فازڵ میرانی
ململانێ، چ وەک بوون و مانەوە، ڕێڕەویش، چ بە ڕاستاڵی و لاری، یان بە یەکلاکردنەوەی کاتی و هەمیشەیی، دوو پرسی پێکەوە گرێدراون.
هیچ ململانێیەک بێ ڕێڕەو نییە، هیچ قازانجێکیش لە ڕێڕەوێکدا نییە کە درێژە بە ململانێ بدات بێ ئەوەی بۆ خاوەن هەق یەکلایی ببێتەوە. ڕێڕەوی ناکۆکی تا ململانێ بمێنێت هەر دەمێنێتەوە، لەوانەیە تووشی پێچوپەنا ببێت یان ڕێڕەوەکە بوەستێت، ڕەنگە بەرەو ئاراستەی بەتاڵ لابدات و سەرکەوتن بۆ ماوەیەکیش بۆ ئەو لایەنە جێگیر بێت، بەڵام کۆتایی نایەت، مادام لایەنی خاوەن هەق بۆ داواکردنی مافەکەی ئامادەیە.
ڕەگوڕیشەی ئەو ململانێیەی ئێمە تیایدا بووین قووڵە، لک و پۆی زۆر و چڕە، هۆکارەکانیشی هێشتا ماون و بەردەوامن. هەر لەم دواییانەدا بوو کەوتینە بەر گورزی بۆردومان و بەدوایدا هەوڵەکانی ورووژاندنی ئەوەی، کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
دەبێت جیاوازی بکرێت لەنێوان نەیارێکی نەزان، کە لەسەر بنەمای قسەی ناحەزان و بەدنیازان ململانێمان دەکات، لەگەڵ نەیارێک بە ئاگاییەوە دەست بۆ خۆشکردنی ئاگری دوژمنایەتیمان دەبات؛ ئێمە لە هەردوو جۆرەکە دەگەین و دەزانین چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین.
هەروەها ململانێ ڕەنگە گرووپێک دروست بکات ، کە بە رواڵەت شتێکت نیشان دەدەن بۆ خەڵەتاندن، بەڵام دواتر دەردەکەوێت هیچ جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ ئەوەی ململانێت لەگەڵ دەکات.
لەم نێوەندەدا کۆمەڵێک “کەمینی کۆمەڵایەتی” هەن کە تیایدا بەراوردکردن لەنێوان ئەوەی بە ئاشکرا دژایەتی دەکات و ئەوەی دەیشارێتەوە، بژاردەیەکی سەرکەوتوو نابێت.
پرسەکە بە تەواوی پرسی مافەکانە؛ بەشێک لەوان مافگەلێک بۆ خۆیان بە ڕەوا دەبینن کە بۆ ئێمەی نابینن، هەروەها خۆیان دەدزنەوە لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی پێیان وایە لەسەر ئێمە پێویستە.
تاقمێکی خۆسەپێن جاران وەسفی ئێمەیان بە “یاخی و تێکدەر” دەکرد، دەیانویست لە پڕۆژە سیاسی و جێبەجێکردنەکەیاندا کە ئەنجامەکەی بۆ عێراق (گەلان و سەروەت و سامانەکەی) کارەساتبار بوو، ئێمە تەنها پاشکۆیان بین، کە هێشتاش لێکەوتەکانی ئەو کارەساتانە کۆڵەکەکانی کۆمەڵگە و دەوڵەت دەهەژێنن.
ئێمە بێهودە ململانێ ناکەین، وەڵامی بانگەشەکارانی بەردەوامیی ململانێ و جێبەجێکارانیشیان نادەینەوە لەبەر خۆشەویستیمان بۆ ململانێ، ئێمە لەگەڵ گفتوگۆین، لەگەڵ تێگەیاندن و تێگەیشتنین، لەگەڵ هەڵگرتنی هەنگاوی ژیرانەین بێ ئەوەی کاریگەر بین بە زیانمەندبوونی بەرژەوەندیی لایەنێک لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەکانی ئێمە کە لە چوارچێوەی عێراقدایە.
ڕەنگە ڕوونیی ئامانجەکانمان هۆکار بێت بۆ لاوازیی دیدگای ئەوانی دیکە، هەنگاوەکانمان لە بەدەستهێنان و ئەنجامدان سەرەڕای ئەو بەربەستانەی بۆمان دروست دەکرێن، ڕەنگە مایەی شەرمەزاری بن بۆ ئەوانەی قسەیان لە کرداریان زیاترە.
بیرمان کردووەتەوە و هێشتا بیر دەکەینەوە لە قەبارەیەکی زیاتری دەستکەوتەکان ئەگەر بێت و تیمی نەیار ئەو دەرفەتەی بۆ چڕکردنەوەی وزەکان لە کارکردن بۆ بەرژەوەندیی گەلانی عێراق پاشەکەوت بکردایە بۆ خۆی و بۆ خەڵکی، لەجیاتی ئەوەی ڕایانکێشێتە ناو هاوکێشەگەلێکەوە کە مەحکومن بە وێرانبوونی دەرەنجامەکانیان، تەنانەت پێش ئەوەی دەست پێ بکەن.
ئێمە پەڕەی ڕژێمی پێشوومان داخست، بۆیە لاساییکردنەوەی لەلایەن ئەوانی دیکەوە تەنها بوونی شکست لە ئایندەیەکی نزیک یان دووردا ناسەلمێنێت، بەڵکو دەیسەلمێنێت کە بیرکردنەوەیان دەستەوەستانە لە پێشکەشکردنی پڕۆژەیەکی کارکردن کە ناشیرین نەبێت.
بیست ساڵ و زیاترە، سەدان هەزار کەس بوونە قوربانیی ململانێیەکی بێهودە، دۆخی نائاسایی باڵی کێشا کە پەردەپۆشیی کرد لەسەر زۆرێک لە پرۆسەکانی بەهەدەردان و داخورانی جەستەی دەوڵەت، شەپۆلەکانی ڕق و کینەی ئاڕاستەکراو و پشتیوانیکراو سەریان هەڵدا، سەروەریی وڵات کەم بووەوە تا گەیشتە ئاستێک کە لێدوان و ئاماژەدان بە دەستێوەردانی دەرەکی بووە شتێکی ئاسایی و بە ڕەهەندێکی خۆسەپێنەرانەوە کە هەموو بەربەستەکانی پاراستنی سەروەری دەبەزێنێت.
زۆرێک لە لایەنە دەرەکییەکان ململانێکەیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان یەکلا کردەوە و ئەوانەیان بێلایەن کرد و بردنیانە لای خۆیان کە دەیانتوانی ڕێگری بکەن لەوەی ڕێڕەوەکە بەلای بەرژەوەندیی “نا عێراقی”دا لار بێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەوە ڕوویدا، و بەداخیشەوە ئەوانەی پاشکۆی ئەوانن بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
بەسوودە ئەگەر باسی بۆردومانی کێڵگەی “کۆرمۆر” وەک نموونەیەکی نزیک لەسەر ململانێ و لەسەر گۆڕینی ئامراز و ناوەکان لەگەڵ مانەوەی هەمان ئامانج بکەین.
ئەم کێڵگەیەی پێداویستییە سەرەکییەکانی خزمەتکردنی وڵات پڕ دەکاتەوە، لەلایەن ئەوانەوە دیایکرا، کە خۆیان ئاشکرا نەکرد وەک ئەنجامدەری بۆردومانەکە و بەیاننامەی فەرمیشیان دەرنەکرد، ئەوێیان دەستنیشان بۆ ئەوەی ببێتە ئامانجێک بۆ دروستکردنی زیانێک کە ململانێکە زیاد بکات و درێژەی پێ بدات و ڕێڕەوەکە بەلای ئەواندا لار بکاتەوە لەسەر حیسابی عێراق وەک دەوڵەت، دەسەڵات، کۆمەڵگە، ناوبانگ، سەروەری و سەربەخۆیی وزە.
هێشتا خۆمان بە دەستوور بەهێز دەکەین وەک کارێک ئێمە و هاوبەشەکانمان ئەنجاممان داوە، تاوەکو لە ململانێکەدا پەنا بۆ هیچ شتێکی تر نەبەین و بۆ سەلماندنی ئەوەی، کە ڕێڕەوەکە ئەگەر بەلای ئێمەدا هات، ئەوا بە حەق و بۆ حەق هاتووە.
هێشتاش بە گەلەکەمان و لەسەر گەلەکەمان پشت ئەستوورین لە ئارامگرتن و هێزدا، تاوەکو ڕێڕەوەکە دژی مافەکانی ئەوان لار نەبێتەوە.
هێشتاش وزە و بیری گەورە پاشەکەوت دەکەین بۆ گفتوگۆ و، هەروەها بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوەی ململانێ دروست دەکات و دەیەوێت ڕێڕەوەکەی بۆ بەرژەوەندییە ناشەرعییەکانی خۆی بەلاڕێدا بەرێت.
لە کۆتاییدا، ململانێ پێویستی بە هێز و ژیرییە، ئەوانەی بە هێزەوە ململانێ دەکەن بەبێ ژیری، هیچی تر نین جگە لە سووتەمەنی ئەگەر بڕۆن، یان خاوەن پارەگەلێک کە قەیرانەکان بۆیان کەڵەکە کردوون.
بەڵام ئەو کەمینە هۆشیارەی لە مانای دامەزراندنی دەوڵەتێکی ڕێزلێگیراوی خۆژێن و سەردەمیانە تێدەگەن، ئەوانەن کار دەکەن بۆ ئاڕاستەکردنی ململانێکە بەرەو ئەو دەستکەوتە و ئاڕاستەکردنی ڕێڕەوەکەی بۆ هەمان ئامانج.

