رۆژنامەی ھەولێر

سلۆت وەڵامی محەمەد سەڵاحی دایەوە و دەڵێ قسەكانی شۆكی كردم كۆندێ: ئەم هەواڵە ڕاست نییە

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

سلۆت وەڵامی محەمەد سەڵاحی دایەوە و دەڵێ قسەكانی شۆكی كردم
راهێنەری یانەی لیڤەرپوول، ئارنی سلۆتی هۆڵەندی، دوای لێدوانەكەی محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی بەیەدەگكراوی یانەكە، هاتە خەت و وەڵامی دایەوە،
هەر لە بەرئەنجام و كاردانەوەی لێدوانەكەی محەمەد سەڵاح، دژی راهێنەر و كارگێڕیی لیڤەرپوول، بەهۆی دوورخستنەوەی لە پێكهاتەی سەرەكی، سەڵاح لەلایەن راهێنەرەوە لە پێكهاتەی یارییەكەی ئینتەر میلانیش دوور خرابووەوە، كە دوێنێ لە گەڕی شەشەمی چامپیۆنس لیگ لە یاریگەی سان سیرۆ ڕووبەڕووی بووەوە.
سلۆت لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: بە سەڵاحمان وت كە لەگەڵمان نەیات و گەشت نەكا، ئەمە تاكە پەیوەندیی نێوانمان بوو.
لەبارەی گوتەكانی محەمەد سەڵاح لەسەر تێكچوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ راهێنەر، سلۆت وتی: بە هیچ جۆرێك هەستم بەوە نەكردووە، ڕێزێكی زۆری بۆ هاوڕێكانی لە یانەكە و ئەندامانی دەستەی هونەریی پیشان دا.
سلۆت دووپاتی كردەوە: بە لێدوانەكانی شۆك بووم، چونكە ئەوە پێچەوانەی ئەوە بوو كە هەستم پێ كرد، بەڵام مافی خۆیەتی هەست بەوە بكا كە تێیدایە و هەستی پێ دەكا، من بە هیچ جۆرێك هەستم بەوە نەكردووە تا ئەو كاتەی ئەو لێدوانەی داوە.
دەشڵێ: یاریزانان ئەو راهێنەرەیان خۆش ناوێ كە بەشدارییان پێ ناكەن، بەڵام ئەو ڕێزێزی زۆری بۆ دەستەی هونەری و هاوڕێكانی هەبوو، بە ڕژدیش مەشق و ڕاهێنانی دەكرد، بۆیە بە گوێگرتن لە هەندێ شتی قسەكانی، تووشی شۆك بووم.
لەبارەی ئەو بەشەی لێدوانەكەی سەڵاح كە وتبووی هەندێك كەس لە یانەكە ئەویان ناوێ، مەبەستی كێیە؟ سلۆت وتی: تاكە كەسێك بتوانێ وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، هەر محەمەد سەڵاح خۆیەتی، دەتوانم پێشبینی بكەم، بەڵام پێم وا نییە ئەمە مامەڵەیەكی دروست بێ لەم كاتانەدا.
دەشڵێ: بە ڕاشكاوی بیڵێم، سەختە ئەو كەسە دیاری بكەی كە سەڵاح مەبەستیەتی یان پێی وایە ئەوی لە یانەكە ناوێ.
لەبارەی ئەو قسانەی سەڵاح كە وتی یانەكە دەستبەرداری بووە و فڕێی داوەتە ژێر پاسی یانەكەوە، دەڵێ: دەبێ تێ بگەین مەبەستی چییە لەمە، من هەمیشە ئارام و بەئەدەبم، بەڵام ئەمە واتەی ئەوە نیەی لاوازم، كاتێك یاریزانێك شتێكی وا دەڵێ، دەبێ وەكوو لیڤەرپوول كاردانەوەمان هەبێ.
دەشڵێ: ئەو هەموو مافێكی ئەوەی هەیە كە ئەوە دەرببڕێ كە هەستی پێ دەكا، بەڵام ئەگەر ئەو مافەی هەبێ هەستەكانی لە مێدیاكان دەرببڕێ، لەسەر ئێمەشە وەڵامی بدەینەوە.
سلۆت لە كۆتاییدا وتی: قسەمان لەگەڵی كردووە، بەڵام ئەمە واتەی ئەوە نییە كە ئێمە هەمیشە لەگەڵی كۆك و ڕێك و هاوڕاین، پێش یارییەكەی لیدزمان دوو جار قسەم لەگەڵی كرد، پێشتریش چەندان جار وتم دوای ئەو یارییە بە درێژی قسەم لەگەڵی نەكردووە.
لەبارەی دوورخستنەوەی سەڵاح لە لیستی یارییەكەیان بەرانبەر ئینتەر، دەڵێ: ئەمە جاری یەكەم نییە كە ئەو یاریزانە ئامادە نابێ، پەرچەكردارم بۆ لێدوانەكانی ڕوونە، بۆیە بۆ یارییەكەمان بەرانبەر ئینتەر ئامادە نەبوو.
لەبارەی ئەگەری بەشداریكردنی بۆ یارییەكەیان بەرانبەر یانەی برایتۆن و گەڕانەوەی، دەڵێ: بڕوای تەواوم بەوە هەیە هەر یاریزانێك بگەڕێتەوە، پەرچەكرداریشی بۆ ئەوەی پێم وت لەگەڵمان نایەی، كورت بوو. سلۆت باسی ئەوە دەكا، ئەم وەرزە بەهۆی پلانی یانەكانی بەرانبەریان ماندوو بوونە، دەڵێ: تەنیا لەبارەی تۆپی درێژەوە قسە ناكەم، كە زۆرجار تیپەكانی دژمان دەیگرنە بەر و ڕووبەڕووی مەترسیی توند بووینەوە، دژی نۆتینگهام و ئایندهۆڤن، بەڵام بۆ یارییەكەی وێس هاتم بڕیارم دا یاریزانێكی ناوەڕاست زیاد بكەین و بردمانەوە.
لەبارەی ئەوەی یارییەكەی سەندەرلاند بۆ سەڵاح دوایاری بوو؟ وتی: نازانم، ناتوانم ئێستە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە.
پێشتر محەمەد سەڵاح، دوای ئەوەی بووە یاریزانی یەدەگ بۆ یاریی سێیەمی لەسەریەك، هێرشێكی گەورەی كردە سەر كارگێڕی و دەستەی هونەریی یانەی لیڤەرپوول و تووڕەیی خۆی لەو بڕیارە دەربڕی، بە تایبەت دوای ئەوەی لە یارییەكەی شەممەی ڕابردوویان بەرانبەر لیدز یونایتد لە خولی ئینگلیزیش لەسەر كورسیی یەدەگ بوو، كە یارییەكە 3-3 كۆتایی هات.
محەمەد سەڵاح وتی: وا دیارە یانەكە دەستبەردارم بووە، ئەمە ئەوەیە كە هەستی پێ دەكەم، پێم وایە ئەمە زۆر ڕوونە و یەكێكیان دەیەوێ هەموو بەرپرسیاریەتییەكە و سەرزەنشتەكە بۆ من بێ.
وتیشی: چەند جارێك وتوومە، پەیوەندیی باشم لەگەڵ راهێنەر ئەرنی سلۆت هەیە، لەناكاو پەیوەندییەكە تێك چوو، نازانم هۆكارەكەی چییە، بەڵام لە ڕوانگەی خۆمەوە ئەوەیە كەسانێك لە یانەكەدا منیان ناوێ.

كۆندێ: ئەم هەواڵە ڕاست نییە
یاریزانی فەرەنسی جۆلێس كۆندێ، لەبارەی ئەوەی لەگەڵ راهێنەری یانەكە ڕێك كەوتووە شوێنی یاریكردنی بگۆڕێ، هاتە دەنگ.
ئەستێرەی فەرەنسیی یانەی بەرشلۆنە جۆلێس كۆندێ، لەسەر ئەو هەواڵانەی بڵاو كرانەوە لەسەر گۆڕانكاریكردن لە شوێنی یاریكردنی، كە چەند ڕاپۆرتێك ئاماژەیان بەوە كرد بە ڕێككەوتن لەگەڵ هانز فلیك لە دڵی بەرگری یاری دەكا، وتی: راست نییە.
ئەو دەنگۆیە، دوای مۆلەتی ڕۆناڵدۆ ئەراوخۆ بۆ ماوەیەكی نادیار هات، بەڵام كۆندێ ئەو هەواڵەی ڕەت كردەوە.
كاتێك لە هەژماری ئێزگەی كادینا كۆبی لە ئینستاگرام ئەو هەواڵە بڵاو كرایەوە، كۆندێ بە كۆمێنتێك وەڵامی دایەوە و نووسی: ڕاست نییە.
ناوەندی دڵی بەرگریی لە بەرشلۆنە، شوێنی ڕاستەقینەی كۆندێیە، بەڵام دابڕانی و كێشەكانی وایان كردبوو ئەو یاریزانە بكرێتە بەرگریكاری ڕاست و تەنانەت دیدیە دیشامپیش لە فەرەنسا لە هەمان ناوەندی یاریی پێ دەكات.
ئێستە یاریزانانی بەرشلۆنە بە گشتی بە دۆخێكی باشدا لە خولی ئیسپانیادا تێدەپەڕن، بە تایبەتی دوای ئەوەی یانەكەیان بە 4 خاڵ لە ڕكەبەریی خولەكە كەوتە پێش ریاڵ مەدرید، ئێستە بەرشلۆنە بە 40 خاڵ پێشەنگە و ریاڵ مەدرید بە 36 خاڵ لە خانەی دووەمدا دێت.