ئاری ئاغۆک
خۆشەویستیمان بۆ خاک، خۆشەویستیمان بۆ نیشتیمان، خۆشەویستیمان بۆ دایک، لەو چەمک و تێگەیشتنەوە سەرچاوە دەگرێ، کە هەر تاکێکی کۆمەڵگە، وەک میوانی سەرگۆی زەوی تا چەند خەمخۆر و بەرپرسیار و ژینگە پارێزە بەرانبەر بە ژیان و خاکەی؟ لە کاتێکدا هەمیشە دەڵێین (خاک واتە دایک، دایکیش واتە خاک) کە هەردووکیان لەیەک دیدگاوە پێناس دەکرێن، ئەویش خودای گەورە (خاک)ـی بۆ دابین کردووین، (دایک)یشی وەک پاکترین و میهرەبانترین مرۆڤ.
بۆیە لێرەدا دەگەینە ئەو تێگەیشتنەی کە بپرسین ئایا تاچەند ڕێز لەو بەها گرنگانە دەگرین؟
کاتێ باس لە ڕۆژی جیهانی خاک دەکەین، کە لە ڕێکەوتی ٥ـی کانوونی دووەمی هەموو ساڵێک یادی ئەم ڕۆژە دەکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەی ئێمە هەمیشە ئەم تایتڵ و بۆچوونە دووپات دەکەینەوە کە خۆشەویستی و پارێزگاریمان لە خاک لە هەموو ڕوانگەیەکەوە بە تایبەتی (نەتەوەیی _ ژینگەیی) تەنیا بۆ ڕۆژێک نیە، بەڵکو وەک وەبیرهێنانەوە و دووپاتکردنەوەی هەموو کات و ساتەکانە ئەویش لە چەند بوارێکدا خۆی دەدۆزێتەوە، وەک:
*بەرپرسیاریەتیی مرۆڤ لە پاراستنی خاک
یەکێکە لە خاڵە سەرەکیەکان، هەر مرۆڤێک بەپێی ژینگەی بیرکردنەوە و ئاست و تەمەن، بەرپرسیاریەتیی بۆ خاک هەبێت، بەتایبەتی لە ڕوانگەی ژینگەییەوە، چونکە پاراستنی دەبێتە هۆکارێک بۆ بەردەوامی و گواستنەوەی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر، بۆیە گەر ئەو بەرپرسیاریەتیە بەهەند وەربگیرێ ئەوا هەموومان لێ سود بەخش دەبین بۆ ئێستا و ئاییندە.
*پاراستنی خاک پاراستنی ژیانە
لە پاراستنی خاکدا هەموومان بەرگریکارین، لە داکۆکیکردن لە خاک هەموومان بەرپرسیارین، گەر خاک بپارێزین خۆمان و ویژدانمان دەپارێزین، کە خاکمان پاراست واتە ژیانمان پاراست و زاڵ دەبین بەسەر هەموو دەنگ و ڕەنگ و ژاوەژاوە ناڕیتمەکان.
*ژینگە و خاک و ژیان
ئەم سێ چەمکە پەیوەستن بەیەک، لە ژینگەی باش و جواندا خاکمان بەرهەمی جوان و نایابی دەبێ، لە ژیانی تەندروست باشدا خاکمان دەحەسێتەوە، هەموو بەرهەمە خۆراکیەکان لە خاکەوە پەیدا دەبن بۆیە ئەگەر ژینگەیەکی لەبارو جوان بڕەخسێ، ئەوا تەندروست و دەروونباش دەبین.
*خاکی تەندروست بۆ هەمووان
لەم دیگایەوە ئەو پەیامە دووپاتدەکەینەوە کە خاکی تەندروست بۆ هەمووان، چونکە تێکچوونی خاک واتە تێکچوونی ژینگە و ژیان، ئەو تێکچوونەش بەداخەوە هەر لەلایەن مرۆڤەوە ئەنجام دەدرێت! بۆیە کاتی ئەوە هاتووە زێتر و بەرپرسیارانەتر ڕێز لە خاک بگرین، بە سەوزبوونی خاک، ژیان هەمیشە بە نوێیەتی دەیبینین، زەوی بە پیت و بەرەکەت دەبێت و بارانیش ئاوا لێمان یاخی نابێت، بۆیە تکا دەکەین با خاک پارێزبین، هەم لە ڕوانگەی تەندروستی خاکەوە، هەم لە ڕوانگەی ژینگەییەوە، هەم لەڕوانگەی نەتەوەیی.
*با خاکمان پیس نەکەین
دوا پەیاممان لە ڕۆژی جیهانی خاک دا دەڵێین تکایە با خاک پیس نەکەین، تکایە با خاک وێران نەکەین! لەگەڵ ئەوەی پیسنەکردنی خاک بریتییە لە پاراستن و فڕێنەدانی شتوومەک بۆ سەر زەوی و پیسنەکردنی ڕووبارەکان، بەڵام دەبێت ئەو ڕستەیەش دووپات بکەینەوە تکایە خاک بە دیدگای خراپ، بە بۆچوونی پیسی نانەتەوەیی وێران نەکەین.
*بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر

