ئارام كۆشكی – سلێمانی
تا هەنووکە لە چەند وتارێکی دیکەدا زاراوەی “ڕۆمانی هۆڵیودی”ـم بەکارهێناوە و لە ماوەی ڕابردوودا چەند هاوڕێیەکی نووسەر داوای ئەوەیان لێکردم کە سیماکانی ئەم زاراوەیە زیاتر ڕوون بکەمەوە. لەم وتارە کورتەدا هەوڵ دەدەم چەند خاڵێکی کورت سەبارەت بە ڕۆمانی هۆلیودی بخەمەڕوو.
ڕیشەی زاراوەی “ڕۆمانی هۆڵیودی” بۆ فیلمی “هۆڵیودی” دەگەڕێتەوە و هەر لەوێوە ئەم زاراوەیەم داتاشیوە. فیلمی هۆڵیودی فیلمێکی بەرنامە بۆداڕێژراوە لەسەر داواکاریی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فیلم و بەڕەچاوکردنی کۆمەڵێک مەرج و ڕێسا هەیە، کە پێویستە سینارێست و دەرهێنەر هەموو ئەو مەرج و ڕێسایانە ڕەچاو بکەن ئەوسا ئەو کۆمپانیا بەرهەمهێنەرە دەچێتە ژێر باری بەرهەمهێنانی ئەو فیلمەوە.
بەشێک لە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەش لە ئەمەریکا بەهەمان شێوە کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی فیلم کۆمەڵێک مەرج و ڕێسایان هەیە بۆ چاپکردنی ڕۆمان، یان هەر کتێبێکی دیکە و نووسەران ناچار بەو مەرج و ڕێسایانە دەکەن. بێگومان هەموو دەزگایەکی چاپ کۆمەڵێک پرەنسیپ و بەرنامە و ڕێسای تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام ئەم ڕێسایانە تا ئەو جێگەیە دەخوات، کە ئازادی نووسەر سنووردار نەکات و دەست نەخاتە نێو هەموو پنت و بەشەکانی دەقەوە، یان نووسەر ناچار نەکات لەسەر داخوازی ئەوان بنووسێت، وەکو چۆن کۆمپانیاکانی بەرهەمەهێنانی فیلم لەسەر داخوازی سیناریۆ وەردەگرن و لەلایەن سینارێست و دەرهێنەرانەوە دەنووسرێن، بۆ نموونە لە کاتی جەنگی ئەفغانستان و ڕووسیادا چەندین فیلمیان سەبارەت بەو جەنگە بەرهەم هێنا، لە کاتی جەنگی ڕزگارکردنی عێراق لە 2003 و جەنگی داعشدا بەهەمان شێوە چەندین فیلمی دیکەیان بەرهەم هێنا، کە سیناریستەکان لەسەر داخوازی سیناریۆکانیان دەنووسی و کۆمپانیاکانیش فیلمەکەیان بەرهەم دەهێنا. بێگومان ئەمانە نموونەی دیاری زیندوو و نزیکن، کە لێرەدا خرانەڕوو دەنا چەندین نموونەی دیکەش هەن.
ڕۆمانی هۆڵیودی؛ ئەو جۆرە ڕۆمانەیە لەسەر خواستی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە دەنووسرێت، یان ئیدیت دەکرێت. ئەو مەرج و ڕێسایانەی خانەی چاپەکە دیاری دەکات، کە پێویستە ڕەنگدانەوەی لە تەواوی ڕۆمانەکەدا هەبێت وەکو دیاریکردنی ژمارەی وشە، واتە نابێت ڕۆمانەکە زۆر درێژ بێت و بگاتە 400 بۆ 500 لاپەڕەی کتێب، بەڵکو مەرجە لە خوار 300 لاپەڕەوە بێت و لە سەروی 200 لاپەڕەدا بێت. سەبارەت بە هونەری نووسینی ڕۆمانەکە پێویستە بەشێوەیەک بێت کە دواتر ئەگەری بە فیلمکردنی هەبێت، تا ڕێگەی بەبازاڕکردنی ئاسانتر بێت. مەرجە پاڵەوانی کوڕ و کچی تێدا بێت. واتە لەڕووی جێندەرییەوە پێویستی بە هاوسەنگی هەیە. مەرجە بە چاپتەری کورت نووسرا بن و زمانی نووسینەکەشی ئاسان بێت و دوور بێت لە شیعرییەت و وەسفی قووڵ. بێگومان دەشێ کۆمەڵێک مەرج و ڕێسای دیکەش هەبێت، بەڵام من پێی نەزانم، بەڵام ئەمانە دیارترین ئەو مەرج و ڕێسایانەن، کە لە “ڕۆمانی هۆڵیودی”دا ڕەچاو دەکەون.
خاڵێک کە لێرەدا جێگەی سەرنجە ئەوەیەکە هەندێک نووسەر و بەناوڕەخنەگر دەیانەوێت ئەم مەرج و ڕێسایانە بەسەر تەواوی ڕۆمانی کوردیدا بسەپێنن و وەکو جۆرێک لە ڕێسای ڕۆماننووسین بیخەنەڕوو، کە لە ڕاستیدا ئەوانە مەرجی ڕۆماننووسین نین و هیچ قوتابخانە و فرێگە و وەرشەیەکی تایبەت بەم هونەرە قسەی لەم شێوەیەی تێدا نەکراوە، بەڵکو کۆی ئەمانە مەرجی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەن، کە تەنها بیر لە فرۆشتن و قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایە دەکەنەوە و ئەم هونەرەیان تەنها لەپێناو سوودی ماددی دەوێت، نەک لەپێناو بەها کولتووریی و هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەیدا.
هونەری ڕۆماننووسین هونەرێکی ئەزموونگەرانەی سەربەستە. ڕاستە کۆمەڵێک بنەمای گشتی هەیە و بەدوور نییە لە کۆمەڵێک سنوورداری و ڕێسای تایبەت، بەڵام ئەم بنەما و ڕیسایانە بۆ هەمیشەیی نین و جێگۆڕکێیان پێ دەکرێت و کەم و زیاد دەکرێن. ئەوە حیکایەت و تێمەی دەقێکی دیاریکراوە بڕیار لەسەر چۆنێتی گێڕانەوە و ژمارەی وشە و تەکنیکی نووسینەکەی دەدات، نەک دەزگاکانی چاپ. واتە سەپاندنی شێوازی “ڕۆمانی هۆڵیودی”، نەک بەسەر ڕۆمانی کوردیدا بەسەر ڕۆماندا بەگشتی بە هەر زمانێک بنووسرێت جگە لە تێنەگەیشتن لەم هونەرە هیچی دیکە ناسەلمێنێت.
کاتێک لە ڕوانگەیەکی فراوانترەوە سەیری ئەم هونەرە دەکەین دەبینین؛ ڕۆمان تەنها هونەری ئازادبوونی ڕۆماننووس نییە لە شێوازی گێڕانەوە و دروستکردنی کاراکتەردا، بەڵکو هونەری ئازادی کاراکتەر و دروستکردنی سەرزەمینێکی نوێی گێڕانەوەییە، کە لەسەرووی واقیعەوە بێت، نەک کۆپی واقیع. ڕۆمان دژ بە هەموو سنووردارکردنێکە، کاتێکیش بەشێک لە ڕەخنەگران داوا لە ڕۆماننووسان دەکەن ئاگاداری تیۆری ڕۆمان و قوتابخانەکان بن، بۆ ئەوە نییە تا بەپێی ئەو تیۆرە و قوتابخانانە ڕۆمان بنووسن، بەڵکو بۆ ئاسۆفراوانی و بەردەستبوونی زەمینەی جۆراوجۆرە بۆ گێڕانەوە، کە ڕۆماننووس ئازاد دەکات لەوەی چۆن بگێڕێتەوە و هەمیشە لەبەردەم چەندین هەڵبژاردەی جیاجیادا بێت بۆ گێڕانەوە و ئەزموونکردن لەنێو ئەم هونەرەدا.
ڕۆمانی هۆڵیودی، ڕۆمانێک نییە لەپێناو گەشەی ئەدەبیاتدا، بەڵکو ڕۆمانێکە لەپێناو گەشەی بازاڕی کتێبدا، کە ئەمەش دوو ئامانجی دوور بەیەکیان هەیە. بۆیە گرنگە دژ بە بەهۆڵیودکردنی ڕۆمانی کوردی و ئەو هەوڵانە بین کە دەیانەوێت بەناوی ئیدیتکردن و ڕەخنەکردنی ڕۆمانەوە فۆڕمی ڕۆمانی هۆڵیودی بەسەر ڕۆمانی کوردیدا بسەپێنن.

