ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
ستۆدیۆی هونەرمەند قەرەنی جەمیل، بە رووی هونەرمەندان و هونەردۆستاندا كرایەوە، كۆمەڵێك بەرهەمی نەبینراوی هونەرمەند، تێدا نمایشكران
بە چاودێری خانەوادەی هونەرمەند قەرەنی جەمیل رۆژی چوارشەمەی رابردوو لە ڕێوەرەسمێكدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومی ژمارەیەک بەرهەمی نەبینراوی هونەرمەندی كۆچكردوو نمایش كران.
ئەو گەلەرییەی تابلۆكانی تێدا نمایش كران كەوتۆتە گەرەكی عەرەبانی شاری هەولێر، هەر بە ناوی هونەرمەندی كۆچكردووە قەرەنی جەمیلەوە ناو نراوە، پێشتر ئەو هونەرمەندە لەو گەلەرییەدا تابلۆكانی كێشاوە.
مۆنا مەحمود خێزانی قەرەنی جەمیل لە بەردەم میدیاكاندا گوتی: “مەبەستمان لە كردنەوەی ئەو گەلەرییە بریتییە لەوەی تاوەكو خەونەكانی قەرەنی جەمیل هەر بە زیندوومی بمێننەوە، هەرچەندە ئێستا قەرەنی جەمیل لێرە نییە، بەڵام تابلۆكانی قسە لەگەڵ نەوەی تازە دەكەن.”
هونەرمەندی شێوەكاری كورد قەرەنی جەمیل حەسەن لە ساڵی 1954 لە هەولێر لەدایك بووە، قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی لە هەولێر تەواو كردووە.
لە ساڵی 1976 -1977 پەیمانگای هونەرە جوانەكان بەشی شێوەكاری لە بەغدا تەواو كردووە. پاش تەواوكردنی پەیمانگا لە ساڵی 1977 -1978 دەبێتە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی لە گوندی (ڕوستێ)، بەڵام پاش چۆلكردنی ئەم گوندە لەلایەن حكومەتی بەعسەوە، لە ساڵی 1978 -1979 دەگوازرێتەوە قوتابخانەی سەرەتایی گوندی (ناوڕۆیین) لە شارۆچكەی دیانا.
قەرەنی جەمیل لە ساڵی 1979 كوردستان بەجێ دەهێڵێت و دەچێتە ئیتاڵیا، تا ساڵی 1984 لە ئیتاڵیا دەمێنێتەوە و لەوێش هەر درێژە بە كاری هونەری شێوەكاری داوە و بە كارە هونەرییەكانی ژیاوە. لە ساڵی 1984 لە ئیتاڵیاوە بەرەو ئیسپانیا ڕۆیشتووە، تاكوو ساڵی 2003 هەر لەوێ كاری هونەریی كردووە.
ئەم هونەرمەندە گەورەیە، ساڵی 2003 گەڕاوەتەوە كوردستان و بووە بە سەرنووسەری گۆڤاری شێوەكاری، هەروەها لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر لە بەشی شێوەكاری دەبێتە مامۆستا.
قەرەنی جەمیل سەر بە هیچ ڕێبازێكی دیاریكراوی هونەری نییە و بە وتەی خۆی تابلۆكانی زادەی زەین و خەیاڵیەتی، ئەوەی دەگاتە خەیاڵی بە فڵچە و بۆیە دەیانكاتە تابلۆیەكی هونەری، زۆر لە قوتابی و فێرخوازەكانی ئەمڕۆ بوونەتە هونەرمەندی باشی بواری هونەری وێنەكێشان، ئیلهام لە كارەكانی وەردەگرن و دەیانەوێت درێژە بەو جۆرە كارە بدەن.
لە ڕۆژی 03-06-2025 لە تەمەنی 71 ساڵاندا، بە نەخۆشی كۆچی دوایی كرد.

