەتەوە، بە وردی لەچاوی ژیانەوە پێناسەی ئەو دۆخە دەروونی و سایکۆلۆژییەی خۆی دەکات لە ساتەوەختی نووسینی شیعرەکەیدا پیایدا تێپەڕیوە و تیایدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لە دۆخێکی سەرسامهێندا ماوەتەوە و دەستەوەستانە لەوەی بڕیار بدات چ ڕەهەندێکی ئارامبوونەوە هەڵببژێڕێت. هەڵبەت ئەمەش بەرهەمی پێگەیینی ئەقل و زەینە کە قەڵەمبەدەستێکی جدی پێیدەگات لە هەلومەرجێکدا کە زۆرینەی عەوام لەناو سیستەمی دووپات بووەوەی ژیانی نۆرمالی خۆیدا کەمتر درکی پێدەکات. خاتوو (سارا) لە کۆتایی ئەو شیعرەدا وتویەتی:
” ئەمڕۆ
دڵم بۆ تێڕامانیش لێ نادا
ژیان خۆی بێدەنگە
دێم و دەچم
دەچم و دێم
نە حەزم لە خەوە، نە خوێندنەوە
غەمگینێکی سەیرم ئەمڕۆ
پشدەری وتەنی : بێحەجمێنم! ”
خاتوو (سارا) بەشێکی دیوانە شیعرییەکەی بە شێوەیەکی جیا لە فۆرمی پاشبەنددا جیاکردۆتەوە و تەرخانی کردووە بۆ ئەو شیعرانەی لەڕووی کات و زەمەنەوە بۆ ڕابردوویەکی دوورتر لە تەمەنی فیزیکی ئەو دەگەڕێنەوە. ئەو چەپکە شیعرانەش کە لەو پاشبەندەدا بڵاوکراونەوە، لەژێر ناونیشانی (ڕابردوویەکی چاپنەکراو، بەهار لەنێو دڵی پاییزدا) ڕیزبەندی کردوون و لەنێو لاپەڕەکانی (١٣٥ – ١٨١) ی دیوانە شیعرییەکە کۆکراونەتەوە. بەشێک لە ناونیشانەکانی ئەم پاشبەندە بریتین لە (ماڵئاوایی، هەتوان، بینین، نەغمەیەک کە نەمبیست، ڕەونەق…) کۆی ئەو شیعرانەش لە ڕێگەی چەند سەرەداوێکەوە بەیەکەوە بەستراونەتەوە و، هەموویان تەعبیرن لە جۆرێک لە هەستی مەحەببەتخوازی کە بەدەگمەن مرۆڤێک هەیە لە ڕەوڕەوەی تەمەنیدابە شێوازی خۆی ئەزموونی نەکردبێت. یاخود بێ ویستی خۆی، هەژموونی بەسەر هەست و دەروونییەوە دانەنابێت.
من پێموایە ئەو کۆمەڵە شیعرەی کە لە پاشبەندی دیوانە شیعرییەکەدا بە جیا بڵاوکراونەتەوە، دەکرێت وەک یەک تەنی شیعری لێیانبڕوانرێت و، لەچوارچێوەی یەک شیعردا کۆبکرێنەوە. چونکە دیوی ناوەوەیان هێندە لێکنزیکە، وا گومان دەبەیت بە یەکجار نووسرابن، نەک ڕۆژ و هەفتە و مانگ و ساڵیان نێوان بێت. ئەم قسەیە، بەرهەمی ڕاڤەی خۆمە لە پاش خوێندنەوەی کۆی شیعرەکان، نەک ئەوەی لە کڵاوڕۆژنەی کێماسییەوە بینووسم. مادام مرۆڤ وەک کائینێکی زیندوو، بەردەوام لە ژێر کارتێکردن و گۆڕانکاریدایە و نابێت سەرجەم خەسڵەتە بینراو و نەبینراوەکانی ئەمڕۆی لە دوێنێی بچێت، کەواتە ئاساییە لە دوێنێدا بە جۆرێک خەیاڵکاریمان کردبێت و بە جۆرێک وشەکانمان دەربڕیببێت و، بە جۆرێکیش قەڵەممان خستبێتە سەر کاغەز کە لەڕووی تێفکرین و جیهانبینیمانەوە لە ئەمڕۆمان جیاوازتر بێت.
*
دەستخۆشی لە خوشکی بەڕێز (سارا خان) دەکەم بۆ ئەو کۆمەڵە شیعرەی و ئومێد دەکەم خەیاڵ و جیهانبینییە شیعرییەکەی بەردەوامی بەخۆیەوە ببینێت و، ناوەناوە وتراوەکانی بخاتە بەرچاوی خوێنەرانی شارەکەی و شار و ئاوەدانییەکانی تری نیشتمان.
* با تامی بێدەنگی بکەین، سارا فەقێ خدر، شیعر، ٢٠٢٢

