پارێزگاری دهۆک لە پەیامێکدا وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ قوربانیان و زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی قەزای چەمچەماڵ، ئامادەیی پارێزگاکەی بۆ پێشکەشکردنی هەر جۆرە هاوکارییەک ڕاگەیاند.
ڕۆژی چوارشەممە، 10ـی کانوونی یەکەم، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: “هاوخەمیی خۆمان و خەڵکی پارێزگای دهۆک بۆ خوشک و برایانمان لە چەمچەماڵ و هەر ناوچەیەکی دیکەی زیانلێکەوتوو، هەروەها بۆ بنەماڵەی قوربانیان و زیانلێکەوتووانی لافاوەکە ڕادەگەیەنین.”
پارێزگاری دهۆک لە پەیامەکەیدا جەختی کردووەتەوە وەک ئیدارەی پارێزگای دهۆک و خەڵکەکەی، “ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکین” بۆ ئەو ناوچانەی بەهۆی شەپۆلی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە.
ئەم پەیامەی پارێزگاری دهۆک دوای ئەوە دێت کە شەپۆلێکی بەهێزی لافاو چەند ناوچەیەکی قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری گرتەوە و زیانی گیانی و ماددی لێ کەوتەوە.

