رۆژنامەی ھەولێر

فڕێدانی زبڵ و خاشاك و پاشماوەی كەرەستەی بیناسازی لە نزیك شەقامە سەرەكییەكان سزای توندی بۆ دانراوە

لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چەندین پڕۆژەی ستراتیژی بەتایبەتی ڕێگە سەرەكییەكان كراون بە دوو ساید، ئەوەش هاووڵاتییانی خۆشحاڵ كردووە و سوپاسی حكوومەتی هەرێم دەكەن بۆ جێبەجێ كردنی ئەو هەموو پڕۆژەیە. سەرۆكایەتی شارەوانی سۆرانیش لە ئاگاداریەكدا هاووڵاتییان ئاگادار دەكاتەوە، هەر كەسێك زبل و خاشاك فڕێ بدات سزا دەدرێت.

سەرۆكایەتی شارەوانی سۆران لە درێژەی كار و چالاكییەكانی بۆ گرنگیدان بەڕێژەی سەوزایی بەتایبەتی دروستكردنی ئەو شەقامە نوێیانەی كە بە دوو ساید كراون، ناوەڕاستی شەقامەكان جۆرە دارێكی لێ دەچێنرێت كە پێی دەڵێن داری ژاڵە، ئەوەش بۆ گرنگیدانە بەڕێژەی سەوزایی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پلان وایە كۆی ئەو دوو سایدانەی چاككراون لەگەڵ بەرزەپردی سۆران، لێوارەكانی بكرێنە سەوزایی، لە هەمانكاتدا لە ئاگاداری نامەیەكدا سەرۆكایەتی شارەوانی سۆران بڵاویكردۆتەوە، سەبارەت بە فڕێدانی پاشماوە و خۆڵ و خاشاك لە تەنیشت لێواری شەقامە گشتییەكان وەكو ڕێگای ڕواندز، سیتكان، كانی، سەر ڕێگای هاودیان پشت ئیدارە و كۆتایی 30م گەرەكی بانە بۆ ئازادی، وەكو دیارە دیاردەی فڕێدانی پاشماوەكان دووبارە سەری هەڵداوەتەوە، بۆیە ئاگاداری هاووڵاتییان و شۆفێرانی بارهەڵگر دەكەینەوە، بە هیچ شێوەیەك بۆیان نییە زبڵ و خاشاك و پاشماوەی كەرەستەی بیناسازی لە نزیك شەقامە سەرەكییەكان و شوێنە گشتییەكان فڕێ بدەن بەپێچەوانەوە سەرپێچیكار پێبژاردنی بۆ دەكرێت و لێپرسینەوەی یاساییش دەگرینەبەر بەرامبەر خاوەن كار و شوفێرەكە، لۆفەكانی كاولۆكان بۆ باپشتیان بۆ فرێدانی زبڵ و خاشاك دیاریكراوە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەكەین وەكو بەرپرسیارەتییەك هەر ئۆتۆمبێلێكیان بینی كە زبڵ لە تەنیشت شەقامەكان فڕێ دەدات تەنیا وێنەی ئۆتۆمبێلەكە بگرن یان ئاگاداری شارەوانی بكەنەوە.
شەوقی عەزیز، جێگری سەرۆكی شارەوانی سۆران، دەڵێت، دوای هاتنە كایەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەسەر بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم كۆمەڵێك كار و پڕۆژەی جیا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كران، ئەو پڕۆژانە گرنگ و ستراتیژینە زۆربەیان كەوتوونەتە بواری جێبەجێ كردنەوە، كۆمەڵێكیان كۆتاییان هاتووە، یەكێك لەو پڕۆژە گرنگ و ستراتیژیانە شەقامی سی مەتری قەزای ناوەندی سۆرانە، دوای كۆتایی هاتنی كارەكانی دیزاین، بۆیاغی سەر شۆستە و شەقامەكان، ئێمەش وەكو سەرۆكایەتی شارەوانی سۆران، هەستاوین بە زیادكردنی ڕێژەی سەوزای بۆ ئەو مەبەستە 1500 داری ژاڵە لە دوورگە ناوەندییەكانی شەقامی سی مەتری دەچێنین.
جێگری سەرۆكی شارەوانی سۆران، دەشڵێ: پێش ئێستا كۆمەڵێك بڕیارمان بۆ فڕێدانی زبڵ لە شوێنە قەدەغەكراوەكان دەركرد، بەتایبەتی لەسەر شەقامە سەرەكییەكان، ماوەیەك باش بوو و هاووڵاتییان پێوە پابەند بوون، بەڵام دوای ئەوەی بینیمان كە وردە وردە دیاردەكە سەر هەڵدەداتەوە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان و شۆفێران دەكەین بۆ هێشتنەوە و جوان ڕاگرتنی شەقامەكان ناچارین پێ بژاردن بۆ ئەو كەسانە بكەین و سزا بدەین، شوێنیشمان دەست نیشان كردووە بۆ فڕێدانی زبڵ و خاشاك لەو شوێنانە دەتوانن فڕێ بدەن، بۆیە هەر كەسێك ببینین زبڵ و پاشماوە فڕێ بدات سزا دەدرێت، هاووڵاتییانیش ئەگەر ئەو دیاردەیان بینی ئاگادارمان بكەنەوە ئێمەش هەڵدەستین بە سزادانی سەرپێچیكارەكە.