رۆژنامەی ھەولێر

چۆنیەتیی لێکجیاکردنەوەی هەوکردنی ریخۆڵەکوێرەی توند و ئازاری ناوەڕاست

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

هەوکردنی ڕیخۆڵەکوێرە کاتێک ڕوو دەدات کە ڕیخۆڵەکوێرە گیر بێت و هەوکردن ڕوو دەدات. ڕیخۆڵەکوێرە یەکێکە لە نەخۆشیە هەرە بڵاوەکانی لەشی مرۆڤ کە ئەویش بریتییە لە توورەکەیەکی کورت و باریک کە لە کۆتایی و لای ڕاستی کۆلۆن (ڕیخۆڵەگەورە)دا هەیە، لە پیاوان بە ڕێژەی ٨.٦٪ و ژنان بە ڕێژەی ٦.٧٪ لە ژیاندا دووچاری ئەم نەخۆشە دەبن.

د. نەبیل عیسام نەعیم ڕاوێژكار لە نەشتەرگەریی گشتی و نەشتەرگەری بە نازووری پێشكەوتوو، لە بارەی چۆنیەتی جیاوازی نێوان هەوکردنی ریخۆڵەکوێرەی توند و ئازاری ناوەڕاست ڕوون دەكاتەوە.
سەرەتا د. نەبیل عیسام نەعیم لە بارەی سه‌ندره‌می میتلشمێرز دەڵێت: وشەیەکی ئەڵمانییە و بە واتای “ئازاری ناوەڕاست” دێت، تەنها لە خانماندا ڕوودەدات و نیشانەکانی لەوانەیە لە هەوکردنی ریخۆڵەکوێرەی توند بچن.
هۆکار ئەم سه‌ندره‌مه‌ بەهۆی تەقینی لەناکاوی فۆلیکۆلی (کیسی) هێلکەدان (ovarian follicle) ڕوو دەدات، کە دەبێتە هۆی ئازارێکی حەوزی (pelvic pain) کە لە ئازاری ریخۆڵەکوێرە دەچێت، بەتایبەتی ئەگەر تەقینەکە لە لای ڕاستدا ڕووی دابێت.
د. نەبیل عیسام نەعیم دەشڵێت: بۆ جیاکردنەوەی نێوان هەردوو حاڵەتەکە، ئەم خاڵانەی خوارەوە جێگەی سەرنجن:
یەكەم: سه‌ندره‌می میتلشمێرز:
لە ناوەڕاستی سووڕی مانگانەدا (mid-menstrual cycle) ڕوو دەدات، ئەمەش بەهۆی پەیوەندییەکەیەوە بە پرۆسەی هێلکەدانانەوە(ovulation).
هەروەها ئازارەکە لەناکاوە و لە یەک خاڵدا لە بەشی خوارەوەی سکدا دەست پێ دەکات. لەوانەیە چەند کاتژمێرێک بۆ دوو ڕۆژ بخایەنێت، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات کەم دەبێتەوە. لەوانەیە هەندێک نیشانەی هاوڕێی ئافرەتان وەک دەردانی زێ یان لەکەخوێن هەبێت.
د. نەبیل عیسام نەعیم لە بارەی هەوکردنی ریخۆڵەکوێرەی توندیش چەند زانیارییەك دەخاتە ڕوو دەڵێت:
هەوکردنی ریخۆڵەکوێرەی کاتی دیاریکراوی نییە و ئازارەکە بە شێوەیەکی سووک و ناڕوون لە بەشی سەرەوەی سک یان دەوری ناوکەوە دەست پێ دەکات و، پاشان ئازارەکە چڕ دەبێتەوە و دەگوازێتەوە بۆ ناوچەی خوارەوەی لای ڕاستی سک و بە تێپەڕینی کات بەردەوام زیاد دەکات جگە لەوەش باری نەخۆشەکە خراپتر دەبێت و لە ئەگەری ڕوودانی ئاڵۆزییەکاندا نیشانەكان تێک دەچن.