لە راگەیەنراوەكەی نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت ئاماژە بەوەدراوە “داوا لە دامودەزگاکانی حکوومەت دەکەین دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی پێویست بکەن بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و سزادانیان”.
شەوی رابردوو لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە چەند گۆڕێكی كریستییانەكان لە گوندی هەرمۆتە لە شارۆچكەی كۆیە تێكدرابوو و هەروەها كێلەكانیان شكنێنرابوو.
دەقی راگەیەنراوەكەی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:-
بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو کارە نابەجێ و تێکدەرانە دەکەین کە لە قەزای کۆیە دژی چەند گۆڕێکی خوشک و برا کریستیانەکان کراوە. ئەم کردەوەیە بە هەموو شێوەیەک شەرمەزار دەکەین و داواش لە دامودەزگاکانی حکوومەت دەکەین کە دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی پێویست بکەن بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و سزادانیان.
هەروەها گۆڕستانەکەش لە سەر فەرمانی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نۆژەن دەکرێتەوە.
کریستیانەکان پێکهاتەیەکی ڕەسەنی کوردستانن و هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە، مەڵبەند و نموونەیەکی گەشی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و تەبایی نێوان گشت پێکهاتەکان بووە و ڕێگەش بە هیچ کەسێک نادەین ئەو دۆخە تێک بدات .
نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
2025/12/4

