حەمەسەعید حەسەن
بەر لە ئەوەی
وەک ئەستێرەی
کشاو لە چاوت بزر بم
مێوی دەست و پەنجەت بێنە
لە داڵیتی ئەستۆمەوەی بئاڵێنە
کانیی ڕەوانی کوێستانی
دەمت بێنە
با وەک ساوایەکی برسی
تێر بیمژم
با بارانی قژی خاوت
میوانی زێدە ئازیزی
بەیاری سنگی تینووم بێ
با پشکۆی گەشاوەی گۆنات
بۆ ڕێگەی دۆزەخ تێشووم بێ
با وەکوو دوو
ڕەشماری دڵدار و دڵبەر
لێک بئاڵێین
با دووبەدوو
بەستەی قەرەجانە بڵێین
دەرگای ناخت ئاواڵە کە
با ڕۆمانی خەمەکانت
بۆ دوایین جار بخوێنمەوە
بریا دوای ئەم کۆچە سەختەم
دەمتوانی ورشە بۆ چاوت
بهێنمەوە
وا من دەڕۆم
بە چیای دژواری مەرگا هەڵدەگەڕێم
ڕێی سامناکی ئەڤین دەگرم
شوێن هەنگاوی خۆر دەکەوم
لەبەر بەهەشتی ئامێزت
لە دۆزەخی نامۆییدا
دەژیم
دەمرم
*
داڵیت: داربەست بۆ مێو
بەیار: زەویی نەکێڵراو

