رۆژنامەی ھەولێر

دەربــــــارەی پێگەی وەرگـــــێڕ

ئارام كۆشكی – سلێمانی

د.عەبدوللەتیف هسوف دەڵێت؛ وەرگێڕان پرۆسەیەکە پشت دەبەستێ بە تێگەیشتنی دەقی بنەڕەتی و شارەزابوون لە پرنسیپەکان و ڕێساکانی زمانی ئامانجدا (ئەو زمانەی بۆی وەردەگێڕدرێت) توانای گوزارشتکردنی سەرڕاستانە و ڕەواخوازانەی هەمان مانا، چونکە هەر کاتێک وەرگێڕ لە دەقی وەرگێڕدراو تێگەیشت، دەتوانێت بە زمانی دایک داهێنان لەو دەقەدا بکات کە وەری دەگێڕێت. لێرەدا وەک دەبینین وەرگێڕان بە دووبارە داهێنانەوەوە پەیوەست دەکرێت و پێگەی وەرگێڕ دەبرێتە ئاستی نووسەر و وەکو داهێنەرەوەی دەق لە زمانێکی نوێدا سەیری دەکرێت. بەڵام ئایا وەرگێڕ ئەم پێگەیەی هەیە؟ یان خاوەنی چ پێگەیەکی دیکەیە؟

بێگومان پرسیار سەبارەت بە پێگەی وەرگێڕ و شوێنی وەرگێڕ لەنێو نووسیندا پرسێکی گرنگ و هەمیشە جێگەی مشتومڕە. زۆرجار باس لە پێگەیەکی گرنگ و بایەخداری جێگەی وەرگێڕ دەکرێت و تا ئاستی نووسەر و هەندێکجار سەروتریش باس دەکرێت، بەڵام بەگشتی باس لە لاوازی پێگەی وەرگێڕ دەکرێت و کارەکەی وەکو تەنها گوێزەرەوەی ئایدیاکان و چیرۆکەکان باس دەکرێت، هەر لێرەشەوە بەشێک لە وەرگێڕەکان ئەرکەکەی خۆیان بەلاوە کەمە و بۆیە دوای دەیان کتێبی وەرگێڕان هەوڵی نووسین دەدەن و پێیانوایە ئەو کتێبانەی وەریانگێڕاوە هیچ خزمەتێکی ئایدیاکانی ئەوانی نەکردووە؟ بەڵام ئەم بۆچوونانە بەتەواوی هەڵەن و پێویستیان بە پێداچوونەوە و وردبوونەوە هەیە لێیان.
لێرەدا دەشێ وردتر بپرسین پێگەی وەرگێڕ لە کوێدایە، ئایا پێگەی وەرگێڕ لەم سەردەم و سەردەمانی پێشوو هەمان پێگەیە، یان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و ئیدی لەم سەردەمی وەرگێڕانی دیجیتاڵییەدا، وەرگێڕ ئەو پێگەیەی جارانی نییە؟ یان ئێستا بەدیلی بۆ پەیدا بووە و پێگەی وەرگێڕەکان بەو بەها گرنگەی جارانی نەماوە؟
خاڵێکی گرنگی هەموو سەردەم و قۆناغێک ئەوەیە، کە هەر سەردەم و قۆناغێک تایبەتمەندی و هەڵگری کۆمەڵێک بەها و دیاردەی نوێیە، ئەم بەها و دیاردانە کاریگەرییان لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیان هەیە. وەرگێڕانیش وەکو تاکە کەناڵی پەیوەندی نێوان کولتوورەکان و خاڵی بەیەکگەیشتنی زمانە جیاوازەکان لەم کاریگەرییانە بەدەر نییە. بەڵام ئەو پێگەیەی وەرگێڕێک لە سەدەکانی ناوەڕاستدا خاوەنی بووە، ئایا هەمان پێگەیە نییە، کە ئێستا وەرگێڕێک خاوەنییەتی، بێگومان ئەمەش گۆڕانکاریی بەسەر هاتووە و پەیوەندی بە کرانەوە و تێکەڵبوونی زیاتری کولتوورەکان و ئەو جیهانگیرییەوە هەیە، کە دونیا بووە بە گوندێکی گەورە و دەتوانین ئاگاداری هەموولایەکی جیهان بین؟ بەڵام ئەم ئاگاداربوونەن تەنها وێنە بۆمان ناگوازێتەوە، بەڵکو وەرگێڕەکان پەیامی پشت ئەو وێنانەش دەگەیەنن.
وەرگێڕان بەتەنها پڕۆژەی گواستنەوەی ئایدیا نییە. وەرگێڕان بەتەنها دۆزینەوەی هاومانا نییە بۆ وشە جیاوازەکان، بەڵکو وەرگێڕان لەدایکبوونەوەی دەقە لە زمانێکی نوێدا، یان وەکو د. عەبدوللەتیف هسۆف پێداگریی لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە وەرگێڕان نابێت وشە بە وشە بێت. هەموو دەقێک یەکەمجار لەنێو زمانێکدا لەدایک دەبێت، دواجار لەڕێی وەرگێڕانەوە لە زمانی نوێدا لەدایک دەبێتەوە و بۆن و ڕەنگ و کولتووریی ئەو زمانە دەگرێت. بێگومان ناڵێم هەموو تایبەتمەندییەکانی خۆی لەدەست دەدات، بەڵکو دەڵێم بۆن و ڕەنگی ئەو زمانە نوێیەش دەگرێت، هەڵبەت بەشێک لە تایبەتمەندی لەدەست دەدات (ئەگەر ڕووکەشیش بێت)، بەڵام جەوهەری ئەو دەقە لەنێو زمانێکی نوێدا لەدایک دەبێتەوە و ئەوەشی بەم کارە هەڵدەستێت وەرگێڕە. بۆیە پێگەی وەرگێڕ کەمتر نییە لە نووسەر، بەو پێیەی داهێنەرەوەی دەقە لە زمانە نوێیەکەدا.
وەرگێڕەکان لەنێوخۆیاندا پێگەی جۆراوجۆریان هەیە و بەو پێیەی ئاستی مەعریفی جیاجیا و توانای وەرگێڕانیان جیاوازە. بۆ نموونە خوێندنەوەی داغستانی من-ی ڕەسووڵ هەمزاتۆف بە وەرگێڕانی مامۆستا عەزیز گەردی، جیاوازترە لەو وەرگێڕانەی دواتر کراوە، بەو پێیەی وەرگێڕی یەکەم پێگەیەکی مەعنەوی زیاتری هەیە، بۆیە ئەو تێکستە بە وەرگێڕانی عەزیز گەردی لای خوێنەر بایەخی زیاترە، کەواتە ئەو ڕوانینە هەڵەیە کە پێگەی وەرگێڕ بە کەمتر دەبینێت لە پێگەی نووسەر.