رۆژنامەی ھەولێر

“محەمەد شێروانی” لە ئەزموونێکی نوێدا، کار بۆ بەرهەم هێنانی فیلمێکی دیکە دەکات

شیڤان شێرزاد – هەولێر

ئەکتەری بواری نواندن و دەرهێنەری بە توانا “محەمەد شێروانی” لە ئەزموونێکی نوێدا، کار بۆ بەرهەم هێنانی فیلمێکی دیکە دەکات، کە ناوەڕۆکەکەی باس نەریتێکی ئایینی دەکات لە هەندێک وڵاتدا پەیڕەو دەکرێت.

فیلمەکە لەژێر ناونیشانی “نیقاب -پەچە”یە و یەکێک دەبێت لە شاکارە جوانەکانی “محەمەد شێروانی” دەرهێنەر دوای فیلمەکانی “دوعا و بەڕازیلیە شینەکە و چاوەڕێ دەبم”، کە دوورترین سنووری دنیایان بڕی بۆ بەشداری کردن لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەیتیەکان، بەتایبەت فیلمی دوعا، کە خاوەنی چەندین خەڵاتی جیاوازە لە جیهان.
ئێستا فیلمی “نیقاب” لە قۆناغی کۆتایی مۆنتاژکردندایە و هەریەک لە هونەرمەندان “هیوا ئەرگوشی و ڕێگا بەرزنجی و هیوا ئەمین نەژاد و محەمەد شێروانی” تێیدا بەشدارن و چیرۆکی ئەو فیلمەش باس لە قوربانی نەریتێکی ئایینیدا دەکات، کە بەسەر ئافرەتانی هەندێک لە وڵاتانی جیهان سەپێندراوە و ئازادی ڕەها لە ژنان قەدەغە کردووە و جوانییەکان لەژێر پارچە قوماشێکی ڕەشدا حەشاردراوە.