رۆژنامەی ھەولێر

یانەی هەولێر تانە لە بڕیاری سزادانی دەدات

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

لیژنەی رێککاری لە فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، رایگەیاندووە هاندەرانی یانەی هەولێر لە یارییەکەی بەرامبەر شوڕتە کۆمەڵێک سەرپێچییان کردووە لە نێوانیاندا بەرزکردنەوەی وێنەی سیاسییەکان لە یاریگەدا، بۆیە یانەكەیان سزا داوە.
بەپێی بڕیارەكە، یانەی هەولێر بە بڕی 25 ملیۆن دینار سزا دەدرێ، هەروەها بۆ یارییەكیش لە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری، لە ئامادەبوونی هاندەرانی بێبەش دەكرێ.
سەفین یاسین، سەرۆكی یانەی هەولێر و كاندیدی سەركەوتوو بۆ پەرلەمانی عێراق، كە خۆشی پارێزەری ڕاوێژمارە، ڕایگەیاند: بەو هۆیەوە سزا دراوین، گوایە دروشمی سیاسی لە یاریگە بەرز كراوەتەوە، شتی وا نەبووە و ئەوە لە دەرەوەی یاریگە بووە، شتی سیاسی لەنێو یاریگە نەكراوە.
سەفین یاسین ڕایگەیاند: ئێمە تانە لە بڕیارەكە دەدەین، هەرچەندە پارەكە كە 25 ملیۆن دینارە دەیدەین، بەڵام قبووڵمان نییە یارییەك بەبێ هاندەر بەڕێوە بچێ و تانە لەو بڕیارە دەدەین و پەنابەخوا لە بەرژەوەندیی ئێمە یەكلا دەكرێتەوە.
یانەی هەولێر ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق، دوای ئەوەی بە ماوەیەكی كەم پێش خولەكە گۆڕانكاریی كارگێڕیی ڕووی دا و چەند یاریزانێكی ئاستباڵای بردە ریزەكانی و راهێنەر باسم قاسمی وەكوو بەڕێوەبەری هونەریی یانەكە دەستنیشان كرد، ئاستێكی باشی پێشكەش كردووە و لە پێشەنگی خولەكەدا دێت.
یانەی هەولێر، لە گەڕی حەوتەمی خولی تۆپی پێی ئەستێرەكانی عێراق، لەنێو یاریگە بەناووبانگەكەی خۆی (شەهید فرەنسۆ هەریری) ڕووبەڕووی یانەی غەڕڕاف بووەوە، كە تا پێش ئەو یارییە، هیچ یارییەكی نەدۆڕاندبوو، بەڵام یاریگەكەی كردە شوێنی شكستی یەكەمی یانەی غەڕڕاف و خۆشی پێشەنگیی خولەكەی تۆكمەتر كرد.
ئێستە یانەی هەولێر لە 7 یاری بە كۆكردنەوەی 19 خاڵ پێشەنگی خولی ئەستێرەكانی عێراقی گرتووە و یانەی قوە جەوییەی بەغدا بە هەمان ژمارەی یاری، 15 خاڵی كۆ كردووەتەوە و لە خانەی دووەم دێت، یانەی زەوڕاش لە خانەی سێیەمە و یانەی دیالەش خانەی چوارەمی گرتووە. هەروەها یاریزان و گۆڵكەری یانەكە شێرزۆد تێمێرۆڤ لە 7 گەڕدا خاوەنی 7 گۆڵە.